شەش خوو کە سیستمی بەرگری لەش لاواز دەکات

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-14-20:38:00 - کۆدی بابەت: 10656
شەش خوو کە سیستمی بەرگری لەش لاواز دەکات

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شەش خوو کە سیستمی بەرگری لەش لاواز دەکات (بە ئینگلیزی: 6 habits that weaken the immune system، بە عەرەبی: ٦ عادات تضعف جهاز المناعة) سیستمی بەرگری كار دەكات بۆ پاراستنی لەشی مرۆڤ دژی نەخۆشی و هەر تەنێكی بێگانە كە دێتە لەشی مرۆڤەوە و مانەوەی مرۆڤ پەیوەستە بە کارکردنی دروستی سیستمی بەرگری لەشەوە. چەندین هۆکار هەن کە کاریگەرییان لەسەر لاوازبوون یان توانای سیستمی بەرگری لەش هەیە، كە پێویستە زانیاریی پێویست لەسەریان بزانرێت و ڕێگری لە ڕوودانی نەخۆشییەکان بکرێت. بە بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەشت، دەتوانیت ڕێگری بکەیت لە هێرشی وردە زیندەوەرەكان وەک ڤایرۆس، كەڕوو و بەکتریا و ڕێگری لە دروستبوونی نەخۆشییەكانیان بکەیت.

بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش وا دەکات ئەم وردە زیندەوەرانە نەتوانن بچنە ناو لەشەوە، تەنانەت ئەگەر چوونە ناو جەستەتەوە، سیستمی بەرگری بەهێزت دەتوانێت لەناویان ببات یان توندی نەخۆشییەکە کەم بكاتەوە. لێرەدا ئەو خووانە ڕووندەکەینەوە کە دەبنە هۆی لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش، بەجۆرێک کە بە دوور خستنەوەیان لە ژیانی ڕۆژانەتدا، بتوانیت هەنگاوێکی گرنگ بنێیت بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیت.

ئەو هۆکارانەی کە سیستمی بەرگری مرۆڤ لاواز دەکەن

هۆکاری جۆراوجۆر سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ لاواز دەکات و لە خوارەوە ئاماژە بە ٦ دانەیان دەکەین.

كەمخەوی 

نەخەوتن و پشوودانی پێویست ئەگەری تووشبوونت بە نەخۆشییە درمیەکان زیاد دەکات وەک ئەو نەخۆشیانەی کە بەهۆی ڤایرۆس، كەڕوو و بەکتریاوە دروست دەبن. هەروەها کەمخەوی پرۆسەی چاکبوونەوەی جەستەی مرۆڤ خاو دەکاتەوە. چونکە لەش لە کاتی خەوتندا چەندین پرۆتینی پێویست بۆ سیستمی بەرگری لەش دەردەدات. سایتۆکینەکان نموونەی ئەو پرۆتینانەی بەرگرین لە سیستمی بەرگری مرۆڤ کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن بەرهەم دەهێنرێن و دەردەدرێن. بۆیە کەمخەوی و نەبوونی پشوویەکی پێویست دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی بەرهەمهێنانی خانەکانی بەرگری و پرۆتینەكانی بەرگری وەک سایتۆكین و دژەتەن.

هەروەها خانەکانی بەرگری لەگەڵ تەنە نامۆكان شەڕ دەکەن و بە بەکارهێنانی ڕێگەی جۆراوجۆر لەناویان دەبەن، لەوانە بەرهەمهێنانی دژەتەن. کەواتە دەتوانین بڵێین کەمخەوی ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لەو کەسانەی کە بەدەست نەخۆشی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنن بە كاریگەریی لەسەر پێکهاتە سەرەکییەکانی سیستمی بەرگری لەش.

فشار و دڵەڕاوکێ

فشار و دڵەڕاوکێ یەکێکە لە کێشەکانی ئەمڕۆی مرۆڤ و زۆر کەس تووشی دڵەڕاوکێ و ئەو کێشانەی کە بەهۆیەوە دروست دەبن بوون. کێشە و نەخۆشی دەروونی و جەستەییەکان پەیوەندییەکی نزیکیان بەیەکەوە هەیە و هەریەکەیان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئەویتر هەیە. لەبەر ئەم هۆکارە کۆنترۆڵکردنی دڵەڕاوکێ جگە لە باشترکردنی ئارامی دەروونی، کاریگەری لەسەر تەندروستی جەستەش دەبێت.

فشاری دەروونی بەهۆی زیادکردنی کۆرتیزۆڵی خوێنەوە کاریگەری لەسەر کارکردنی سیستمی بەرگری مرۆڤ دەبێت. جگە لەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆیەی کە فشاری دەروونی لەسەر لاوازکردنی سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ هەیەتی، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش کاریگەری لەسەر شێوازی خەوتن، خۆراک، باری دەروونی و چالاکیی جەستەیی دەبێت و وا دەکات مرۆڤ ئامادە بێت بۆ هەموو جۆرە نەخۆشییەک.

کەمی ڤیتامین D

ڤیتامین D جگە لە کاریگەری گرنگی لەسەر گەشەکردن و دروستبوونی ئێسک، یارمەتی بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش و دابەشبوونی خانەکانیش دەدات. سوودێکی زۆری ئەم ڤیتامینە دۆزراوەتەوە و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان کەمبوونەوەی ئاستی ڤیتامین D لە خوێندا و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکان. کەمی ئەم ڤیتامینە بەندە بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە، لەوانە شێوازی ژیانی كەسەكان و خۆراکەکانیان. هەروەها تیشکی خۆر یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی ڤیتامین D لە جەستەدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەو کەسانەی بەر تیشکی خۆر ناکەون، وەک کەسانی بەساڵاچوو یان ئەوانەی كە شێوازی ژیانێکی گونجاویان نییە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی و لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش زیاترە.

خۆراکی نادروست و قەڵەوی

یەکێک لە باشترین ڕێجیمەکان بۆ پاراستنی تەندروستی و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش بریتییە لە بەکارهێنانی زیاتری ماددە خۆراکییەکان و کەمتر بەكارهێنانی خۆراكی دەستكاریكراو. خووی خواردن کاریگەری لەسەر لەش هەیە و دەتوانێت سیستمی بەرگری لەش بەهێز بکات یان لاوازی بکات. دەتوانیت سەوزە و میوەی زیاتر، بەرهەمی تازە و چەرەسات بخەیتە ناو خۆراکەکەتەوە بۆ ئەوەی سیستمی بەرگری لەشت بەرز بکاتەوە. ئەمانە بڕێکی زۆر ماددەی بێتاکارۆتین، ڤیتامین A، C، E و زینکیان تێدایە کە هەموو ئەمانە پێویستن بۆ باشتر کارکردنی سیستمی بەرگری لەش و کاریگەرن لە خۆپاراستن لە هەوکردن.

بەهۆی هەبوونی بڕێکی زۆر لە ڕیشاڵەکان، خۆراکە ڕووەکییەکان ڕێژەی چەوری لەش کەمدەکەنەوە، لە ئەنجامدا کاریگەرییەکی زۆر سودبەخشیان لەسەر لەش هەیە. خواردنی بەردەوامی خواردنە چەورەکان دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی بەکتریا بەسوودەکانی ناو ڕیخۆڵە و کۆئەندامی هەرس. ئەم بەکتریایانە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە سیستمی بەرگری لەشدا، ناهاوسەنگییان دەبێتە هۆی لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش. بەگوێرەی ئەو توێژینەوەیەی ئەنجامدراوە، توێژەران سەلماندوویانە قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درمیەکانی وەک ئەنفلۆنزا و هەوکردنی سییەکان زیاد دەکات.

تووتن

نیکۆتین لە جگەرە و سەرچاوەکانی تردا دەبێتە هۆی لاوازکردنی سیستمی بەرگری لەش و وادەکات تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بێت. هەروەها بەکارهێنانی مادەی ماریجوانا سیستمی بەرگری لەش سەرکوت دەکات و ئەگەری هەوکردنی سییەکان و کێشەکانی تری هەناسەدان زیاد دەکات. نیکۆتین ئاستی کۆرتیزۆڵی لەش زیاد دەکات و وادەکات ناسینەوەی ئەنتیجین قورس بێت بۆ لیمفۆسایتی T. هەروەها نیکۆتین دەبێتە هۆی دروستبوونی كێشە لە پێكهێنانی دژەتەن لەلایەن لیمفۆسایتی B. تەنانەت هەڵمی جگەرەی ئەلیکترۆنی زیان بە سییەکان دەگەیەنێت و سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ لاواز دەکات. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجامەکانی بڵاوکراوەتەوە، جگەرەی ئەلیکترۆنی سەلامەت نییە بۆ لەش، چونکە هەڵمەکەی ڕادیکاڵی ئازاد لەخۆدەگرێت، کە وەڵامدانەوەی دروست بۆ ڤایرۆس و بەکتریا تێکدەدات و دەبێتە هۆی هەوکردنی بۆری هەناسە.

کحول

زیاد لە پێویست خواردنەوەی کحول دەبێتە هۆی لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش. خواردنەوەی کحول بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و زۆر هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان، لەوانە نەخۆشیەکانی جگەر، هەوکردنی سییەکان و زۆرێک لە شێرپەنجە. تەنانەت یەک خواردنەوەی کحولیش دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیستمی بەرگری لەش هەبێت و وەڵامدانەوەی کەم بکاتەوە بەرامبەر بە وردە زیندەوەرانی هۆکاری نەخۆشی.

میتابۆلیزمی سەرەکی کحول بریتییە لە ئەسیتەلدیهاید کە سیستمی بەرگری لاواز دەکات بەهۆی تووشبوونی سییەکان بە هەوكردن و هێرش کردنی ڤایرۆس و بەکتریاکان. هەروەها کحول دەبێتە هۆی تێكچوونی پرۆسەی هێرشکردنە سەر ڤایرۆس و بەکتریاکان لەلایەن خڕۆکە سپییەکانی خوێن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئەو کەسانەی کە كحول دەخۆنەوە، زیاتر تووشی هەوکردن و نەخۆشی جۆراوجۆر دەبن.


سەرچاوەکان



831 بینین