ناوهڕۆك
سەرەتا
ئاو (بە ئینگلیزی: Water، بە عەرەبی: الماء)، ئاو یەکێکە لە گرنگترین پێکهێنەرەکانی بەڕێوەبردنی ژینگە و بزوێنەری هەموو بوونەوەرە زیندووەکانە، بەبنچینەی سەرەکی هەموو دروستکراوەکان دادەنرێت، واتە ئاو یەکێکە لە پێویستییەکان و تەواوکەری ژیانە کە نەمانی ئاو واتای لەناوچوونی ژیان دەگەیەنێت، ئاویش پێکهاتووە لە دوو توخم کە بریتین لە ئۆکسجین و هایدرۆجین، هەبوونی ئاو بۆ هەموو زیندەوەرەکانی سەر زەوی پێویستە، لە ئەنجامدا بۆ پەرەسەندنی وڵات و بەرهەمهێنانیش یەکێکە لە پێویستییەکان، کە هەبوونی ئاو دەبێتە هۆی گەشەسەندنی بوارەکانی، ئابووری، تەندروستی، کشتوکاڵ، پیشەسازی، کارەبا لەگەڵ دەریاگەری یاخود پێی دەوترێت ڕێنیشاندەری.
گرنگیی ئاو بۆ مرۆڤ
- ئاو ٧٠% جەستەی مرۆڤەکان پێکدەهێنێت و دەبێتە هۆی دروستکردنی هاوسەنگی لە جەستەدا.
 - بزوێنەری بەکارخستنی ئەرک و فرمانی ئەندامەکانە، بۆ نموونە بەشدارە لە دروستبوونی شانە و ماسولکەکان، هاوکارە لە کرداری هەرسکردندا لەگەڵ گواستنەوەی ماددە خۆراکییە گرنگەکانی گەشەکردن و پەرەسەندن.
 - هاوکاری دەکات لە وشکنەبوونەوەی جەستە، مەبەست لە وشکبوونەوەی جەستە ئەوەیە کە لە ئەنجامی ئارەقکردنەوە، میزکردن، هەناسەدان و گەرمی کەشوهەوای هاوینەوە دروست دەبێت، کە ڕێژەی ئاو بەهۆی بەهەڵمبوونەوە لە ئاووهەوای گەرمدا کەمدەبێتەوە، بۆیە ئاو ڕێژەی شێی پێویست بۆ هەموو جەستە دەگەڕێنێتەوە.
 - دەرکردنی هەموو ژەهر و ماددە کەڵەکەبووەکان لەگەڵ پێکهاتە زیادەکانی جەستە، کە لە ڕێگەی ئارەقکردنەوە و میزکردنەوە یاخود هەناسەدان و بەهەڵمبوونەوە ڕوودەدات.
 - ئاو خوێیە کانزاییەکانی تێدایە و لە دوای خواردنەوەی وزە دەدات بە جەستە.
 - جگە لە سوودەکانی بۆ ناوەوەی جەستە، مرۆڤەکان ئاو بۆ دروستکردنی خۆراک و بەرهەمهێنان و خاوێنکردنەوەش بەکاردەهێنن.
 
گرنگیی ئاو بۆ گیانەوەران
- ئاژەڵەکان هاوشێوەی مرۆڤەکان بۆ بەردەوامبوون لە ژیان پێویستییان بە ئاو هەیە.
 - ئاو ٦٠-٧٠% کێشی جەستە پێکدەهێنێت و پێکهێنەری سەرەکییە، بۆ نموونە پێکهاتەی ماسولکەکان ٣٠% پڕۆتینە و ٧٠% ئاوە، یاخود پێکهاتەی چەورییەکان ٩٠% چەورییە و ١٠% ئاوە.
 - هاوکارە لە زۆرینەی کردار و فرمانەکاندا وەک هەرسکردن و جوین.
 - گواستنەوەی ماددە خۆراکییەکان بۆ هەموو بەشەکانی جەستە و لە دواتریشدا هێنانەوەی پاشەڕۆکان.
 - ئاو ناوەندی سروشتی گونجاوی هەموو کارلێکە بایۆلۆجییەکانە.
 - ڕێکخستنی پلەی گەرمی.
 - پێدانی وزە بە ئەندامەکان.
 
گرنگیی ئاو بۆ ڕووەکەکان
ئاو بۆ ڕووەکەکان گرنگە و هاوشێوەی مرۆڤەکان هاوکاری ژیانکردنیانە، بەڵام ڕێژەی ئاو لە ڕووەکەکاندا بەگوێرەی جۆر و ئەندام و نشینگەکەیان دەگۆڕێت، بۆ نموونە سوبێرەکان ٩٠-٩٣% پێکهاتەکەی ئاوە، گرنگترین و دیارترین سوودەکانیش ئەمانەن:
- زۆرینەی فرمانە فیزیاییەکانی ڕووەک پێویستی بە ئاو و ماددە تواوەکانی ناویەتی.
 - هەموو ڕووەکەکان بۆ گەشەسەندن پێویستیان بە ئاودان هەیە.
 - گواستنەوەی هەموو ماددە ئەندامی و پێکهاتە کانزاییەکان، پێویستی بە ناوەندی ئاوی هەیە، واتە بۆ ئەوەی ماددەیەک لە گەڵایەکەوە بۆ بەشێکی تری ڕووەکێک بگوازرێتەوە ئەوا پێویستی بە ئاوە.
 - دەبێتە هۆی تواندنەوە و نەهێشتنی خوێ لە جێگەکەیدا، لە ئەنجامدا ڕووەکەکان سوود لە کانزا و ماددە خۆراکییە پێویستەکان وەردەگرن.
 - ڕووەکەکان پێویستیان بە ئاوە بۆ ئەوەی ڕێژەی شێی پێویستییان هەبێت، بەتایبەتی لە جێگە گەرمەکاندا، واتە ئاو دەبێتە هۆی ڕێکخستنی پلەی گەرمی.
 - ئاو ڕێگە دەدات بە تێپەربوونی تیشکی سەروو وەنەوشەیی، کە دواتر ڕووەکەکان سوود لە تیشکەکە وەردەگرن بۆ بەدەستهێنانی خۆراکی گەشەکردن.
 - بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری دەکات لە زۆرینەی کارلێکە بایۆکیمیاییەکان.
 
هۆکارەکانی بەفیڕۆدانی ئاو
- بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان، دەبێتە هۆی دروستکردنی کێڵگەی زیاتر بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک، لە ئەنجامدا ئاوی زۆر زیاتر بە فیڕۆدەچێت بۆ ئاودان و بەکاردەهێنرێت، بەڵام کردەی بەفیڕۆچوون زیانبەخشە و وادەکات لە داهاتوودا ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بەهۆی نەبوونی ئاوەوە خۆراکیان نەبێت، پاشان بە هۆکاری برسێتی بمرن.
 - خۆشۆردنی درێژخایەن، بە باوەڕی شارەزایان خۆشۆردنێک کە زیاتر لە پێنج خولەک بخایەنێت، دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی چەندین لیتری ئاو، بۆیە باشترە خەڵکی بە ماوەیەکی کەمتر خۆیان بشۆن و بڕێکی کەمتر ئاو بەربدرێتەوە.
 - بەکارهێنانی ئاوی زۆر لە کاتی خاوێنکردنەوە و شۆردنی کەلوپەل و خۆراکەکان.
 - هەبوونی ئەو بەلوعە و بۆرییانەی کە ئاوی بە تەواوەتی ناوەستێتەوە دوای بەستنی.