ئیبن ئەثير

له‌لایه‌ن: - نهاد جه‌لال - به‌روار: 2020-06-11-19:08:00 - کۆدی بابەت: 132
ئیبن ئەثير

ناوه‌ڕۆك

ژیان و پێگه‌شتنی

ناوى عەلى كوڕی موحەممەدى كوڕی موحەممەدى كوڕی عەبدولكەریمی كوڕی عەبدولواحیدی جزیری شەیبانیە، ناسراوە بە عیزەدین ئیبنولئەثير،[1] زانایەكى گەورەى موسڵمانانە و بە رەچەڵەك كوردە.

لە چوارى مانگى جەمادیلئوولاى ساڵی 555 كۆچی لە جزیرەى ئیبن عومەر لەدایك بووە.[2] دوو براى دیار و زاناى هەبوو كە ئەوانیش بریتی بوو لە مەجدەدین و وەزیر ضيائەدین.[3]

پاش ماوەیەك لە ژیانیان باوكیان ئەوانى بردووە بۆ موصڵ، لەوێ دەرفەتى زیاتریان بۆ لواوەو نەویونەتە زانست و هەوڵیانداوە تا ئەوەى بوونەتە كەسی دیار و هەڵكەوتە.[4]

سەردەمى ژیانى ئەم زانایە هاوسەردەمى سەركردەى گەورەى ئیسلامى كورد صەلاحەدینی ئەیووبیە و بە وردیش زۆر رووداوى پەیوەست بەو سەركردەى لە كتێبە مێژووییەكەیدا (الكامل فی التاریخ) تۆمار كردووە.[5]

مامۆستاكانی

خەطيب ئەبولەضلى طووسى 

یەحیاى كوڕی مەحموودى ثهقەفی   

موسلیمی كوڕی عەلى سیحی 

عەبدولمونعیم ئیبن كولەیب  

یەعیشی كوڕی صەدقە 

عەبدولوەهابی كوڕی سكینە

ئەبولقاسم ئیبن صەصری.

 

خوێندكارەكانى

ئیبندوبەيثى 

مەجدەدین ئیبنولعەدیم 

زانا ئەلقووصی 

ئیبن عەساكیر كە فەرموودەى لێوە گێڕاوەتەوە 

ئەبوو سەعیدی قضائی.[6]

ماڵەكەى لە موصڵ ببووە لانەیەك بۆ زانایان و زانستخوازان، زانایەكى دیارى هەڵكەوتە بوو لە هەردوو بوارى مێژوو  و فەرموودەشدا.[7]

دیارترین نووسینەكانى

أسد الغابة في معرفة الصحابة

الكامل في التأريخ

التاريخ الباهر في الدولة الأتابكية

جامع الأصول في أحاديث الرسول

اللباب في تهذيب الأنساب

ئیبن ئەثير سەر بە مەزهەبی ئیمامى شافیعی بووە.[8]

لە كۆتاییەكانى تەمەنیدا بە تەواوەتى روویكردوەتە زانستى فەرموودە و خۆی سەرقاڵ كردووە بەو بوارەوە.[9]

زیاتر ده‌رباره‌ی ئیبن ئه‌ثیر

لە ساڵی 626 كۆچیدا وەك نوێنەر چووە بۆ شام و لە دیمەشق و حەلەب سەرقاڵی فەرموودە بووە، لەوێ طواشی شەهابەدین  طوغرول  بە گەرمی پێشوازى لێكردووەو رێزى زۆری گرتووە، پاشان لە ساڵی 627 دا چووە بۆ دیمەشق، ماوەیەك لەوێ ماوەتەوەو دواتر لە ساڵی 628 دا گەڕاوەتەوە بۆ حەلەب و ماوەیەكى كەم لەوێ ماوەتەوە ئینجا گەڕاوەتەوە بۆ موصڵ.[10]

سەبارەت بە مردنى راجیایی هەیە لەسەر مانگى مردنەكەى، لە ساڵی 630 كۆچیدا وەفاتى كردووە، رایەك پێی وایە لە مانگى رەمەزاندا مردووە، رایەكى تر پێی وایە لە 25 شەعباندا وەفاتى كردووە، رایەكى تر هەیە كە دەڵێت لە مانگى شەعباندا بووە بێ ئەوەى رۆژەكەى دیارى بكات، بەڵام ئیمامى ذەهەبی دەڵێت دەست نووسێكیم دیوە كە تەصحیحی نووسینێكى كردووە لە پانزەى شەعباندا نووسیویەتى، واتە تا ئەوكاتە وەفاتى نەكردووە.[11]

كاتێ وەفاتى كردووە تەمەنى حەفتا و پێنج ساڵ بووە.[12]

 

كتێبی (أسد الغابة في معرفة الصحابة)

نووسەر لەم كتێبەدا هەوڵیداوە ناوى هەموو ئەو هاوەڵانە بهێنێت كە ناویان زانراوەو رەچەڵەكیان باس بكات، كاتى موسڵمان بوونیان و ژیانیان لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و هەندێ لەو فەرموودانەى كە گێڕاویەتیەوە دێنێ، دواتریش شوێن و كاتى وەفاتى دێنێ، ناوى ئەوانەشی هێناوە كە راجیایی هەیە لەسەر هاوەڵبوونى، هەروەها ناوى ئەو جنۆكانەش دێنێ كە باوەڕدار بون بەڵام راستەوخۆ دان نانێت بە هاوەڵ بوونیاندا، پێچەوانەى ئیبن حەجەر كە راشاكاوانە بە ناوهێنانى ئەو جنۆكانە بە هاوەڵیان دەزانێت مادەم مەرجەكانى هاوەڵ بوونیان تێدایە.

لەم كتێبەدا ئیبن ئەثير ژیانى 7554 كەسایەتى هێناوەو هاوەڵ بوونى هەركام لەوانەى باسكردووە، ئەوەشی گومان هەیە لەسەر هاوەڵبوونى ئاماژەی پێداوە، تیایدا زۆر پشتى بەستووە بە هەریەك لە نووسینەكانى ئەبوو موسا و ئیبن مەندە و ئەبوو نوعەیمی ئەصبەهانى و ئیبن عەبدولبەر تایبەت بە هاوەڵان، ئەم كتێبە یەكێكە لە ناوازەترین نووسینەكانى تایبەت بە هاوەڵانى پێغەمبەرى خوا(صلى الله عليه وسلم).

په‌راوێزه‌كان

[1] - ابن خلكان: وفيات الأعيان، ج3ص ، الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج22 ص353، ابن كثير، البدايةو النهاية، ج13، ص139، ابن العماد الحنبلي: شذرات الذهب، ج5ص137.

[2] - ابن خلكان: وفيات الأعيان، ج3ص349.

[3] - الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج22 ص353.

[4] - ابن خلكان: وفيات الأعيان، ج3ص349

[5] - بڕوانە كتێبەكەى خۆی (الكامل في التأريخ).

[6] - الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج22 ص 354.

[7] - ابن خلكان: وفيات الأعيان، ج3ص348.

[8] - ابن العماد الحنبلي: شذرات الذهب، ج5ص137.

[9] - الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج22 ص356.

[10] - ابن خلكان: وفيات الأعيان، ج3ص349.


سەرچاوەکان



44255 بینین