ئیمپڕاتۆریەتی سەلجوقی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-25-21:49:00 - کۆدی بابەت: 12687
ئیمپڕاتۆریەتی سەلجوقی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئیمپڕاتۆریەتی سەلجوقی (بە عەرەبی؛ الامبراطوریة السلجوقیة، بە ئینگلیزی؛ Seljuk Empire) بریتییە لە دەوڵەتێک یاخود ئیمپڕاتۆریەتێکی ئیسلامی سوننە مەزهەب کە پێکهاتەی دەوڵەتەکە لە نەتەوەی تورک و فارس پێکدێت هەر لەبەرئەمەش پێی دەوترێت دەوڵەتی تورکۆفارس واتا (دەوڵەتێک لە نەتەوەی تورک و فارس پێکهاتووە). تورکەکانی نێو دەوڵەتەکە نەژادیان لە تورکە "ئۆغوزەکانە"، ڕووبەری دەوڵەتەکە یاخود ئیمڕاتۆریەتەکە ٣٫٩ ملیۆن کیلۆمەتر بووە.

ناوی تەواوی ئیمپڕاتۆرەکان یاخود سوڵتانەکانی سەلجوقی 

  • توغریل بەگ ١٠٣٧-١٠٦٣
  • ئاڵپ ئەرسەلان ١٠٦٣-١٠٧٢
  • مەلیک شای یەکەم١٠٧٣-١٠٩٢
  • مەحموود ١٠٩٢-١٠٩٤
  • تورکان خاتوون ١٠٩٢-١٠٩٤
  • بەرکیارەق ١٠٩٤-١١٠٤
  • مەلیک شای دووەم ١١٠٤-١١٠٥
  • ممحەمەد تاپار ١١٠٥-١١١٨
  • سەنجار ١١١٨-١١٥٧
  • توغریلی سێیەم ١١٧٤-١١٩٤

سنووری دەوڵەتی سەلجوقی

بە گوێرەی ئەو نەخشانەی دەست مێژوونووسان کەوتووە سنووری دەوڵەتەکە لە ئەنادۆلیا تاوەکو هەرێمی لیڤانت لە ڕۆژاوای هندستان و لە سەردەمێکدا تا ڕۆژهەڵاتی هیند و کوش لە ناوەڕاستی ئاسیا و باکووری کەنداوی فارس سنووری دەسەڵاتیان بووە. 

ماوەی دەسەڵات

سەلجوقییەکان لە ساڵی ١٠٣٧ دامەزراون و ساڵی ١١٩٤ کۆتاییان هاتووە، یەکەم سوڵتان تۆغریل بەگی یەکەم و کۆتا سوڵتانیش تۆغریل بەگی سێیەم بوو. 

پایتەختەکان

لە ماوەی دەسەڵاتی ئەم ئیمپڕاتۆریەتەدا ژمارەیەک شار لە ماوە جیاجیاکاندا بوونەتە پایتەخت و مەڵبەندی دەسەڵاتی سەلجوقییەکان لەوانە (نەیشاپوور ١٠٣٧-١٠٤٣، ڕەی ١٠٤٣-١٠٥١، ئەسفەهان ١٠٥١-١١١٨، مەرڤ ١١١٨-١١٥٣، هەمادان ١١١٨-١١٩٤) 

زمانی فەرمی دەوڵەت

بە گوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان زمانی فەرمی لە دەوڵەتی سەلجوقیدا بریتی بووە لە فارسی بۆ زمانی پەروەردە و وێژە، زمانی تورکی بۆ سەربازی، زمانی عەرەبی بۆ زانست و یاسا. 

ئایین 

ئایینی فەرمی دەوڵەتی سەلجوقی بریتی بووە لە ئایینی ئیسلام و مەزهەبی سوننە، بەڵام لە ماوەی دەسەڵاتیاندا مەزهەبی شیعە و ئیسماعیلی و ئایینی باتینیش لە نێو دەوڵەتەکەدا بوونیان هەبووە بەڵام ئەم پەیڕەوانە هیچ ڕۆڵێکیان لە سەرای حووکمڕانیدا نەبوو تەنها سوننە مەزهەبییەکان حووکمیان دەکرد. 

لوتکەی دەسەڵات

ساڵی ١٠٨٠ زایینی بە لوتکەی دەسەڵاتی دەوڵەتی سەلجوقی دادەنرێت کە ڕووبەری ئیمپڕاتۆریەتەکەیان ٣٫٩ ملیۆن کیلۆمەتر دووجا بوو. 

مێژووی دەوڵەتی سەلجوقی

دەوڵەتی سەلجوقی ساڵی ١٠٣٧ زایینی دامەزراوە، دامەزرێنەرانی دەوڵەتەکە هەریەک لە تۆغریل بەگ ٩٩٠-١٠٦٣ و براکەی چغری بەگ ٩٨٩-١٠٦٠ دامەزراوە ئەم دوو فەرمانڕەوایە لە نەژاددا تورکی ئۆغوزین بەیەکەوە بناغەی دەوڵەتێکیان لە ئێراندا دامەزراند بەناوی دەوڵەتی سەلجوقی. ئەم خێزانە نیشتمانیان دەوروبەری دەریای ئاراڵ بوو، دواتر هاتبوونە خوراسان لە ئێران

هۆکاری ناولێنانی دەوڵەتی سەلجوقی بەم ناوە دەگەرێتەوە بۆ ناسناوی ئەم دوو برایە کە پێیان وتراوە سەلجوق کە بە فەرماندە و پاڵەوانەکانی خەزەر وتراوە، ئەم سەلجووقییانە کۆچیان کردووە لە دەوروبەری دەریای ئاراڵ بۆ دەوڵەتی خوارزمی و لە شاری جەند نیشتەجێ بوون، لەوێ بوونەتە موسڵمان و تێکەڵ بە خانەوادە و زانایانی موسڵمان بوون. ئەو کاتە ساڵی ٩٨٥ خوارزم لەلایەن مامونیدەکان حووکم دەکرا، ساڵی ٩٩٩ قەرەخەنیدەکان هاتنە سەر حووکم، سەلجوقەکان ڕۆڵی کاریگەریان بینیوە لە چارەسەری کێشەی نێوان غەزنەوییەکان و سەمەنیدەکان و پشتگیری سەمەنیدەکانیان کردووە تا دەسەڵات وەربگرن و دژی قەرەخەنیدەکان شەڕ بکەن. 

دروست بوونی دەوڵەتی سەلجوقی و فراوانخوازی 

تۆغریل و چەغری کە لە تورکە ئۆغوزەکانن یان بە زاراوەی نوێ تورکمان بوون بەهۆی ئەم جەنگ و ناکۆکیانەی لە خوارزم هەبوو لەگەڵ گرووپێک لە پاڵپشت و شوێنکەوتەکانیان بەرەو ئێران هاتن لە نێوان ساڵانی ١٠٢٠-١٠٤٠  زایینی چەندین جار شوێنەکانیان گۆڕیوە، سەرەتا لە ناوچەکانی پشت ڕووبار نیشتەجێ بوون، دواتر هاتنە خوراسان. لە ساڵی ١٠٣٤ لەلایەن هێزێکی تورک بەناوی ئۆگوز یەبغو و عەلی تاجین و هاوپەیمانانیان گێچەڵیان پێدەکرا کە خاکی پشت ڕووبار جێبێڵن. 

ئەمەش وای لەم دوو برایە کرد بە یەکگرتوویی بمێننەوە و لە دەوروبەری ساڵی ١٠٣٧ زایینیدا توانیان غەزنەوییەکان بشکێنن و دەوڵەتی سەلجوقی لە شوێنی ئەوان دامەزرێنن و تۆغریل بەگ خۆی وەک یەکەم سوڵتانی دەوڵەتەکە ناساند، دواتر هەر دوو براکە کە دەوڵەتەکەیان ڕاگەیاند شاری مەرڤ و نەیشاپووریان لە ١٠٣٧-١٠٣٨ داگیرکرد. ئەم دوو شارە گرنگی خۆیان هەبوو چونکە لە نێوان خۆراسان و بەڵخدا بوون و ڕێگەی کاروانەکان و بازرگانان بوو.

ساڵی ١٠٤٠ لە جەنگی دەنداقان سەلجوقییەکان سوڵتان مەسعوودی یەکەمی غەزنییان شکاند و بەشی ڕۆژاوای خاکەکەیان لێ سەند، تۆغریل بەگ لەم جەنگەدا سوودی لە هێز و توانای خوراسانییەکان بینی کە کەسانی پاڵەوان و شەڕکەریان تێدابوو ئامادەبوون لە ژێر ئاڵای دەوڵەتی نوێدا بجەنگن. 

ساڵی ١٠٤٦ زایینی خەلیفەی عەباسی "ئەلقەیم" نامەیەکی بۆ تۆغریل بەگ نارد و دانی نابوو بە دەوڵەتی سەلجوقی و ئەو خاکەی کۆنتڕۆڵیان کردبوو کە هەرێمی خۆراسان بوو. 

ساڵی ١٠٤٨-١٠٤٩ سەلجوقییەکان بە فەرماندەیی ئیبراهیم یەناڵ لەگەڵ بێزەنتییەکان جەنگیان دەست پێکرد لە دەوروبەری جۆرجیا لە جەنگی کاپیترۆ ڕووبەڕووی یەکتری بوونەوە بێزەنتییەکان ٥٠ هەزار سەربازییان ئامادەی جەنگەکە کردبوو، لەم جەنگەدا سەلجوقییەکان شکستیان هێنا به بێزنتییەکان

ساڵی ١٠٥٥ خەلیفەی عەباسی داوای بەهانا هاتنی کرد و سەلجوقییەکان بە سوپایەک هاتنە بەغدا و کۆتاییان بە بوەیهییەکان هێنا. 

سەردەمی ئاڵپ ئەرسەلان

ئەم سەردەمە بە باشترین سەردەم دادەنرێت بۆ سەلجوقییەکان چونکە ئاڵپ ئەرسەلان بە باشترین سوڵتانیان دادەنرێت. سەردەمێکی پڕ لە خۆشگوزەرانی و ئارامی و ئاسایشی دابین کردبوو، ئاڵپ ئەرسەلان کوڕی چەغری بەگ بوو تا ساڵی ١٠٦٨ توانی ئەرمینیا، جۆرجیا بخاتە سەر خاکی سەلجوقی و لەگەڵ بێزەنتییەکانیشدا چەندین جار شەڕیان کردووە و توانیان ئەنادۆڵیا کۆنتڕۆڵ بکەن لە ساڵی ١٠٦٨ دا. ئاڵپ تورکمانەکانی لە ئەنادۆڵیا نیشتەجێ کرد و کاروبار و بەرپرسیاریەتییەکانی ئەوێی پێ بخشین، ئەتا بەگ کرا بە بەرپس و کەسێکی دڵسۆز بوو بۆ ئاڵپ ئەرسەلان لە ماوەی دوو ساڵدا ئەنادۆڵ یان ئەنادۆڵیا پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینی. ئەم سوڵتانە (ئاڵپ ئەرسەلان) لە ماوەی حووکمیدا باری ئاسایشی وڵاتەکەی ڕاگرتبوو کەمترین کێشەی ناوخۆیی هەبوو، خەڵکی نزایان بۆ دەکرد کە پارێزراوبێت لە ناخۆشی بە دوور بێت.

سەردەمی مەلیک شای یەکەم 

مەلیک شا جێنشینی ئاڵپ ئەرسەلان بوو، واتا کوڕی بوو، ئەم سوڵتانە لە ڕووی توانا و دەست ڕۆیشتوویی زۆر بەهێز و دەست کراوە نەبوو چونکە سەردەمەکەی هاوکات بوو لەگەڵ دروستبوونی ئایینی باتینی و پەیڕەوانی مەزهەبی ئیسماعیلی کە شیعە بوون. مەلیک شا دوو ڕاوێژکاری هەبوو کە بەهەموو پێوەرێک لە مەلیک شا دەست ڕۆیشتووتر بوون ئەوانیش (نیزام ئەلمولک و تاج ئەلمولک) و سەرۆکی پۆلیس و سوپاش (جەلالودەولە) ئەم سێ کەسە زۆر لە بڕیارداندا دەسەڵاتیان زیاتر بوو وەک وابێت مەلیک شا فەرمانڕەوایەکی بوکەڵەیی بێت وابوو. جگە لەوە مەلیک شا هاوژینێکی هەبوو بەناوی تورکان خاتوون کە فێڵ باز و مەکراوی بوو بۆ بەرژەوەندی خۆی هەموو کارێکی خراپی دەکرد. 

لەو سەردەمەدا سنووری دەسەڵاتی سەلجوقی گەیشتە نزیک سنووری ئیمپڕاتۆریەتی چین، بەمەش پایتەخت لە شاری ڕەی گواسترایەوە بۆ ئەسفەهان. باشترین بەرەوپێشچوونی سەردەمی مەلیک شا بریتی بوو لە کردنەوەی زانکۆ وەک زانکۆی نیزامیە لە بەغداد لەلایەن نیزام ئەلمولک کە لقێکی زانکۆی نیزامیەی نەیشاپوور بوو کە ئەمەی نەیشاپوور بە نهێنی شوێنی پێگەیاندنی حەشاشییەکان بوو لەلایەن شەرەفەدینی توسی. 

مەلیک شا ناسناوی سوڵتانی ڕۆهەڵات و ڕۆژاوای لێ نرابوو لەلایەن خەلیفەی عەباسی، بەهۆی گرنگیدان بە کردنەوەی کتێبخانە و زانکۆ لە وڵاتەکەیدا. 

ساڵی ١٠٨٧ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوویدا ئەویش حەسەن سەباح سەرکردەی حەشاشییەکان ئایینی باتینی ئاشکرا کرد بەمەش سەلجوقییەکان هێزێکیان ڕەوانەی تەبەس کرد کە قەڵایەکی سەخت بوو و مەڵبەندی مەشق و ڕاهێنانی خۆبەختکارە ڕەهاکان بوو، جەلالودەولە شەش مانگ گەمارۆی ئەم قەڵایەی دا بەڵام نەیتوانی داگیری بکات. تا سەرەنجام فیداکاران خۆیان هێرشیان کرد و جەلالودەولەیان کوشت. دواتر خەواجە نیزام مولک کە هەمیشە هەڕەشەی لە مەلیک شا دەکرد گەر لایبدات یان بیکوژێ ئەوا خۆشی دەمرێت، حەشاشییەکان لە ساڵی ١٠٩٢ نیزام ئەلمولکیان کوشت، دوای مانگێک مەلیک شا کە لە ڕاو بوو لەگەڵ تورکان و مەحموودی جێنشینی ئەویش کرایە ئامانج و کوژرا. 

پاش ئەم ڕووداوە حەشاشییەکان زۆر باڵا دەست بوون بەسەر سەلجووقییەکان و دەسەڵاتیان هێندە زۆر بوو سوڵتانەکانیان لا دەبرد و کەسێکی تریان دادەنا، هەر وەکو چۆن بەرکیاڕەقی کوڕی مەلیک شایان لە زینداندا دەرهێنا و کردیان بە فەرمانڕەوا بەو مەرجەی هیچ ڕێگری نەکات لە حەشاشییەکان. 

فەرمانڕەوایی مەحموود و تورکان خاتوون ١٠٩٢-١٠٩٤

مەحموود کە جێنشینی مەلیک شا بوو بە فەرمی دوای کوژرانی مەلیک شا لە ١٠٩٢ بووە سوڵتانی سەلجووقی بەڵام ئەمیش تەنها وەکو دیکۆر سوڵتان بوو ئەگەرنا دەسەڵاتی ڕاستەقینە لای تورکان خاتوونی دایکی بوو. تورکان خاتوون دەیویست جەنگ دژی حەشاشییەکان بکات بەڵام دەیزانی لە جەنگی ڕووبەڕوودا شکست دەهێنێت چونکە حەشاشییەکان بۆ خاڵی لاواز زۆر ورد بوون و لەو شوێنەیان دەدا کە خاڵی لاواز بوو.

بۆیە بڕیاریدا پشتیوانی کۆ بکاتەوە لە ئێراندا بە بەکارهێنانی فرتوفێڵ بۆ ئەم مەبەستە چونکە خودی خۆی سوننە مەزهەب بوو کوردانی ڕۆژهەڵات تورکان خاتوونیان بە ستەم لێکراو دەزانی و حەشاشییەکانیشیان بە تاوانبار دەزانی ئەم هەڵوێستە و فێڵەکانی تورکان خاتوون وای کرد لە نێو خۆیاندا هێزێک دروست بکەن بۆ پشتیوانی خاتوون. بەڵام ئەو ڕاستییەش هەیە تەنها کوردەکان پشتیوانی خاتوون نەبوون بەڵکو تەواوی گەلانی ئێران لە سوننە مەزهەبەکان هاتنە پاڵ خاتوون. 

تورکان خاتوون سوودی بینی لە پاڵەوانی هەر هۆزێک و فەرمانی کوشتنی ئەو حەشاشییانەی پێ دەدان کە بە بەربەستی دەزانین وەک ئەبو حەمزەی کەفشگەر سەرۆکی قەڵای ئەرجان کە لە ئەسفەهان نیشتەجێ بوو. 

مێژوونووسان دەڵێن هیچ کەس هێندەی تورکان خاتوون لە حەشاشییەکانی نەکوشت چونکە ئەو شەڕی ڕووبەڕووی نەدەکرد بەڵکو دەگەڕا بۆ سەرکردەکانیان و شانە نووستووەکانیان ئەوانەی دەکوشت، بەڵام سەرەنجام حەشاشییەکانیان پلانەکانیان گۆڕی لە ساڵی ١٠٩٤ مەحموودی کوڕی تورکانیان لە ئەرکێکدا لە ناو برد لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی خۆ بەختکارێکەوە هێرش کرایە سەر تورکان خاتوون و ڕانی بریندار کرا بە شێوازێکی زۆر سەخت کە دەترێت ئێسکەکانی دەرکەوتن ئینجا بەهۆی ئەوەی ئەو چەقۆیە ژەهراوی کرابوو بەڵام کاریگەری لەسەر کەسی بەرکەوتوو بەم ژەهرە دەرنەدەکەوت بەخێرایی یەک مانگ لە ژێر چارەسەردا مایەوە کە شوێنی برینەکەی بۆگەن بوو و یەکی نەدەگرتەوە لە ژێر ئازارێکی زۆردا کە پێستی ڕەش هەڵگەڕا بوو گیانی لە دەستدا. 

کۆتایی دەوڵەتی سەلجوقی

لە دوای هاتنە سەر تەختی بەرکیاڕەق واتا پاش مردنی مەحموود و تورکان خاتوون مێژوونووسان ئەم سەردەمە دادەنێن بە سەردەمی حووکمی حەشاشییەکان چونکە خۆیان فەرمانیان به سوڵتانەکان دەکرد چی بکەن و چی نەکەن. بەتایبەتی بەرکیارەق چونکە ئەوەی لەبەرچاو بوو حەشاشییەکان لە سێدارەدان ڕزگاریان کردبوو و ئەو ناو ناوبانگەی تورکان لێی زەوت کردبوو حەسەن سەباح بە زیاتر پێیدایەوه. بەم جۆرە حەشاشییەکان خۆیان حووکمی ئێرانیان دەکرد و کەسێکیان بە دڵ نەبایە فەرمانی کوشتنیان دەردەکرد وەک براکەی مەلیک شا کە لێیان هەڵگەڕایەوە حەشاشییەکان کوشتیان. 

ئەم بارودۆخە زۆر ناهەموار بوو چونکە کوشتن زیادی کردبوو هیچ کەس لە ژیانی خۆی دڵنیانەبوو بۆیە تا دەهات لاوازی ڕووی لە پێگەی سەلجوقییەکان دەکرد تا لە ساڵی ١١٩٤ خاکەکەیان لەلایەن خوارزمییەکانەوە داگیرکرا و لەناوچوون، کۆتا سوڵتانیشیان بریتیبوو لە تۆغرولی سێهەم. 


سەرچاوەکان



84 بینین