مەزهەری خالقی

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-09-14-15:15:00 - کۆدی بابەت: 10248
مەزهەری خالقی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەزهەری خالقی (بە عەرەبی: مزهري خالقي، بە ئینگلیزی: Mazhar Khaleqi)، لە ٩ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٣٨ لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. گۆرانیبێژێکی کوردە و بە میوزیکی فۆلکلۆری کوردی بەناوبانگە.

مەزھەر خالقی
لەدایکبوون ٩ـی ئەیلوولی ١٩٣، سنە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پیشە مۆسیقاژەن، گۆرانیبێژ
شێواز مۆسیقای فۆلکلۆر

ژیان

لە ساڵی ١٩٣٨ لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بنەماڵەیەکی ئایینی لەدایکبووە. لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایییەوە، دەستی بە کاری هونەری کردووە و لە لای ڕۆستەم مۆقەدەس فێری سۆلفێچ و مەقامی فارسی کراوە، ساڵانی دواتر لای حەسەن کامکار پەرەی بە زانستی گۆرانی و مەقامات داوە، هەروەها لە چالاکی شانۆیی و وەرزشی قوتابخانەکەیدا، بەشداری کردووە و لەلایەن بەڕێوبەری پەروەردەی سنەوە خەڵات کراوە. تاکوو ساڵی ١٩٥٦ هەموو ڕۆژانی چوارشەممەیەک، لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی ڕادیۆی سنەدا، گۆرانی پێشکەش کردووە، گۆرانییەکان تەنها بڵاوبوونەتەوە و تۆمار نەکراون، کە لەلایەن سێ ئۆرکیسترای ئەو سەردەمەی ڕادیۆ سنە (خوێندکاران، سوپا، ڕادیۆ سنە، کە کۆتا دانەیان بە سەرپەرشتیی حەسەن کامکار بووە) کاری میوزیکیان بۆ کراوە.

ساڵی ١٩٥٧ بۆ ماوەیەک لە شاری سەقز مامۆستای ناوەندی بووە. ساڵی ١٩٥٨ شاری سنەی بەجێهێشتووە و لە زانکۆی تاران وەرگیراوە و لە هەمان زانکۆدا بەکالۆریۆسی لە فیزیک و دواتریش ماستەری لە بەڕێوبەرایەتیی پیشەسازیدا بەدەستهێناوە. لەگەڵ چوونی بۆ زانکۆی تاران، لە ڕادیۆی تاران وەک وەرگێڕ و هەواڵساز و بێژەر و دواتریش لە چەند بوارێکی تری ڕاگەیاندندا کاری کردووە. لە ڕادیۆ تاران لەگەڵ مامۆستایانی میوزیکی کورد و ئێرانی وەک: حەسەن یوسف زەمانی، حسێن یوسف زەمانی، موجتەبا میرزادە، مورتەزا حەنانە، مستەفا کەسرەوی، حسەین عەلی مەللاح، عەلی ئەسغەر بەهاری، فەرەیدوون ناسری، عەلی تەجویدی، پەیوەندی پەیداکردووە و لەگەڵ ئۆرکێستراکانی: سەمفۆنیک گەورەی ڕادیۆ ئێران، وەزارەتی هونەرە جوانەکان و ئۆرکێستراکانی تری ئەو سەردەمەی ئێران، دەیان ئاواز و گۆرانی تۆمارکردووە.

ساڵی ١٩٦٦ لەسەر داوای خۆی ڕووی لە عێراق کردووە و لە بەشی پەروەردەی کونسوڵی ئێران وەکوو مامۆستا دەستبەکاربووە، ساڵی ١٩٦٧ بەرەو ئێران گەڕاوەتەوە. سەرەتای حەفتاکان وەک بەڕێوەبەری گشتیی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ناوچەی خۆراوای ئێران دەستنیشانکراوە، دوای شۆڕشی ئێران و تاکوو ساڵی ١٩٨٢ لە کاری ڕاگەیاندن لە شاری تاران بەردەوام بووە. دامەزرێنەری ئینستیتیوتی کەلەپووری کوردە لە شاری سلێمانی.

لە ئەورووپا

ساڵی ١٩٨٣ بەهۆی باری نالەباری ئێران، ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە و لە ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ناوچەی سەرگەڵو-بەرگەڵودا ماوەتەوە، پاش شەش مانگ وەک پەنابەر ڕووی لە ئەورووپا کردووە. ساڵانی ١٩٨٥-١٩٨٦، دوو کاسێتی لە لەندەن بڵاوکردووە، کاری میوزیکی ئەم دوو بەرهەمە لەلایەن هونەرمەند بابەک ڕادمەنش ئامادەکراون. ساڵانی ١٩٨٦-٢٠٠٢ لە شاری لەندەن ژیاوە و ئەندامی مەڵبەندی ڕۆشنبیری کورد بووە، بۆ ماوەی سێ خولیش وەک سەرۆکی ئەو ناوەندە کەلتوورییە، بە خۆبەخش خزمەتی کردووە.

گەڕانەوە بۆ کوردستان

خالقی لە نیوەی دووهەمی ساڵی ٢٠٠٢دا، کاتێک بارودۆخی باشووری کوردستان تا ڕادەیەک جێگیربوو، گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان. سەرەتای ساڵی ٢٠٠٣، ناوەندی ئادانی لە شاری سلێمانی کردەوە، کە دواتر بوو بەئینستیتیوتی کەلەپووری کورد، لە شاری دهۆک سەنتەرێکی تر و لە شاری کەرکووکیش ئۆفیسێک و چەندین نوێنەرایەتی لە باشوور و پارچەکانی تری کوردستاندا کردەوە. کار و چالاکییەکانی ئینستیتیوت چەند بوارێکی کولتووری کورد و کەمەنەتەوە و پەیڕەوانی ئایینەکانی کوردستان، بە کۆکردنەوە و پاراستن و بڵاوکردنەوەی فۆلکلۆر و کەلەپووری دەگرێتەوە.

گۆرانییەکانی خالقی

مەزهەر خالقی لە نێوانی ساڵانی ١٩٥٨-١٩٧٩ـدا، نزیکەی ٢٠٠ بەرهەمی تۆمارکردووە، گۆرانییەکانی دوای ١٩٥٨ لە ڕادیۆکانی سنە، تەبرێز، کرماشان و تاران تۆمارکراون و لە ئەرشیفی ڕادیۆکاندا ماونەتەوە، بەشێوەیەکی ئاسایی بڵاونەبوونەتەوە و هەندێکیان دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٧٩ـی گەلانی ئێران ئاکامیان نادیارە. ساڵی ٢٠٠٥ ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد بڕیاریدا ئەلبوومی یادگارییەکان ئامادە بکات، وەک پڕۆژەیەک لە پێناوی کۆکردنەوە و زیندووکردنەوە و نوێ کردنەوەی بەرهەمی هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان. ساڵی ٢٠٠٧ بڕیاری ئامادەکردنی ئەلبوومی مەزهەر خالقییشدرا، ئەلبوومەکە سیپارەیەک و ١٢ سیدییە و ١٢٨ بەستە و چەند مەقامێکی تێدایە کە کۆکراوەی ئەرشیفی تۆمارگەکان بوو. مەزهەری خالقی یەکەم هونەرمەندی کوردە، کە گۆرانی فۆلکلۆری لەگەڵ ئۆرکێسترای سەمفۆنیک و ئۆرکێسترا گەورەکانی ئەو سەردەمەی ئێراندا، بەشێوازێکی مۆدێرن تۆمارکردبێت.

هەوڵیداوە دیارترین شیعری شاعیرانی کلاسیک و ڕۆمانسی و هاوچەرخی کوردی هەڵبژێرێت و هەر یەکەیان لەگەڵ ئاوازی گونجاودا بەکاربهێنێت، هەندێکیانی لەگەڵ هۆنراوە و ئاوازی فۆلکلۆریدا، بەشێوەیەکی ناوازە ئاوێتە کردووە. هۆنراوەی گۆرانییەکانی هی شاعیرانی وەک: وەفایی، نالی، کوردی، مەولەوی، بێسارانی، ئەدەب، بێخود، قانع، دڵدار، شەریف، گۆران، پیرەمێرد، ئیبراهیم ئەحمەد، محەممەد ڕەسووڵ هاوار و شێرکۆ بێکەس چەند شاعیرێکی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوکار و هاوڕێی بوون و بەتایبەت هۆنراوەیان لەسەر ئەو ئاوازانە داناوە، کە مەزهەری خالقی داوای لێ کردوون: د. عابد سراجەدینی، عوسمان ئەحمەدی، د. محەممەد سدیق موفتی زادە، سوارە ئێلخانی زادە.

گۆرانییە بەناوبانگەکانی

  1. پەپوولەی ئازادی، هۆنراوەی عوسمان ئەحمەد لەسەر مەقامی عەجەم، مەزهەر خالقی کردوویەتی بە گۆرانی.
  2. شیرین تەشی دەڕێسێ، لەسەر هۆنراوەی وەفایی.
  3. لەناو ڕەشماڵی خێڵان.
  4. بۆی دێنم، بە هەڵوەژێری موجتەبا میرزادە لە مەقامی ئەسفەهان.
  5. خۆزگەم بە پار، هۆنراوەی گۆران.
  6. ئاخ لەیل و داخ لەیل، بە هەڵوەژێری موجتەبا میرزادە لە مەقامی بەیات.

 


سەرچاوەکان



1638 بینین