بەناوبانگترین شارەکانی تورکیا

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-04-21-22:57:00 - کۆدی بابەت: 12608
بەناوبانگترین شارەکانی تورکیا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەناوبانگترین شارەکانی تورکیا (بە عەرەبی: أشهر مدن ترکیا، بە ئینگلیزی: Most popular cities in Turkey). وڵاتی تورکیا بە وڵاتێکی فرە کیشوەر دادەنرێت، زۆربەی خاکەکەی لە نیمچە دورگەی ئەنادۆڵدایە لە خۆراوای ئاسیا و بەشێکی بچووکیشی لە نیمچەدورگەی بەڵقانە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا. ئیستانبوڵ کە گەورەترین شاری وڵاتەکەیە دەکەوێتە هەردوو کیشوەرەکەوە، ئەنقەرەش پایتەختی وڵاتە. 

ئیستانبوڵ

شاری ئیستانبوڵ یەکێکە لە بەناوبانگترین و گەورەترین شارەکانی تورکیا، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ١٣،٨٢ ملیۆن کەسە؛ واتە نزیکەی ٢٠٪ـی کۆی دانیشتووانی تورکیا. شارەکە دەکەوێتە نێوان دەریای ڕەش و دەریای ناوەڕاست، ناوەندی ئابووری و مێژوویی و کولتووری وڵاتەکەیە.

یەکێک لە دیارترین شوێنەوارەکانی شارەکە شاری کۆنە، کە دەکەوێتە سەر ڕووبەرێک بە نزیکەی ٢٣ کیلۆمەتر چوارگۆشە مەزەندە دەکرێت. شاری کۆنی ئیستانبوڵ حەوت گرد لە خۆ دەگرێت، هەروەها لێواری گردەکان بە چەندین مزگەوت و شوێنەوارە مێژوویییەکانی تر دەورە دراون، هەموویان لە ساڵی ١٩٨٥ی زایینیدا وەک میراتی جیهانیی یونسکۆ پۆلێن کران.

کاپادۆکیا

کاپادۆکیا دەکەوێتە بەشی ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، لەسەر ڕووە ناڕێکەکانی  باکووری چیاکانی تۆرۆس؛ لە ناوەڕاستی تورکیا. ئەم شارە بە ڕووبەرە بەرفراوانەکانی بەناوبانگە، کە لە بەردی گڕکانی نەرم و کڵێسای بەردین پێکهاتووە، دەتوانرێت سەردانیان بکرێت. هەروەها، تونێلەکانی ژێرزەمینیش کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە بێزەنتی و ئیسلامییەکان. 

ئەنقەرە

شاری ئەنقەرە بە دووەم گەورەترین شاری تورکیا ناسراوە، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ٤،٤٧ ملیۆن کەسە. ئەم شارە پایتەختی تورکیایە، و چەندین شوێنی گەشتیاریی بەناوبانگی تێدایە، لەوانە: پەرستگای ئۆگەستس، حەمامە ڕۆمانییەکان و قەڵای ئەنقەرە؛ کە قەڵاکە پتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر دروستکراوە، تاوەرێکی کاتژمێری تێدایە لەگەڵ چەندین چێشتخانە و پێشانگا.

ماردین  

شاری ماردین دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، هەروەها بە یەکێک لە جوانترین شارەکانی تورکیا دادەنرێت، بەو پێیەی تەواوی شارەکە وەک میراتی جیهانیی یونسکۆ پۆلێن کراوە. هەروەها چەندین بینای مێژوویی تێدایە، لەوانە قەڵایەک کە دەکەوێتە سەر لوتکەی گردێک، دواتر گۆڕا بە ناوچەیەکی سەربازی. هەرچەندە بە ڕووی گەشتیاراندا کراوە نییە، بەڵام جیاوازییەکی گەورە بە شارەکە دەبەخشێت. هەروەها شارەکە شوێنی چەندین مزگەوت و کڵێسای جوانە، لەنێویاندا مزگەوتی گەورە کە لە سەدەی دوانزەدا دروستکراوە. 

گۆرەمێ

شاری گۆرەمێ دەکەوێتە ناوچەی کاپادۆکیا. ئەم ناوچەیە بە پێکهاتە بەردینەکانی بەناوبانگە کە لە زەویەوە بەرز دەبنەوە و تێکەڵ بە گوند و خانووەکان دەبن. هەروەها ناوچەکە بە کڵێسا، خانووی ڕازاوە و ئەو شارانە بەناوبانگە کە لە ژێرزەمیندا دروست کراون. هەروەها  بە گەشتی باڵۆنە هەوایییە گەرمەکانیش ناسراوە. بۆیە ئاسمانی شارەکە پڕە لە باڵۆنی هەواییی گەرم، کە ئەمەش دەرفەت بە گەشتیاران دەدات چێژ لە لە دیمەنە سروشتییەکانی ناوچەکە وەربگرن.


سەرچاوەکان



101 بینین