فرەکیسی هێلکەدان لە کچانی هەرزەکار

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-03-31-00:21:00 - کۆدی بابەت: 12416
فرەکیسی هێلکەدان لە کچانی هەرزەکار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆنیشانەی فرەکیسی هێلکەدان (بە ئینگلیزی: Polycystic ovary syndrome، بە عەرەبی: متلازمة المبیض المتعدد الکیسات)، یەکێکە لە کێشە تەندروستییە باوەکان کە دەکرێت ڕووبەڕووی کچە هەرزەکارەکان و خاتوونە گەنجەکان ببێتەوە، ئەم دیاردەیە چەندین نیشانەی نەخوازراو لە مێینەکاندا دروستدەکات لەوانە ناڕێکی سوڕی مانگانە، زیادبوونی موو، دەرکەوتنی زیبکە، قورسکردنی سوڕی مانگانە تەنانەت دەکرێت ببێتە هۆی وەستاندنی سوڕی مانگانە.

بە شێوەیەکی سروشتی هەردوو نێرینە و مێینە چەند هۆرمۆنێکی توخمانە دروستدەکەن و دەریدەدەن بەڵام بە ڕێژەی جیاواز، لە خانماندا هێلکەدانەکان بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی سێ هۆرمۆنی سەرەکی کە بریتین لە ئیسترۆجین، پرۆجیسترۆن لەگەڵ ئەندرۆجینەکان، نموونەی ئەندرۆجینیش وەک تێستێسترۆن، جگە لە هێلکەدانیش هەردوو ئەدریناڵەکانیش ئەندرۆجین دەردەدەن، کە ئەدریناڵەکان دەکەونە سەر گورچیلەکان، دواتر ئەم هۆرمۆنانە بەرپرسن لە ڕێکخستنی سووڕی مانگانە و دەردانی هێلکە. 

لە دیاردەی فرەکیسی هێلکەداندا چی ڕوودەدات؟

لە دۆخی ئاساییدا مێینە کاتێک دەگاتە تەمەنی پێگەیشتن بە نزیکەیی هەموو مانگێک هێلکەیەک لە هێلکەدانییەوە دەردەچێت، بەڵام کاتێک لەبری هێلکە مێینەیەک کیس دروستدەکات لە هێلکەدانیدا ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە ڕێژەی هۆڕمۆنی ئەندرۆجین لە جەستەیدا بەرزە، بەرزی ئەم هۆرمۆنەش هاندەری هێلکەدانە و کاریگەری لەسەر دروستدەکات.

بەجۆرێکە کە لەبری ئەوەی هێلکە لە هێلکەداندا گەشەبگات و پێبگات وەک ئەوەی کە لە سوڕی مانگانەی ئاساییدا ڕوودەدات کیس دروستدەبێت، کە ئەم کیسانە پڕن لە شلە و لە هێلکەدانەوە دروستدەبن، ئەگەر دۆخەکەش پەرەبسێنێت و زیادبکات ئەوا لەبری ئەوەی هەموو مانگێک مێینەکە هێلکەیەک دەربدات کیس دروستدەکات، لەئەنجامیشدا ناڕێکی لە سووڕەکەیدا دروستدەبێت و مانگانە ڕێکخراونابێت.

هۆکاری دروستبوونی کیسی هێلکەدان

پزیشکەکان هەتاکوو ئێستا ناتوانن بە تەواوەتی و دیاریکراوی بڵێن هۆکاری دروستبوونی کیس چییە، بەڵام وا دەردەکەوێت کە بەزۆری پەیوەندی هەبێت بە ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەکانەوە.

یەکێک لە هۆڕمۆنە بەرپرسەکان ئەندرۆجینە، ئەندرۆجین لە دۆخی ئاساییدا ڕێژەکەی لە نێرینەدا بەرزە و لە مێینەدا نزمە، تەنانەت هەندێکجار بە ئەندرۆجین دەوترێت هۆڕمۆنی نێرینە، لە ئەو خانمانەی کە کیسی هێلکەدانیان هەیە ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئەندرۆجین تیایاندا بەرزە، لە هەندێک لە توێژینەوەکاندا دەوترێت کە ئەگەری هەیە فرەکیسی پەیوەندی هەبێت بە شەکرەوە، لەم بارەیاندا جەستەی مێینەکە ڕێژەیەکی بەرز ئەنسۆلین دەردەدات، لە ئەنجامدا ئەو ئەنسۆلینەش هانی هێلکەدانەکان دەدات بۆ بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنی نێرینە و ئەندرۆجینەکان، پاشانیش دروستبوونی کیس.

جگە لە ئەمانەش دەکرێت بۆماوەیی بێت، واتە کاتێک خاتوونێک لە خێزانێکدا ئەو کێشە تەندروستییەی دەبێت، ئەوا ئەگەری هەیە کە خاتوونە ئەندامەکانی تری خێزانەکەشی ڕووبەڕووی بببنەوە.

نیشانەکانی

  • سەرەکیترین نیشانەی هەبوونی کیس بریتییە لە ناڕێکی سوڕی مانگانە، یاخود تەنانەت هەندێکجار لەوانەیە سوڕەکە بۆماوەی چەند مانگێک نەیەت، چونکە کاریگەری فرەکیسی لەسەر هێلکەدانەکان بەجۆرێکە کە ڕێگریدەکات لە دەرپەڕینی هێلکە، بەڵام ئەم ناڕێکییە لە ٢-٣ ساڵی سەرەتای پێگەیشتندا ناکرێ دەستنیشانبکرێت، چونکە ڕێکبوونی سوڕی مانگانە لە هەندێک کەسدا چەند ساڵێکی پێویستە.
  • فرەکیسی هێلکەدان بەهۆی ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەکانەوە ڕوودەدات، لەبەر ئەمە هەندێکجار بۆ دەستنیشانکردن پزیشکەکان پشت دەبەستن بە ئەو نیشانە و ئاماژانەی تر کە لە ئەنجامی ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەکانەوە دروستدەبێت، وەک ئەمانە:
  • بەرزبوونی کێشی جەستە، قەڵەوبوون، قورسی هێشتنەوەی کێش بە جێگیری، بەتایبەتی کاتێک کە کێشە زیادەکە لە ناوچەی کەمەردا کۆدەبێتەوە.
  • زیادبوونی مووی جەستە بەتایبەتی لە سک، سنگ، پشت، ڕووخسار.
  • تەنکبوونی قژ.
  • زیبکە.
  • تۆخبوون و ئەستووربوونی پێست لە دەورووبەری مل و سنگ یاخود بن باخەڵ، کە ئەمە نیشانەیە بۆ بەرگری دژی ئەنسۆلین.
  • نەخۆشی شەکرە یان بەرزبوونەوەی چەوری خوێن یاخود بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.
  • ئەو کچە منداڵانەی کە لە تەمەنێکی کەمدا نیشانەکانی پێگەیشتن تیایاندا دەردەکەوێت، وەک دەرکەوتنی موو لە ناوچە هەستیارەکاندا پێش تەمەنی هەشت ساڵی.

شێوازی دەستنیشانکردن

کاتێک مێینەیەک گومان دەکات و سەردانی پزیشکدەکات، ئەوا پزیشکی پسپۆر بە چەندین شێواز لێی دەکۆڵێتەوە، لەوانە پرسیارکردن دەربارەی هەبوونی نەخۆشی لە خێزانەکەیدا، بەکارهێنانی دەرمانی دیاریکراو، ڕێکی و ناڕێکی سووڕی مانگانە، ئەو نەخۆشییانەی کە لە ڕابردوودا تووشی بووبێت.

پاشان سەرنجدان لە نیشانە فیزیایی و دیارەکانی جەستەی لە موو و زیبکە و کێش و ڕەنگی پێست، پاشانیش بۆ دڵنیابوونەوەی تەواوەتی پێویست بە پشکنینی خوێن دەکات، چونکە دەکرێت نیشانەکان بەهۆی نەخۆشی ڕژێنەکانی تر یاخود ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکانی تری جەستەوە دروستبووبن، لەوانەش غودە و ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکانی کە دەریدەدات، یانیش بەکارهێنانی سۆنەر بۆ پشکنین و گەڕان بە دوای کیس و دەرکەوتنی، بەڵام لەبەر ئەوەی کیسەکان هەمووکات دەرناکەون لە سۆنەردا ئەوا پێویست بە پشکنینی خوێن دەکات بۆ دڵنیابوونەوە.

دەرئەنجامەکانی هەبوونی دیاردەی فرەکیسی هێلکەدان

  • قەڵەوبوون
  • ڕێگریکردن لە دووگیانبوون، بەڵام زۆربەی جارەکان ئەم دۆخە چارەسەردەکرێت
  • زیادبوونی موو بەتایبەتی لە ناوچەی سک و سنگ و ڕووخسار
  • دروستبوونی زیبکە
  • پەرەسەندنی هەندێک نەخۆشی وەک شەکرە، بەرزی فشاری خوێن، نەخۆشییەکانی دڵ
  • هەناسەبڕانی کاتی لەکاتی خەوتندا

چارەسەر

دەرمان و چارەسەرێکی یەکجاری و تەواوەتی بۆ دیاردەی فرەکیسی هێلکەدان بوونی نییە، بەڵام کۆمەڵێک ڕێگا دەگیرێتە بەر کە دەبێتە هۆی ڕێکخستنی، کە بریتین لە ئەمانە:

  • وەرزشکردن و پارێزکردن: ئەگەر کەسەکە کێشی زیادبێت یاخود قەڵەوبێت ئەوا پزیشک پێشنیاری گۆڕینی شێوازی ژیانیدەکات، چونکە دابەزاندنی کێش دەکرێت زۆرکاریگەربێت لە ڕێکخستنەوەی زۆرێک لە دۆخە پەیوەندیدارەکان بە فرەکیسییەوە لەوانە بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و نەخۆشی شەکرە.
  • دەرمان: دەکرێت پزیشکەکە ڕەچەتەی دەرمان بنووسێت بۆ ڕێکخستنەوەی هێلکەدانەکان، لەوانەیە هەنگاوی یەکەم بەکارهێنانی حەبی ڕێکخستنی لەدایکبوونبێت، کە ئەم حەبە دەبێتە هۆی ڕێکخستنی ڕێژەی هۆرمۆنەکانی ئەندرۆجین و لە ئەنجامدا ڕێکبوونەوەی سووڕی مانگانەش، هەروەها لەوانەشە ببێتە هۆی جڵەوکردنی زیپکە و مووە زیادەکان، بەڵام بۆ هەموو کەسێک هەمان کاریگەری نییە، دەرکەوتنی کاریگەرییەکەشی دەکرێت زیاد لە شەش مانگ بخایەنێت، جگە لە ئەم حەبەش کۆمەڵێکی جیاوازتر دەرمان هەن لەوانە دژە ئەندرۆجینەکان و دەرمانی شەکرە.


سەرچاوەکان



93 بینین