هەور

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-01-12-16:46:00 - کۆدی بابەت: 11839
هەور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەور (بە عەرەبی: سحابة، بە ئینگلیزی: Cloudsهەور بریتییە لە دڵۆپەی ئاوی بچووک کە بە هەواوە هەڵواسراوە و بەیەکەوە کەڵەکە بووە یان بریتییە لە خەستبوونەوەی هەڵمی ئاو دوور لە ڕووی زەوی، هەور دەربڕی بارودۆخە کەشییەکانە لە داهاتوویەکی نزیکدا. لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی هەوا بە یەکێک لەم سێ شێوانە (گەرمییە بەرزبوونەوە، بەرزاییە بەرزبوونەوە، بەرزبوونەوەی بەرەیی) یان دووچاری هاتنی چینێکی هەوای سارد دروست دەبێت.

چۆن هەورەکان دیاریدەکرێن؟

١- شێوە و ڕووخساری هەورەکان
٢- زانینی بەرزی هەورەکان
٣- زانینی و ڕەنگ و ئەستووری هەورەکان، بۆنموونە هەورەکان لە ڕووی شێوە و ڕەنگەوە هەمیشە ئەو هەورانەی ئەستوورن ڕەنگیان سپییە یان تاریک و خۆڵەمێشین، بەڵام ئەو هەورانەی ئەستووریان کەمە و تەنکن ڕەنگیان سپی و کاڵە. دەشێت هەورەکان شێوەیان گۆیی بێت یان هێلگەیی یان درێژکۆڵەیی بن. 
٤- زانینی قەبارەی هەورەکان ئایە بچووکن یان گەورەن.

پۆلێنکردنی هەورەکان

هەوری کەڵەکەدار Cumulus (Cu)

کیومیوڵەس بە واتای کەڵەکەدار یان تۆپەڵە دێت. ئەم جۆرە هەورە گەورە و تەنک و شێوە لۆکەییە، ڕەنگی سپییە و خوارەوەیان ڕاستە و سەرەوەیان تیژە، تەمەنی ئەم جۆرە هەورە لە (٢٠) خولەک زیاتر تێناپەڕێت و خێرا لەناودەچن، ئەم جۆرە هەورە باراناوی نیین و هێمان بۆ کەشێکی ئارام.

هەوری چیندار Stratus (St)

وشەی ستراتۆس بە واتای چیندار دێت ئەم جۆرە هەرە نزمن و لە شێوەی چین چینن، لە شێوەی هەورێکی گەورەن کە ئاسمانیان داپۆشیوە و لە تەم دەچێت و شێوەیەکی دیاریکراوی نییە، ئەم جۆرە هەورە ڕەنگە زۆرجار ببێتە هۆی باراندنی نمە باران.

هەوری سیڕیەس Cirrus (Ci)

وشەی سیڕیەس بە واتای قژی لول یان (دەسک دەسک) دێت، ئەم جۆرە هەورە بەرز و تەنکن و شێوەی دەسکی پەرەمووچەییە و ڕەنگیان سپییە و بەری خۆر ناگرن.

هەورە نزمەکان 

١- کەڵەکەداری باراناوی کیومیولۆنیمبەس Cumulonimbus (Cb)
وشەی (Nimbus , Nimbo) بە واتای باراناوی دێت، هەربۆیه کاتێک هەورەکە بەفر و باران و تەرزە دادەبارێنێت ئەم دوو وشەیەی بۆ زیاد دەکرێت. بە گەورەترین جۆری هەور دادەنرێت، بەشی خوارەوەی ئاوە و بەشی سەرەوەی بلورەی بەفری تیاییە لە شێوەی سندان داییە، ئەم جۆرە هەورە باراناوییە و بروسک و گەوارەی لەگەڵە زۆرجاریش تەرزە.

٢- چینداری باراناوی نیمبۆستراتۆس Nimbostratus (Ns)
هەورێکی باراناوی زۆر ئەستوور و ڕەنگ خۆڵەمێشی تاریکە بە تەواوەتی ئاسمان دادەپۆشێت، لە بازنەکانی ناوەڕاست هەمیشە لەگەڵ بارستە هەوای پەستان نزم دێت.

٣- چینداری کەڵەکەداری ستڕاتۆکیومیوڵەس Stratocumulus (Sc)
ئەم جۆرە هەورە زۆربەی کات دوای باران بارین و ساماڵداهاتنی ئاسمان دروست دەبێت، کە تایبەتمەندی چیندار و کەڵەکەبووی هەیە.

هەورە ناوەندییەکان

١- چینداری بەرز Altostratus (As)
ئەم جۆرە هەورانە نزمن، بەڵام هەندێک جار لە چینی ناوەڕاستی ئاسمانەوە دروست دەبن بۆیە پێیان دەوترێت چینداری بەرز، تایبەتمەندی ئەم جۆرە هەورە لە دڵۆپەی ئاو پێکهاتووە و ڕەنگی مەیلەو شین یان خۆڵەمێشی و سپی شینباوە، لەبەر ئەوەی زۆر چڕنین بۆیە بەتەواوی بەری تیشکی خۆر ناگرن. ئەم جۆرە هەورە باراناوی نییە، بەڵام هێمایەکن بۆ دەربڕینی باران یان بەفر لە داهاتوویەکی نزیکدا.

٢- کەڵەکەداری بەرز Altocumulus (Ac)
ئەم جۆرە ھەورانە نزمن، بەڵام لە کاتی دروستبوونیان لە ناوەڕاستی ئاسمانن بۆیە پێیان دەوترێت کەڵەکەداری بەرز، تایبەتمەندی ئەم ھەورانە ئەستوورن و سێبەردارن بە جۆرێک سێبەر لەسەر زەوی دروست دەکەن، لە شێوەیان شەپۆل شەپۆلە و ڕەنگیان دەگۆڕێت لە نێوان سپی بۆ خۆڵەمێشی. ئەم جۆرە ھەورە باراناوی نییە، بەڵام  ھێماییەکە بۆ دابارینێکی زۆر لەو ھەورەی بەدوایدادێت. 

هەورە بەرزەکان

١- چینداری هەرە بەرز سیڕیۆستڕاتۆس Cirrostratus (Cs)
ھەورێکی تەنکە لە شێوەی چین چین بە ئاساماندا بڵاودەبێتەوە و سێبەر دروست ناکات، بەڵام ڕەنگێکی سپی شیری بە ئاسمان دەبەخشێت و خەرمانە لە دەوری مانگ یان ڕۆژ دروست دەکات. ئەم جۆرە ھەورە ھێمایەکە بۆ ئەوەی لە داھاتوودا باران دەبارێت، چونکە ئەو ھەورەی بەدوای ئەم ھەورە دادێت باراناوییە. (کاتێک پێشگری سیڕیۆ لەگەڵ ناوێکی بنچینەیی ھەور زیاد دەکرێت، بە واتای ھەرەبەرز دێت).

٢- کەڵەکەداری ھەرەبەرز سیڕیۆکیومیوڵەس Cirrocumulus (Cc)
ئەم جۆرە ھەورە لەسەر شێوەی گۆی لۆکەیی بچووک لەیەک نزیک دەردەکەوێت، ئەم ھەورە کەم بە ئاسمانەوە دەبینرێت. ھێماییەکە بۆ بوونی جوڵەی نائارامی ھەوا لە چیینە بەرزەکان.

پۆلێنکردنی ھەورەکان لەسەر بنچینەی بەرزی

ھەورە بەرزەکان

بریتین لەو ھەورانەی کە (٥٠٠٠) مەتر لە ئاست ڕووی زەوییەوە بەرزن، ئەگەر چی مرۆڤ لەسەر زەوییە و ھەوریش بە ئاسمانەوەییە بۆیە ناتوانرێت بەرزی ئەو ھەورانە بە تەواوی بە چاو بزانرێت، گرنگترین ئەم جۆرە ھەورانەش بریتین لە: 

  • Cirrus
  • Cirrocumulus
  • Cirrostratus

ھەورە مامناوەندییەکان

بریتین لەو ھەورانەی بەرزییەکەیان لە نێوان (٢٠٠٠ بۆ ٧٠٠٠) مەتر داییە، لە ناوچەی بازنە ناوەندییەکان، گرنگترینیان بریتین لە:

  • Altocumulus
  • Nimbostratus
  • Altostratus

ھەورە نزمەکان

بریتین لەو ھەورانەی بەرزییەکەیان کەمترە لە (٢٠٠٠) مەتر، گرنگترینیان بریتین لە:

  • Stratus
  • Cumulus
  • Cumulonimbus
  • Stratocumulus

پاشگرە لاتینییەکان کە لەگەڵ ناوی ھەورەکان بەکاردێن

١- کەڵەکەدار Cumulo
٢- چیندار Strato
٣- دەسک دەسک (دەسکی قژ یان قژلول) ھەرە بەرز Cirro
٤- بەرزتر Alto
٥- باراناوی یان تاریک Nimbo, Nimbus


سەرچاوەکان



708 بینین