ترشی هایدرۆکلۆریک

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-11-27-23:55:00 - کۆدی بابەت: 10474
ترشی هایدرۆکلۆریک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ترشی کلۆریدی هایدرۆجین یان ترشی هایدرۆکلۆریک یان هایدرۆکلۆر یاخود ترشی گەدە (بە ئینگلیزی: Hydrochloric acid، بە عەرەبی: حمض الهیدروکلوریک) شلەیەکی بێڕەنگ و تیژە و توانای توانەوە و شیبوونەوەی لە ئاودا هەیە، ترشی هایدرۆکلۆریک ترشێکی بەهێزە و لە گەدە و کۆئەندامی هەرسی مرۆڤ و زۆربەی گیانەوەراندا دەردەدرێت، ئەم ترشە بەرهەمێکی گرنگە و لە زۆربەی تاقیگە و پیشەسازییە کیمیاییەکاندا بەکاردەهێنرێت.

مێژوو

لە ساڵی ٨٠٠ـی زایینی جابری کوڕی حەییان ئەم ترشەی دۆزیوەتەوە و لە بەرهەمهێنانی ئاوی شاهانەدا بەکاری هێناوە ئەمەشی لە تێکەڵکردنی خوێی کلۆریدی ئەمۆنیۆم و ترشی نایتریک دەست کەوتووە، لە سەرەتای سەدەی دەیەمیشدا زانای فیزیا و کیمیای فارسی ئەبووبەکر ڕازی ئاوێتەی کلۆریدی ئەمۆنیۆمی لەگەڵ گۆگرداتی چەندین کانزا تێکەڵ کرد و گازی کلۆریدی هایدرۆجین بەرهەم هات، دواتر لە سەدەی سێزدەیەمیشدا داهێنانەکەی بە ئەورووپادا بڵاوبووەوە و ڕۆبێرت مولساوف ڕێگایەکی تری دۆزییەوە بۆ دروستکردنی ئەم ترشە ئەویش لە ڕێگای تێکەڵکردنی گازی کلۆریدی هایدرۆجین لەگەڵ ئاودا دەبێت، لە سەدەی پازدەیەمدا بازیلیۆس ڤالانتینیوس و لە سەدەی شازدەیەمیشدا ئەندریاس لیباڤیوس لە ڕێگای گەرمکردنی خوێ لە قاپی تواندنەوەی کانزا ئەم ترشەیان بەرهەم هێناوە، لە ساڵی ١٨٠٨ هەمفری دەیڤی کیمیاگەری ئینگلیز گازی کلۆریدی هایدرۆجینی بەرهەم هێناوە و پێکهاتەی ترشەکەشی دۆزیوەتەوە کە کلۆر و هایدرۆجینە، لە ماوەی شۆڕشی پیشەسازیدا ئەم ترشە بە ڕێژەیەکی زۆر بەرهەم دەهێنرا وەک پاشماوەیەک لە دروستکردنی ماددەی تردا گازی کلۆریدی هایدرۆجین دروست دەبوو، بۆ ڕێگریکردن بە پیسبوونی هەوا بەم گازە بەرهەمهێنەرەکان ناچاربوون ئەم گازە لە ئاودا بتوێننەوە و ترشی هایدرۆکلۆریکی لێ دروست بکەن، لە سەدەی بیستەمیشدا ڕێگایەکی جیاوازتر بەکارهێنرا بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی هەوا بە بەرهەمی کارلێکە کیمیاییەکان کە ڕێگەی ئەمۆنیا-سۆدە بوو.

بەرهەمهێنان

کۆمەڵە ڕێگایەکی جیاواز هەیە بۆ بەرهەمهێنانی گازی کلۆریدی هایدرۆجین و تێکەڵکردنی لەگەڵ ئاودا بۆ بەرهەمهێنانی ئەم ترشە بە ڕێگای ڕاستەوخۆ ئامادە دەکرێت بەم جۆرە:

خوێی کلۆریدی سۆدیۆم و ئاو بە کارەبا شی دەکرێتەوە و گازی کلۆر و هایدرۆکسید و سۆدیۆم و هایدرۆجین بەرهەم دێت، دواتر گازی کلۆر و هایدرۆجین یەکدەگرن و گازی کلۆریدی هایدرۆجین دروستدەکەن و ئەم کارلێکەش گەرمیدەرە:

Cl2 + H2 → 2 HCl

دواتر ئەم گازە تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ ئاوی جیاکراوە لە ئایۆنەکان و ترشی هایدرۆکلۆریکی پوخت دروست دەکات.

دەشتوانرێت ئەم گازە لە تێکەڵکردنی خوێی کلۆریدی سۆدیۆم و ترشی سەڵفۆر دروست بکرێت:

NaCl + H2SO4 → NaHSO4 + HCl

تایبەتمەندییە فیزیاییەکان

تایبەتمەندییە فیزیاییەکانی ترشی هایدرۆکلۆریک بەپێی خەستی ترشەکە دەگۆڕێت، ترشی هایدرۆکلۆریکی ٣٧٪ تایبەتمەندییەکانی بریتین لە:

  • پلەی کوڵان: ١٠٨.٦ °C یان ٢٢٧ °F
  • پلەی توانەوە: -٢٨ °C
  • پێوەری ترشی و تفتی یان pH: ٣. ٠١
  • پێکهاتە: ٣٧ گرام گازی هایدرۆلۆریک لە لیترێک ئاودا
  • خەستی: ١. ١٨
  • بارستەی گەردی: ٣٦. ٤٦ گرام لە مۆڵێکدا
  • ڕەنگ: بێڕەنگ یان ئاوی
  • بۆن: تیژ

تایبەتمەندییە کیماییەکان

گازی کلۆریدی هایدرۆجین ئاوێتەیەکە لە پێکهاتەی کیمیاییەکەیدا تەنیا یەک پڕۆتۆن هەیە لەبەر ئەمەش توانای بەخشینی یەک پڕۆتۆنی هەیە بۆ دروستکردنی بەندی هاوبەش لەنێوان گەردی کلۆر و هایدرۆجین، بە ترشێکی بەهێز دادەنرێت بەهۆی شیبوونەوەی بەتەواوی لە ئاودا بە پێچەوانەی ترشە لاوازەکانەوە کە تەنیا بەشێکیان شی دەبنەوە، هەروەها شیبوونەوەکەش ئایۆنی کلۆر (Cl⁻) و هایدرۆنیۆم (H₃O⁺) بەرهەم دەهێنێت.

بەکارهێنان

ترشی هایدرۆکلۆریک لە چەندین جۆری پیشەسازیدا بەکار دەهێنرێت وەک پوختەکردنی کانزاکان و لابردنی ژەنگی سەر ستیل کە بەهۆی کرداری ئۆکساندنەوە دروست بووە، هەروەها بەرهەمهێنانی چەندین ئاوێتەی تری کیمیایی و هاوسەنگکردن و کۆنتڕۆڵکردنی pH گیراوەکان بەتایبەت لە مەلەوانگەکاندا، لە تاقیگەشدا لە چەندین پشکنین و ئامادەکردنی ماددەی پشکنینەکان بەکاردەهێنرێت وەک پشکنینی هیمۆگڵۆبینی خوێن، ترشی هایدرۆکلۆریک لە پاککەرەوەکانی ماڵ و بیناسازی و ئامادەکردنی چەرم و دروستکردنی ڕۆنیش بەکاردەهێنرێت.

ترشی هایدرۆکلۆریک لە زیندەوەراندا

ترشی گەدە دەردراوێکی سەرەکییە و لە ترشی هایدرۆکلۆریک پێک دێت و لەلایەن (parietal cells)ـی دیواری گەدەوە دروست دەکرێت، ئەم ترشە pHـی گەدە لە نێوان ١-٢ دەهێڵێتەوە کە یارمەتی جەستە دەدات وردە زیندەوەرەکانی ناو خۆراک بکوژێت و ڕێگری لە دروستبوونی هەوکردن بکات، هەروەها یارمەتی هەرسکردن و شیکردنەوە خۆراک دەدات بۆ پارچەی بچووکتر بۆ ئەوەی ئاسانتر بێت بۆ مژین لەلایەن ڕیخۆڵەوە، ترشێتی لە گەدەدا یارمەتی چالاککردنی ئەنزیمی پێپسین کە لە pH نزمدا کار دەکات بۆ تێکشکاندنی پڕۆتینەکان دەدات گەردی ئاسانتر، بۆ ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە شانە و خانەکان دیواری گەدە لینجەماددەیەک دەردەدات پێکهاتەی ئەندامەکە دەپارێزێت.

زیانەکانی ترشەکە و خۆپاراستن

ترشی هایدرۆکلۆریک ترشێکی بەهێز و داخورێنەرە، لە کاتی بەرکەوتنیدا بە پێست و چاو و شانەکانی تری لەش زیانی پێدەگەیەنێت و دەبێتە هۆی تووشبوون بە هەناسەتەنگی و هەستیاری و سووتان، لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ترشەدا دەتوانرێت دەستکێشی لاستیکی بەکار بهێنرێت بۆ خۆپاراستن چونکە ئەم ترشە کاری تێ ناکات و توانای داخوراندنی ئەم ماددەیەی نییە، هەروەها بەکارهێنانی دەمامک و چاویلکە بۆ دوورکەوتنەوە لە کاریگەری و زیانەکانی ترشەکە پێویستە ڕەچاو بکرێت.


سەرچاوەکان



1439 بینین