ژمارەی پێوانەیی جیهانی گینس

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-09-04-21:56:00 - کۆدی بابەت: 10152
ژمارەی پێوانەیی جیهانی گینس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کتێبی پێوانەیی جیهانی گینس، کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان یان ژمارە پێوانەییەکانی گینس (بە ئینگلیزی: Guinness World Records، بە عەرەبی: موسوعة غينيس للأرقام القياسية) کتێبێکی ساڵانەیە کە هەموو جۆرە تۆمارێک لە بارەی جیهان و دانیشتووان دەگرێتەوە، لە سەرانسەری جیهاندا بڵاودەکرێتەوە و بۆ نزیکەی ٤٠ زمان وەرگێڕدراوە.

زانیاری گشتی

بابەت ژمارەی پێوانەیی جیهانی
بەڕێوبەر کرایک گلێندای
وڵات بەریتانیا
بڵاوکەرەوە جیم پاتیسۆن گرووپ
بڵاوکردنەوە بە ئینگلیزی ٢٧ـی ئابی ١٩٥٥ - ئێستا

دەربارەی کتێبەکە

یەکێکە لەو کتێبانەی مافی چاپکردنییان هەیە و لە مێژووی بڵاوکردنەوەیاندا زۆرترین فرۆشیان هەبووە، ساڵانە تێکڕای ٣,٥ ملیۆن کتێبی لێدەفرۆشرێت، بە نزیکەیی ١٥٠ ملیۆن کتێبیش لەو کاتەوەی لە ساڵی ١٩٥٥ بۆ یەکەم جار بڵاوکرایەوە. کتێبەکە خۆی خاوەنی ژمارەی پێوانەیی جیهانییە وەک پڕفرۆشترین زنجیرە کتێبی خاوەن مافی چاپکردن لە هەموو کاتێکدا.

کتێبەکە بە پێوانەکانی قەبارە، خێرایی و دووری بەناوبانگە وەکوو بەرزترین باڵا، قورسترین پیاز، خێراترین ئاژەڵ و دوورترین تەن کە مرۆڤ دروستی کردووە.

هەروەها بۆ ئەنجامدانی کێبەرکێی نائاسایی کە قورسە ئەنجامدانیان وەکوو کۆکردنەوەی زۆرترین دراو لە ٣٠ چرکەدا، دوورترین تیر کە مرۆڤ بتوانێت بە پێیەکانی بیهاوێژێت و جێکردنەوەی زۆرترین مرۆڤ لە ئۆتۆمبێلێکدا.

چاپی یەکەم لە ساڵی ١٩٥٥ لە پێشەنگی لیستی پڕفرۆشترین کتێبەکانی بەریتانیا بوو، ساڵی دواتر کتێبەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خرایە بازاڕەوە و بە جیهاندا بڵاوبوویەوە.

ئەم کتێبە زیاتر لە تەنها چاپکردنێک درێژبووەتەوە کە زنجیرە تەلەڤیزۆنییەکان و مۆزەخانەکانیش دەگرێتەوە، بەناوبانگبوونی ئەم کتێبە بووەتە هۆی ئەوەی کە ژمارەی پێوانەیی جیهانی گینس ببێتە دەسەڵاتێکی نێودەوڵەتی بۆ پشتڕاستکردنەوەی پێوانە جیهانییەکان.

مێژووی ژمارەی پێوانەیی جیهانی گینس

لە ١٠ـی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٥١ سێر هیو بیڤەر کە ئەوکات بەڕێوەبەری کارگه و شوێنی دروستکردنی بیرە و ئاوی جۆی گینس بوو، چووە ئاهەنگێکی تەقەکردن لە باکووری سلۆب، لە لای ڕووباری سلانی لە کاونتی وێکسفۆرد لە ئێرلەندا، دوای ئەوەی نەیتوانی تەقە لە بارانەزێڕینەیەک (جۆرێک باڵندە) بکات، تووشی مشتومڕ بوو لەسەر ئەوەی کامیان خێراترین باڵندەی یارییە لە ئەورووپا، بارانەزێڕینە یان کوڕ کوڕەی سوور، ئەو ئێوارەیە لە کاسڵبریج هاوس بۆی دەرکەوت کە مەحاڵە لە کتێبەکاندا پشتڕاست بکرێتەوە کە ئایا بارانەزێڕینە خێراترین باڵندەی یاری ئەورووپایە یان نا.

بیڤەر دەیزانی کە دەبێت چەندین پرسیاری تر هەبێت کە لەناو خەڵکدا مشتوڕی لەسەر بکرێت، بەڵام هیچ کتێبێک لە جیهاندا نەبوو کە مشتومڕەکان سەبارەت بە تۆمارەکان یەکلایی بکاتەوە، ئەو کاتە بیری لەوە کردەوە کە ڕەنگە ئەگەر کتێبێک لەو بارەیەوە ئامادە بکات سەرکەوتوو بێت.

بیرۆکەکەی بیڤەر بوو بە ڕاستی، کریستۆڤەر چاتاوای کارمەندی گینس پێشنیاری بۆ هاوڕێکانی زانکۆی کرد کە نۆریس و ڕۆس مەکویرتەر بوون،  لە لەندەن دەزگایەکی دۆزینەوەی ڕاستییەکانیان بەڕێوەدەبرد.

برا دووانەکە لە ئابی ١٩٥٤ ڕاسپێردران بۆ کۆکردنەوەی ئەوەی کە پێی دەڵێن کتێبی گینس بۆ تۆمارەکان، ١٠٠٠ دانە چاپکران و پەخشکران.

پاش دامەزراندنی ئۆفیسی کتێبی گینس لە لەندەن یەکەم چاپی ١٩٨ لاپەڕەیی لە ٢٧ـی ئابی ١٩٥٥ بڵاوکرایەوە، بووە پڕفرۆشترین کتێبی بەریتانیا تا ئاهەنگی کریسمس. ساڵی دواتر لەلایەن بڵاوکەرەوەیەکی نیویۆرک دەیڤد بۆیمەوە بۆ یەکەم جار برایە ئەمریکا ٧٠ هەزار دانەی لێفرۆشرا.

لەو کاتەوە تا ئێستا کتێبی گینس زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن دانە لە ١٠٠ وڵاتی جیاواز و بە نزیکەی ٤٠ زمان فرۆشراوە. لەبەر ئەوەی کتێبەکە بووە جێگەی سەرنج چەندین چاپی تری لێ دەرچوو تا ئێستاش بەردەوامە.

پەرەسەندن

چاپە نوێیکان سەرنجیان لەسەر کارە سەرکەوتووەکانە کە لەلایەن تاکەکانەوە تۆمارکراوە وەکوو بەرزکردنەوەی قورسایی، درێژترین مەودای هێلکە فڕێدان، درێژترین کات بەسەربردن لە یارییە ڤیدیۆییەکاندا یان ژمارەی هۆت دۆگەگان کە دەتوانرێت لە سێ خولەکدا بخورێت.

جگە لە تۆمارکردن سەبارەت بە پێشبڕکێکان ئەم جۆرە ڕاستییانەی وەکوو ژەهراویترین قارچک، درێژترین ئۆپێرا و گرانترین سیاسەتی بیمەی ژیانکردن، هەروەها زۆرێک لە تۆمارەکان پەیوەندی بە گەنجترین کەسەکانەوە هەیە کە شتێکیان بەدەست هێناوە، وەکوو گەنجترین کەس کە سەردانی هەموو گەلانی جیهانی کردووە.


سەرچاوەکان



332 بینین