وشکبوونی دەستەکان

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-31-17:31:00 - کۆدی بابەت: 10807
وشکبوونی دەستەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

وشکبوونی دەستەکان (بە ئینگلیزی: Dry hands، بە عەرەبی: جفاف اليدين)، حاڵەتێکی زۆر باوە، لەگەڵ ئەوەی مەترسیدار نییە، بەڵام کەسەکە بێزار دەکات. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەهۆی کێشەی ژینگەییەوە ڕوودەدات، بۆ نموونە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە. یاخود هەندێک هۆکاری تری وەکوو زوو زوو شۆردنی دەستەکان، بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی، یان بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی تایبەت.خۆشحاڵانە سەرەڕای ئەوەی کێشەیەکی باوە، بەڵام دەکرێت بە ئەنجامدانی چەند ڕێگایەکی سادە چارەسەر بکرێت، هەروەها ڕێگری لە ڕوودانی بگیرێت. 

هۆکارەکانی وشکبوونی دەستەکان

کەشوهەوا

لە مانگە ساردەکانی ساڵدا، وشکبوونی دەستەکان زۆر باوە و ڕوودەدات. گۆڕانی کەشوهەوا بەتایبەتی ئەگەر ساردبێت و هیچ جۆرە شێیەک لە هەوادا نەبێت، لە ئەنجامدا پێست تووشی وشکبوونەوە دەبێت بەتایبەتی پێستی دەست. کەواتە کەمبوونەوەی شێ لە هەوادا هۆکاری سەرەکی وشکبوونەوەی دەستەکانە. 

کارکردن

دەکرێت وشکبوونەوەی دەستەکان لە ئەنجامی هەندێک جۆری کارکردن ڕووبدات. بۆ نموونە، ئەو جۆرە کارانەی پێویستی بە شۆردنی بەردەوامی دەستەکان هەیە، وەکوو پەرستاری و پزیشکی و مامۆستایەتی.

هەبوونی کێشەیەکی تەندروستی

هەندێک کێشەی تەندروستی یان نەخۆشی دەبنە هۆی وشکبوونەوەی دەستەکان، یان کەسەکە ماوە ماوە دووچاری ئەم وشکبوونەوەیە دەبێتەوە. بۆ نموونە، ئەو کەسانەی نەخۆشییە خۆییەکانیان هەیە وەکوو نەخۆشی شەکرە، دەشێت سوڕی خوێن لە ناوچەی دەستدا کەم ببێتەوە و لاواز ببێت. بەم شێوەیە دەستەکان زۆر هەستیار دەبن و زۆر بەئاسانی تووشی هەوکردن دەبن، بەمەش کەسەکە دووچاری وشکبوونەوەی دەست دەبێت. 

حەوت ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی وشکبوونی دەستەکان

  1. بەکارهێنانی شێدارکەرەوە: لە ڕۆژەکەدا بۆ ماوەی چەند جارێک کرێمی شێدارکەرەوە بەکاربهێنە. ئەم پێکهاتەیە پێستەکە شێدار دەکات و بۆ بارە ئاساییەکەی خۆی دەیگەڕێنێتەوە.
  2. لەدەستکردنی دەستکێش: ئەگەر پێویستی کرد بۆ ماوەیەکی زۆر و بۆ چەندین جار لە ڕۆژەکەدا ئاو بەکاربهێنیت، واتە ئەگەر زۆر دەستەکانت بەر ئاو دەکەوێت، ئەوا هەوڵبدە دەستکێش لەدەست بکەیت. دەستکێش ڕێگری لە بەرکەوتنی ئاو بەر دەستەکانت دەکات.
  3. کەمکردنەوەی فشار: دەشێت ئەمە لەلای زۆربەی خەڵک هۆکارێکی تا ڕادەیەک سەیر بێت، بەڵام لە ڕاستیدا پەیوەندییەک لە نێوان هەبوونی فشار و ئەگزیمادا هەیە، کە ئەگزیماش دەبێتە هۆی وشکبوونی دەستەکان. کەواتە ئەگەر دڵنیابوویت هۆکارەکەی بۆ هەبوونی فشار دەگەڕێتەوە، هەوڵبدە کات بۆ گرنگیدان بەخۆت تەرخان بکەیت و لە فشار دووربکەویتەوە. 
  4. بەکارهێنانی دەرمان: ئەگەر وشکبوونی دەستەکان پەیوەندی بە هەبوونی ئەگزیماوە هەبێت، ئەوا دەشێت لەم حاڵەتەدا دەرمان بەکاربهێنرێت. لەوانەیە پزیشک پێشنیاری بەکارهێنانی ستیرۆیدەکان بۆ بکات، کە لەسەر پێستەکە بڵاودەکرێتەوە، یاخود بەکارهێنانی دەرمانی دژەبەکتریا کە لەڕێگەی دەمەوە وەردەگیرێت. 
  5. بەکارهێنانی تیشکی UV: ئەگەر وشکبوونی دەست بەهۆی نەخۆشی سەدەفەوە ڕوویدا، هەروەها حاڵەتەکە زۆر مەترسیدار بوو، دەشێت پزیشکەکە پێشنیاری بەکارهێنانی تیشکی UV بۆ بکات. ئەم چارەسەر وا دەکات ئەگەر هەر برینێک لەسەر پێستەکە هەبێت، بەخێرایی ساڕێژ ببێت. بێگومان ئەم چارەسەرە لەژێر ڕێنمایی پزیشکدا جێبەجێ دەکرێت. 
  6. چارەسەری شەوانە: باشترین چارەسەری ئەم حاڵەتە بریتییە لە گرنگیدان بە پێستەکە، بەڵام لە شەودا. هەوڵبدە شەوان کرێمی شێدارکەرەوە یان چەورکەرێکی گونجاو بۆ پێست بەکاربهێنیت، دواتر دەستەکانت بە دەستکێش یان هەر شتێکی تر دابپۆشە. بە ئەنجامدانی ئەم هەنگاوە، پێستەکە بڕێکی باش لە شێدارکەرەوەکە هەڵدەمژێت، لە ئەنجامدا بۆ بەیانی دواتر هەست بە نەرمی دەستەکانت  دەکەیت، ئەگەر بە بەردەوامی ئەم چارەسەرە ئەنجام بدەیت ئەوا بە تەواوی لە وشکبوونی دەستەکان ڕزگارت دەبێت. 
  7. داوا لە پزیشکەکە بکە کرێمێکی گونجاوت بۆ پێشنیار بکات: ئەگەر حاڵەتەکە مەترسیدار بێت، واتە زۆر بە توندی تووشی وشکبوونەوەی دەستەکان بووبێتیت، دەشێت پزیشکەکە ئەو جۆرە کرێمانەت بۆ بنووسێت کە پێکهاتەی یوریا (urea) و ترشی لاکتیکی (lactic acid) تێدایە. لەبەرئەوەی ئەم پێکهاتانە وشکبوونەوەی دەستەکان ناهێڵن و نەرمی بە پێستەکە دەبەخشن.


سەرچاوەکان



670 بینین