عەبدولعەزیز تەرێفی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-24-22:05:00 - کۆدی بابەت: 12300
عەبدولعەزیز تەرێفی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شێخ عەبدلعەزیز تورەێفی یان الترێفی یان عەبدولعەزیز تەرێفی (بە عەرەبی: عبدالعزیز الطریفي، بە ئینگلیزی: Abdulaziz al-Tarefe) بیرمەند و زانا و نووسەری سعوودی ئیسلامییە و پسپۆڕی بواری فەرموودەناسییە.

زانیاری گشتی

ناوی تەواوی عەبدولعەزیزی کوڕی مەرزوق
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون  ١٩٧٦، کوێت
ئاستی خوێندن بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە کۆلێجی شەریعە، پسپۆڕی فەرموودەناسی
نەتەوە عەرەب
ڕەگەزنامە  سعوودی
پیشە   نووسەر، بیرمەندی ئیسلامی، بانگخواز، زانای ئایینی

ژیاننامە

لە ساڵی ١٩٧٦ لە کوەیت لەدایکبووە، پاشان هەر لە تەمەنی منداڵی و لاوییەوە کوەیت بەجێدەهێڵێت و لە نێوان عێراق و سووریا و میسر و سعوودیە هاتووچۆ دەکات تاکوو لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە نیشتەجێ دەبێت. لە تەمەنی لاوی لە ١٣ ساڵی هەموو قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە و هەر شەش کتێبی فەرمودەی بوخاری، موسلم، نیسائی، وئیبن ماجەی لەبەرکردوە لەگەڵ چەندین کتێبی فیقهـ و ئوسوڵ و عەقیدە.

لە زانکۆی (الإمام الرياض) بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێجی شەریعە بەدەستهێناوە. شێخ لە زانستی شەرعیدا شارەزاییەکی زۆری هەیە لە زۆر بەش لە زانستەکانی شەریعەتدا بە تایبەت تەفسیر و فەرموودەناسی و عەقیدە زۆر لێهاتووە.

شێوازی نووسینی

پەراوێزی کتێبەکانی و دەوڵەمەندی ئاماژە پێکردنەکانی و تێبینییەکانی بەڵگەن بۆ فراونی و زۆر ئاگاداربوون لە بەرهەمەکانی هزری مرۆڤایەتی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، هزرێکی مەنهەجی ڕەخنەگر بۆ ئەو بابەتانەی دەیخوێنێتەوە و لە خۆیدا وێنای دەکات و لە نووسینەکانی دەیخاتەبەرباس.

گرنگترین کتێب و بەرهەمی نووسینی

  • العقلية الليبرالية في وصف العقل ووصف النقل (ئەم کتێبەی وەڵامێکی عەقڵانی وشەرعییە دەربارەی  ڕێبازی لیبڕاڵی و عەلمانییەکانی سعودیە و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.)
  • الخرسانیە 
  • المغریبە
  • التحجيل في تخريج مالم يخرج من الأحاديث والآثار في إرواء الغليل
  • زوائد سنن أبي داود على الصحيحين، والكلام على علل بعض حديثه.
  • شرح حديث جابر الطويل في صفة حجة النبي.
  • الإعـلام بشرح نواقض الإسلام
  • توحيد الكلمة على كلمة التوحيد (رسالة صغيرة)
  • العلماء والميثاق
  • الغناء في الميزان
  • المعتزلة في القديم والحديث
  • أسانيد التفسير
  • صفة صلاة النبي
  • الأربعون النووية المسندة والتعليق على المعلول منها (مذكرة)
  • اضطراب الزمان 
  • المسائل المهمة في الأذان والإقامة
  • الحرية بين الفكر والكفر، (تاکوو ئێستا ڕێگریکراوە کە ئەم کتێبە بڵاوبکرێتەوە.)
  • الاختلاط تحرير و تقرير و تعقیب، (ئەم کتێبە تەنها لە پێشەنگای کتێب لە سعودییە سالی ٢٠١٠ حەوت هەزار دانەی لێفرۆشرا)
  • الفصل بین النفس و والعقل (ئەم کتێبە لە ساڵی ٢٠١٨ لە زیندان نووسییەتی بڵاویکردوەتەوە)

زیندانیکردنی

شیخ عەبدولعەزیز چەند جارێک لەسەر قسە بوێرەکانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعوودیەوە گیراوە و دەستگیرکراوە و دوورخراوەتەوە و لە وانەوتنەوە و وتاردان ڕاگیراوە، لە ساڵی ٢٠١١ بەهۆی بۆچوونەکانی لەسەر پرسی ژنان و لیبڕاڵییەت لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعوودیەوە لە وتاردان و وانەوتنەوە دوورخرایەوە و قەدەغەکرا کە هیچ وانەیەک بڵێتەوە.

لە پڕۆژە و میانەی دەسگیرکردن و دوورخستنەوەی بانگخوزان لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعوودیەوە لە ٢٣ـی نیسانی ساڵی ۲۰۱٦ کۆتا جاربوو کە زیندانی کرا، ئەویش بە بیانووی بڵاوکردنەوەی تویتێک بوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لەکاتی سەردانیکردنی باراک ئۆباما سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا بۆ سعوودیە و لە تویتەکەدا نووسیبووی "هەندێک دەسەڵاتدار وادەزانن کە ئەگەر دەستبەرداری بەشێک لە ئایینەکەیان بن و بێ‌باوەڕان ڕازی بکەن ئەوە فشارەکانیان کەم دەبێتەوە و ڕەزامەندییان بەدەست دەهێنن، بەڵام نازانن کە ئەم دەستبەرداربوونە بەردەوام دەبێت و هیچ کات ڕەزامەندی ئەوان بەدەستناهێنن".

بەبێ بوونی هیچ تۆمەتێکی فەرمی چەند ساڵێکە بەبێ دادگاییکردن لە زیندانە و هیچ هەواڵێک لەسەری نییە.


سەرچاوەکان



65 بینین