ئۆپرا وێنفری

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-23-01:57:00 - کۆدی بابەت: 12244
ئۆپرا وێنفری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئۆپرا گایل وینفری (بە عەرەبی: ٲوبرا وينفري، بە ئینگلیزی: Oprah Gail Winfrey)‏ خانمە پێشکەشکار و بەرهەمهێنەر و نووسەر و چالاکوانی ئەمریکییە، بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ژنانی جیهان دانراوە و بەھۆی پڕۆگرامی گفتوگۆی تەلەڤزیۆنی لە ئەمریکا کە بە Oprah Winfrey Show ناودارە دەرکەوتووە و ناسراوە. خاوەن چەندان کۆمپانیای بەرهەمهێنانە لە بوارەکانی میدیا و ڕادێو و تەلەڤیزیۆن و هونەر، هەروەها ئۆپرا بە یەکێک لە ژنە ڕەشپێستە دەوڵەمەند و ملیاردێرەکانی جیهان هەژمار دەکرێت، سەرەڕای دەوڵەمەندییەکەی کار و چالاکی هەمەجۆر ئەنجام دەدات و بە باشترین چاکەکاری ڕەشپێست لە ئەمریکا هەژماردەکرێت.

زانیاری گشتی

ناوی تەواوی  ئۆپرا گایل وینفری
لەدایکبوون  ٢٩ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٤، ویلایەتی میسیسیپی
ڕەگەزنامە ئەمریکی
ڕەچەڵەک ئەمریکی ڕەشپێست، ئەمریکییە ئەفریقییەکان
زمان ئینگلیزی
پیشە   بەرهەمهێنەر، پێشکەشکاری تەلەڤزیۆنی، نووسەر، چالاکوان
نازناو شاژنی میدیاکارانی جیهان

سەرەتای ژیانی

ئۆپرا گایل وینفری لە ٢٩ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٤ لە ناوچەیەکی گوندنشینی هەژاری سەر بە ویلایەتی میسیسیپی لەدایکبووە، ئۆپرا منداڵییەکی سەختی هەبووە و باری داراییان لاواز بووە و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لەلایەن کەسە نزیکەکانی ڕووبەڕووی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە. دایکی خزمەتکاری ماڵان بووە و باوکیشی پیشەی سەرتاشی بووە، دوای جیابوونەوەی دایک و باوکی ناچار ئۆپرا لەگەڵ داپیرەی ژیاوە و ناوچەکەیان هەژارنشین بووە و تایبەت بووە بە ڕەشپێستەکان.

ئۆپرا گرنگی بە خوێندن داوە و کەسێکی کۆمەڵایەتی بووە، تەنانەت لە قوتابخانەی ئامادەیی ناشڤیلی ڕۆژهەڵات ئۆپرا وینفری بە بەناوبانگترین و ناسراوترین قوتابی دادەنرا و ناسراو بوو بەهۆی ئەوەی پەیوەندی باشی هەبوو لەگەڵ هەموو مامۆستا و خوێندکاران و هاوپۆلەکانی. خوێندنی زانکۆی لە ویلایەتی تینیسی تەواوکرد کە لەڕێی حکوومەتەوە بووە خاوەن بەخشش و بیمەی خوێندنی زانکۆ، ئۆپرا لەو ژنە ڕەشپێستانەی ئەمریکا بوو کە تازە چووبوونە زانکۆ، بۆیە دووچاری جیاکاری ڕەگەزپەرستی زۆر بووەتەوە.

ئەزموونی کارکردنی

ئەزموونی کارکردنی ئۆپرا هەر لە تەمەنی لاوییەوە دەستی پێکردووە، کاتێک کچە خوێندکاری ئامادەیی بوو لە ڕادیۆ وەکوو پەیامنێر و بێژەر و ئامادەکاری پرۆگرام کاری کردووە، پاشان لە تەمەنی ١٩ ساڵی وەکوو هاوکاری پێشکەشکاری هەواڵەکانی ئێواران لە کەناڵێکی لۆکاڵی ناوچەکەی وەرگیراوە. لە ساڵی ١٩٧٦ چووەتە بالتیمۆری پایتەختی ویلایەتی ماریلاند، بەهۆی بە توانایی و ڕەوانبێژییەکەی گواسترایەوە بۆ پرۆگرامی گفتوگۆی ئێواران لە شیکاگۆ، گوێگر و بینەری ئەو کاتەی تەلەڤزیۆن شێوازی گفتوگۆ و کەسایەتی ئۆپرایان پەسەند کرد بۆیە پرۆگرامەکەی کە پرۆگرامێکی گفتوگۆی پلە سێی لاوەکی بوو بەهۆی ئۆپراوە بووە پرۆگرامێکی پلە یەکی گفتوگۆ و برۆگرامی ڕۆژ لە شیکاگۆ.

لە ناوەڕاستی نەودەکانی سەدەی ڕابردوو ناوی ئۆپرا زیاتر ناسێنرا و جۆرێکی نوێی لە پرۆگرامی گفتوگۆ هێنایە ئاراوە و داهێنا، ئەویش میوانداریکردن و باسکردنی ڕووداوەکانی ڕۆژ لەگەڵ تیشک خستنە سەر بەکارهێنانی هەست و سۆز و دانپێدانان و تێکەڵ کردنی لایەنی ڕۆحی لەگەڵ بابەتەکان، گرنگی دەدا بە شێوازی قسەکردن و گفتوگۆی لەگەڵ میوانەکانی کە جیاواز و هەمەجۆر بوون. لە ساڵی ١٩٩٣ کاتێک لە پرۆگرامەکەیدا میوانداریی مایکڵ جاکسۆنی کرد، بینەری ئەم ئەڵقەیەی پرۆگرامەکەی ئۆپرا گەیشته سەد ملیۆن بینەر لە جیهاندا و بووە پڕبینەرترین ئەڵقەکانی پرۆگرامەکەی. لە سەرەتای ساڵی نەوەدەکان گرنگی بە میوانداری کەسایەتییە سیاسییەکان دەدا نموونەی بێل کلینتۆن، هێلاری کلینتۆن، کۆندەلیزا ڕایز.

لە ساڵی ٢٠٠٦ ئۆپرا بە بڕی ٥٥ ملیۆن دۆلار بۆندی دامەزراندنی ڕادیۆیەکی لە شیکاگۆ واژۆ کرد کە ناوی لێنا "ڕادیۆی ئۆپرا و هاوڕێیان" و لەگەڵیشی دەستەی نووسەرانی گۆڤارێکی تایبەت بەخۆی دامەزراند. لە ڕۆژی ٢٥ـی ئایاری ساڵی ٢٠١١ کۆتا ئەڵقەی پرۆگرامە تەلەڤزیۆنییە ناودارەکەی ئۆپرا Oprah Winfrey Show پێشکەش کرا کە بە  ئامادەبوونی ١٣ هەزار بینەر و ژمارەیەک لە ناوداران نموونەی تۆم هانکس، بیۆنسێ، تۆم کرووز، وێڵ سمیث، مادۆنا، دوای نزیکەی ٢٥ ساڵی بەردەوام لە پەخشکردن کۆتایی بە پرۆگرامەکە هێنا. لە ساڵانی دواتر ئۆپرا ئەڵقەی تایبەتی و پرۆگرامی تری هەبووە بەڵام لە سایتە جیهانییە ناودارەکانی نموونەی ئەپڵ پڵەس و ئاپلیکەیشن و کەناڵی تایبەتی خۆی دایناوە و بڵاویکردووەتەوە.

ژیانی تایبەتی

ئۆپرا ژیانی هاوسەری پێکنەهێناوە، چەندین پەیوەندی سۆزداری هەبووە، لە ساڵی ١٩٧٧ تاکوو ساڵی ١٩٨٦ لە پەیوەندی سۆزداری بووە لەگەڵ ڕۆگەر ئیبێرد کە ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگرێکی سینەمایی ئەمریکی بووە. لە ساڵی ١٩٨٦ لەگەڵ نووسەر وتاربێژی ئەمریکی ستیدمان گراهام پەیوەندی سۆزداری هەبووە و لە ساڵی ١٩٩٢ بڕیاری هاوسەرگیرییان داوە، بەڵام دواتر پەشیمان بوونەتەوە و بڕیاریان داوە کە پەیوەندی نێوانیان هەر وەکوو پەیوەندییەکی ڕۆحی بهێڵنەوە و هاوسەرگیرییان نەکردووە. ئۆپرا لە تەمەنی منداڵی لەلایەن کەسۆکاری دایکییەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر و گێچەڵی سێکسی پێکراوە، لە تەمەنی ١٤ ساڵی دووگیان بووە و منداڵەکەی لەبارچووە بۆیە بەوهۆیەوە چیتر نەبووەتەوە بە دایک و هیچ منداڵێکی نییە. ئۆپرا پەیڕەوی ئایینی مەسیحییە و پەیوەستە بە ئایینەکەی.

خەڵاتەکانی

ئۆپرا بەهۆی ئەزموونی کارکردنی و پێگەی ناسراوی لە جیهاندا چەندین خەڵات و ڕێزلێنانی جیهانی بەدەست هێناو، ١٨ خەڵاتی ئیمی بۆ پرۆگرامەکان وەرگرتووە و بووە بە ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ هونەر و زانست، گرنگترین خەڵاتەکانی بریتین لە:

  • خەڵاتی تایم ١٠٠ ساڵی ٢٠٢٢
  • خەڵاتی گۆڵدن گڵۆپی ساڵی ٢٠١٨
  • خەڵاتی ئەفسانەکانی دیزنیی ساڵی ٢٠١٧
  • مەدالیای ئازادی سەرۆکایەتی ئەمریکا ساڵی ٢٠١٣
  • بڕوانامەی دکتۆرای فەخری ساڵی ٢٠١٣
  • خەڵاتی جینسیس ساڵی ٢٠١١

سامانەکەی ئۆپرا

لە ساڵی ٢٠٠٣ بڕی سەروەت و سامانی ئۆپرا یەک ملیار دۆلار بوو، بۆیە لە لیستی ٤٧٦ ملیاردێری جیهان پلەی ٤٢٧ـی هەبوو. لە ساڵی ٢٠٠٥ بەپێی زانیارییەکانی گۆڤاری فۆڕبس ئۆپرا لە کۆی بیست ژنی جیهان پلەی نۆیەمی هەبوو لەڕووی دەستڕۆیشتوویی و پەلەبەرزی لە بوارەکانی میدیا و بوونی سەروەت و سامانەوە، هەر بەپێی داتاکانی هەمان گۆڤار و لە هەمان ساڵ لە کۆی سەد کاریگەرترین کەسایەتی جیهان بە دووەم کاریگەرترین کەسایەتی جیهان دانرا. بە یەکەم ملیاردێری ئەمریکای باکوور دادەنرێت و دەوڵەمەندترین ئەفریقی ڕەشپێستی سەدەی بیستەم بوو لە ئەمریکا.


سەرچاوەکان



66 بینین