هەوکردنى کۆئەندامى میزەڕۆ

له‌لایه‌ن: - شاهید عبدالرحمن - به‌روار: 2020-06-16-15:09:00 - کۆدی بابەت: 150
هەوکردنى کۆئەندامى میزەڕۆ

ناوه‌ڕۆك

کۆئەندامى میز و میزەڕۆ

كۆئەندامى میز و میزەڕۆ پێکدێت لە دوو گورچیلە و دوو بۆرى میزەڕۆ و تورەکەى میزەڵدان و میزەجۆ، میزەجۆ لە ئافرەتدا کورتترە بە بەراورد بە پیاوان ئەمەش ئەگەرى توشبوون بە هەوکردنى میزەڵدان لە ئافرەتاندا زیاد دەکات.


ساڵانە لە ئەمریکا نزیکەى 6 ملیۆن کەس سەردانى ناوەندە تەندروستیەکان دەکەن بۆ ئەو مەبەستە کە زۆربەیان هەوکردنى میزەڵدان (cystitis) هەیە و ژمارەیەکى کەمیان سەردەکێشێت بۆ هەوکردنى گورچیلەکان (pyelonephritis)، سەرەکى ترین هۆکارى توشبوون بە بەکتریاى
(Eschrichia coli)ە لە پاڵ کۆمەڵێک بەکتریاى تردا.

نیشانەکانى

1- میزکردنى بەئازار و کزانەوە.
2- زوو زوو و بەپەلە چوون بۆ میز کردن.
3- ناڕەحەتى و ئازار لە ناوچەى حەوز و خوارەوەى میزەڵدان.
4- گۆڕانى ڕەنگ و بۆنى میز.
5- خوێناوى بوونى میز.
6- شەکەتى و کەم هێزى و هەندێک جار ئازارى پەلەکانى خوارەوە .


ئەگەر هەوکردنى گورچیلەکانى لەگەڵدا بێت ئەوا نیشانە گەلێکى زیاترى دەبێت کە ئەمانەن

- لەرز و تا
- ئازارى توندى کەمەر
- هێڵنج و ڕشانەوە


دیارى کردنى نەخۆشیەکە

• لە ڕێگەى پشکنینى گشتى مایکرۆسکۆپى میزەوە بۆ بوونى زیاتر لە 10 خڕۆکەى سپى یان نایترەیت و خوێن و ڕێژەیەکى کەمى پڕۆتین.
• چاندنى میز (زەرعى میز) بۆ ئەو کەسانەى بەرگرى لەشیان کەمە یان دووبارەبوونەوەى هەوکردنیان هەیە یاخود پێشتر دەرمانى دژە میکرۆبى بەکار هێنابێت و کەسانى بەساڵاچوو.
• زۆرجاریش پێویست بە سۆنەى حەوز و گورچیلەکان دەکات .

چارەسەر

گرنگى دان بە پاکوخاوێنى و خواردنەوەى ئاو وشلەمەنى زیاتر و خۆپاککردنەوە لە پێشەوە بۆ دواوە لەکاتى سەرئاو کردندا،لەگەڵ دەرمانى گونجاوى دژە بەکتریا لەلایەن پزیشکەوە بۆ ماوەى (5-7) ڕۆژ یاخود زیاتر بە گوێرەى سەختى نەخۆشیەکە و نیشانەکانى و دەرئەنجامى زەرعى میزەکە.


هۆکارەکانى دووبارە بوونەوەى هەوکردنى میزەڵدان لە ئافرەتاندا

سەرجێى (سێکس)

دەبێتەهۆى جوڵە پێکردنى بەکتریا لە نێوان کەناڵى زاوزێ و میزەڕدا، باشترە نیو کاتژمێر پێش یان نیو کاتژمێر دواى سەرجێى میز بکەیت، هەروەها حەمام کردن یان غوسڵ دەرکردن سودى خۆى هەیە.

تەمەنى بێئومێدى

بەهۆى گۆڕانى ترشى ناو زێ لەگەڵ دابەزینى ڕێژەى ئیسترۆجین .

قەبزى

بەجۆرێک کە ڕێگر دەبێت لە تەواو خاڵى بوونەوەى میزەڵدان لە کاتى میزکردندا .

بەرزى شەکرەى خوێن

بەهۆى بوونى شەکر لە میزى نەخۆشەکەدا کە یارمەتى گەشەى میکرۆب دەدات لە بەرامبەردا دابەزینى بەرگرى لەش.

هێشتنەوەى میز بۆ ماوەیەکى درێژ

بۆ زیاتر لە 6 کاتژمێر ئەو ئەگەرە زیاد دەکات.

ووشک بوونەوە

خواردنەوەى ئاو بۆ زیاتر لە شەش پەرداخى 8 ئۆنسى یارمەتى شۆرینەوەى کۆئەندامى میزەڕۆ دەدات لە میکرۆب.

پاکوخاوێنى

زوو گۆڕینى پێداویستیە تایبەتەکانى ئافرەتان وەک سانتى (پاد) هەر (4-6) کاتژمێرێک و تاپوون هەر 4 کاتژمێرێک


جل و بەرگى ژێرەوە

پێویستە لە پێکهاتەى لۆکە و هەواکێش بێت بۆ ڕێگرى لە بەردەوام هێشتنەوەى ناوچەى زێ و میزەڕۆ بە شێدارى کە یارمەتى گەشەکرنى بەکتریا دەدات .


بەردى گورچیلە

هەندێک جار دەبێتە هۆى ڕێگرى میز و گەڕانەوەى بۆ گورچیلە و ڕوشان و بریندار بوونى میزەڕۆ و میزەڵدان .

 

سه‌رچاوه‌كان

 

سایتی کوردیۆ


سەرچاوەکان



4762 بینین