یوتیوب

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-08-30-23:57:00 - کۆدی بابەت: 10087
یوتیوب

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یوتیوب (بە ئینگلیزی: Youtube، بە عەرەبی: الیوتیوب) سەکۆیەکی ئەمریکی بڵاوکردنەوەی گرتەیە و یەکێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەناوبانگەکان، بەرهەمهێنەرانی ئەم بەرنامەیە چاد هورلی و ستیڤ چین و جاوید کەریمن و لەلایەن گوگڵەوە خاوەندارێتی دەکرێت، یوتیوب دووەم بەناوبانگترین بەرنامەیە لە ڕووی زۆری ژمارەی سەردانکردنەوە لەدوای بەرنامەی گوگڵ سێرچەوە (Google search).

مێژوو

هەر لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٥ بەرهەمهێنەرانی یوتیوب لە شاری سان برونۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا بیرۆکەی دروستکردنی بەرنامەکەیان گەشە پێدا و دەستیان کرد بە دروستکردنی، لە ساڵی ٢٠١٦ لەدوای ١٠ مانگ لە دروستکردنی بەرنامەکە کۆمپانیای گوگڵ یوتیوب دەکڕێتەوە بە بڕی ١,٦٥ بلیۆن دۆلار، گوگڵ کۆمەڵە گۆڕانکارییەکی زۆری لە بەرنامەکە کرد و بەرەو پێشی برد، یوتیوب سەرەتا تەنیا ماڵپەڕێک بوو, بەڵام کۆمپانیاکە وای کرد بتوانرێت لەلایەن هەموو کەس و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەک مۆبایل و تەلەڤزیۆن و کۆمپیوتەر بتوانرێت بەکاربهێنرێت و بە چەندین بەرنامەی تر ببەسترێتەوە، بڵاوکردنەوەی گرتە لەلایەن خەڵکییەوە هۆکار بوو بۆ بەناوبانگبوونی بەرنامەکە و بەکارهێنانی لەلایەن بەشێکی زۆری خەڵکەوە، تێچووی پێویست بۆ دروستکردنی یوتیوب بە نزیکەیی بڕی ٢٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو، یەکەمین گرتەی یوتیوب لە ٢٥ـی نیسانی ٢٠٠٥ بوو لەژێر ناونیشانی (من لە باخچەی ئاژەڵان) لەلایەن جاوید کەریمەوە بڵاوکرایەوە، لە کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥ ژمارەی بینەرانی گرتەکانی یوتیوب دەگەیشتە ٨ ملیۆن کەس لە ڕۆژێکدا، لە ساڵی ٢٠١٥ـش بەرنامەیەک تایبەت بە منداڵان دروست کرا لەژێر ناوی (Youtube Kids) کە یارمەتی پەروەردەی منداڵەکانی دەدا و تەمەنیانی ڕەچاو دەکرد، لە ساڵی ٢٠١٨ بارەگای کۆمپانیاکە لە سان برونۆ هێرشی کرایە سەر و بووە هۆی بریندار بوونی ٤ کەس و مردنی هێرشکەرەکە.

تایبەتمەندییەکان

یوتیوب بە جۆرێک دروستکراوە بتوانرێت لە هەموو سیستمەکانی مۆبایل و هەر ئامێرێکی تری زیرەک بتوانرێت بکرێتەوە بەکاربهێنرێت، گرتەکانی یوتیوب کۆمەڵە کوالێتی تایبەت بە خۆیان هەیە ئەوانیش لە (144p) دەست پێدەکات تا دەگاتە (1080p) کە لەگەڵ بەرزکردنەوەیدا گرتەکە جوانتر و باشتر دەردەکەوێت و تەڵخییەکانیان نامێنێت، بەرزبوونەوەی کوالێتی بەرنامەکە زیاتر سەرنجی بینەرانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا، بڵاوکردنەوەی گرتە لەلایەن کەسانی خاوەن هەژماری یوتیوب و جێهێشتنی بیروڕا (comment) لەژێر گرتەکان و هەڵگرتنی گرتە و زیادکردنی بۆ بەشی گرتە دڵخوازەکانت کۆمەڵە تایبەتمەندییەکی تری یوتیوبن، بەکارهێنەرانی یوتیوب دەتوانن بەشداری لە کەناڵەکانی یوتیوب بکەن و کە یارمەتییان دەدات بینەری گرتەکان بن لە کاتی بڵاوکردنەوەیان، هەروەها چالاککردنی ئاگادارکەرەوەکانی کەناڵەکان کە یارمەتیت دەدات و لە کاتی دانانی هەر گرتەیەک ئاگادارت دەکاتەوە، تایبەتمەندییەکی تر دابەزاندنی گرتەکانی یوتیوبە کە دەتوانرێن بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەبێ بوونی هێڵی ئینتەرنێت لە مۆبایلەکەتدا کاریان پێ بکەیت و سوودیان لێ ببینیت، بەکارهێنەران دەتوانن پەخشی ڕاستەوخۆ بکەنەوە یوتیوب و بینەرانیش (comment) جێبهێڵن لەژێر پەخشەکەدا و بیروڕای خۆیان دەرببڕن، یوتیوب شێوازێکی بەدەستهێنانی پارەی بەناوبانگە لە هەموو جیهان خەڵکێکی زۆر بژێوی ژیانیان لەم بەرنامەیە بەدەست دەهێنن.

چۆن لە ڕێگەی یوتیوب پارە بەدەست دەهێنرێت؟

بەدەستهێنانی پارە لە یوتیوب لە ڕێگەی ڕێژەی بینینی گرتەکەوە دەکرێت، یوتیوب بۆ هەر هەزار بینەرێک بڕی ٥ دۆلار دەبەخشێت بە خاوەن کەناڵەکە، واتا ئەگەر ژمارەی بینەرانی گرتەیەک بگاتە ١٠٠,٠٠٠ کەس دەتوانیت بڕی ٥٠٠ دۆلار بەدەست بهێنیت، خاوەن کەناڵەکانی یوتیوب بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک و بەرزکردنەوەی ڕێژەی بینەر بیرۆکەی جیاواز بەکاردەهێنن، ئەوانەش پێکدێن لەو گرتانەی کاری داهێنانی تێدا ئەنجامدەدرێت یاخود شێوازی ماکیاژکردن لەلایەن کەسێکی شارەزاوە کە سەرنجی خانمان بۆ خۆیان ڕادەکێشن، هەروەها گرتەی یاریکردن بە تایبەت یارییەکانی (PUBG mobile و Fornite) کە سەرنجی ئەو کەسانە ڕادەکێشن کە ئارەزووی یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن بەتایبەت منداڵ و هەرزەکاران، ڕێکلام کردن لە ڕێگەی یوتیوبەوە ڕێگایەکی باوی پەیداکردنی پارەیە و چەندین کۆمپانیا ئەم تەکنیکە بەکاردەهێنن وەک کۆمپانیای کۆکا کۆلا (Coca Cola) بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک و هاندانیان بۆ کڕینی بەرهەمەکە، دروستکردنی ڤلۆگ (vlog) و بڵاوکردنەوە شێواز و چالاکییەکان و ئامادەکردنی خواردن و گەشتکردن و بڵاوکردنەوەی گۆرانی یان زانیاری ئایینی و چەندین بواری ترن بۆ ڕاکێشانی سەرنج و کۆکردنەوەی بینەر.


سەرچاوەکان



721 بینین