یاسر عەرەفات

له‌لایه‌ن: - یوسف علی - به‌روار: 2021-07-12-21:00:00 - کۆدی بابەت: 86
یاسر عەرەفات

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یاسر عەرەفات بە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانى ململانێى عەرەب – ئیسرائیل هەژماردەکرێت، و بە یەکێک لە سەرکردەکانی جەنگی مافەکانی فەڵەستین دەناسرێت.

سەرەتای ژیانی

تا ئێستا گومان هەیە لە شوێنى لەدایکبوونى محەمەد عەبدول ڕەئوف ئەلقودرە ئەلحوسەینى کە دواتر بە یاسر عەرەفات یان باوکە عەممار ناسرا، زۆرترین ڕاکان لەسەر ئەوە هاوڕان کە ناوبراو لە 24 ى ئابی 1929 لە قاهیرە لەدایک بووە، باوکى بازرگان بووە لە ساڵى 1927دا کۆچى کردووە بۆ قاهیرە و لە گەڕەکى سەکاکینى نیشتەجێ بووە، کاتێک تەمەنى عەرەفات چوار ساڵان دەبێت دایکى کۆچى دوایی دەکات، باوکى لەو تەمەنەدا دەینێرێت بۆ قودس و لەوێش بە شۆڕشەکانى ساڵى 1936 کارتێکراو دەبێت.

ئاستى خوێندن

ساڵى 1937 جارێکى دیکە دەگەڕێتەوە بۆ قاهیرە بۆ ئەوەى لەگەڵ خانەوادەکەیدا ژیان بەسەر بەرێت، دواتر پەیوەندى کردووە بە کۆلێژى ئەندازیارى لە زانکۆى مەلیک فاروق کە ئێستا بە زانکۆى قاهیرە ناسراوە و پسپۆڕى لە ئەندازیارى شارستانى وەرگرتووە و لە ساڵى 1951 خوێندنى زانکۆ تەواو دەکات، دواتر لە یەکێک لە کۆمپانیا میسڕییەکاندا کار دەکات، لەکاتى خوێندندا ڕابیتەى دەرچووانى فەڵەستینى دامەزراندووە کە جێگاى گرنگی پێدانى ژمارەیەکى زۆر لە دەزگاکانى ڕاگەیاندنى میسڕى بووە، لە ساڵى 1956 دا لەگەڵ سووپادا بەرگرى لە میسڕ کردووە لە دژى دەستدرێژى سێ دەوڵەتی "بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیسرائیل" بۆ سەر میسڕ.

ژیانى کۆمەڵایەتى

یاسر عەرەفات لەتەمەنێکى دواکەوتوودا ژیانى هاوسەرى لەگەڵ خاتوو سوها ئەلتەویل پێکهێناوە و یەک کچى لێی بووە.

ئاڕاستەى بیرکردنەوە

یەکێکە لە نەتەوەییەکانى عەرەب کە لە پەنجاکانى سەدەى بیستدا دەرکەوتن و لە شەستەکان و حەفتاکاندا ڕۆڵى بەرچاویان هەبوو، سەرەتا لەڕێگاى سەربازییەوە دژ بە ئیسرائیل دەستى کرد بە خەبات کردن و دواتر لەڕێگاى دانوستانەوە درێژەى بە خەبات داوە، بە هۆى ڕێککەوتننامەى ئۆسلۆوە ئاشتى بەرقەرارکرد و دەسەڵاتى فەڵەستنى لە کەرتى غەززە و بەرەى خۆرئاوا دامەزراند.

لە ئەیلولى 2001 و لە ئاکامى سەردانیکرنى ئیرێل شارۆن بۆ مزگەوتى ئەقسا جارێکى دیکە ڕاپەڕینەکان دەستى پێکردەوە بەهۆى ئەو نائومێدییەى باڵى کێشابوو بەسەر پڕۆسەى دانوستانەکان و دامەزراندنى دەوڵەتى فەلەستین و گەڕانەوەى ئاوارەکانەوە، لە سەرەتاکانى 2002 دا عەرەفات چەند لێدوانێکى دا کە پاڵپشتى لە ڕاپەڕینەکان دەکرد، بەڵام لە هەمانکاتدا ناڕەزایەتى دەربڕى سەبارەت بە بەئامانجگرتنى هاوڵاتى سڤیل لە هەردوولاى فەڵەستینى و ئیسرائیلی.

ژیانى سیاسی

بزووتنەوەى فەتح

ساڵى 1958 عەرەفات کۆچى کرد بۆ کوەیت تاوەکو وەکو ئەندازیارێک کار بکات، لەوێ لەگەڵ هاوڕێکەیدا بەناوى خەلیل ئەلوەزیر "ئەبو جیهاد" شانەیەکى شۆڕشگێڕییان دامەزراند بەناوى فەتحەوە کە کورتکراوەی ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەڵەستینە، هەروەها گۆڤارێکیان دەرکرد بۆ نیشاندانى خەمەکانى گەلى فەڵەستین و ناویان نا "فەڵەستینەکەمان"، هەر لەو کاتەوە هەوڵى دا کە ئەو بزووتنەوەیە فۆڕمێکى یاسایی وەربگرێت و ڕەوایەتى هەبێت و بۆیە پەیوەندى بە زۆرێک لە سەرکردە عەرەبەکانەوە کرد، دواتر سەرکەوتنى بەدەست هێنا و یەکەم نوسینگەى لە جەزائیر لە ساڵى 1965دا کردەوە تاوەکو بتوانێت کارە دیبلۆماسییەکانى لەوێوە ڕابپەڕێنێت.

لە شەڕى 1967 دا

لە ساڵى 1967 ناوى یاسر عەرەفات بە تەواوەتى درەوشایەوە پاش ئەوەى کە توانى سەرکردایەتى هەندێک چالاکى فیداکارى لە جەنگى 1967 دا لە دژى سووپاى ئیسرائیل ئەنجام بدات، ئەو چالاکییانەشى لە خاکى ئوردونەوە ئەنجام دەدا، ساڵێک دواى ئەوە سەرۆکى میسڕ "جەمال عەبدول ناسر" وەکو نوێنەرى گەلى فەڵەستین دانى پێدانا.

سەرۆکایەتى ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەلەستینى

ساڵى 1969 ئەنجومەنى نیشتمانى فەڵەستین یاسر عەرەفاتى وەکو سەرۆکى لیژنەى جێبەجیکردنى ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەڵەستینى هەڵبژارد لە جێی یەحیا حەمودە، لەمە بەدواوە قۆناغێکى دیکە لە ژیانى سیاسی ناوبراو دەستى پێکرد.

وتارى لە نەتەوە یەکگرتووەکان

لە 13 ى تشرینى دووەمى 1974 دا وتارێکى لەبەردەم کۆمەڵەى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشکرد و تیایادا تەواوى نەهامەتییەکانى گەلى فەڵەستینى خستەڕوو، هەروەها داواى پشتگیرى وڵاتانى کرد بۆ بەدەست هێنانى دادپەروەرى و لە وتەکانیدا وتى کە "من هاتووم بۆ ئێرە و بە دەستێکمەوە چڵێک دارى زەیتوون و بەدەستەکەى دیکەمەوە تفەنگێکى تۆڵە سەندنەوەم پێیە، دارە زەیتوونەکە لە دەستم مەخەنە خوارەوە، باش بزانن کە جەنگ لە فەڵەستینەوە هەڵدەگیرسێت و لە فەڵەستینەوە ئاشتى دەست پێدەکات".

ئەیلولى ڕەش

ساڵى 1970 پێکدادان لە نێوان سوپاى ئوردون و یەکە سەربازییەکانى بەرگرى فەڵەستین لە ئوردون ڕووى دا، بەهۆیەوە قوربانى لە هەردوولا کەوتەوە، دواى نێوەندگیرى وڵاتانى عەرەبی، بەرگرى فەڵەستین بە سەرۆکایەتى یاسر عەرەفات بڕیارى دا کە لە ئوردون بچێتە دەرەوە و بە شێوەیەکى کاتى لە لوبنان بارەگا دابنێن، ئەو ڕووداوانەش بە "ئەیلولى ڕەش" ناوبران.

لە لوبنان

لە ماوەى ساڵانى 1978 تاوەکو 1982 ئیسرائیل گورزى گەورەى لە هێزەکانى بەرگرى فەڵەستینى لە لوبنان وەشاند، لە ساڵى 1978دا چەندین بارەگاى ئەو هێزانەى خاپورکرد و بە درێژى چوار بۆ شەش کیلۆمەتر هاتە ناو خاکى لوبنانەوە و پشتێنەیەکى ئەمنى دامەزراند، لە ساڵى 1982 هێرشی تەواوى کرد سەر خاکى لوبنان و بەشێکى زۆرى پایتەختى لوبنانى داگیر کرد، ئەمەش هێزەکانى بەرگرى ناچارکرد کە لە لوبنان و لەژێر چاودێرى نێودەوڵەتیدا ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

لە تونس

سێیەمین وێستگەى عەرەفات دواى عەممان و بەیروت تونس بوو، لەگەڵ ئەوەى کە ئەو پایتەختە لە ڕووى جوگرافییەوە دوور بوو لە ئیسرائیلەوە بەڵام دەزگاى هەواڵگیرى ئیسرائیل دەستى پێیان گەیشت و هەریەک لە خەلیل ئەلوەزیر "ئەبو جیهاد" و صلاح خەلەف" ئەبو ئییاد"ـی تیرۆر کرد، ئەو ماوەیە بەوە دەناسرێتەوە کە عەرەفات لە هەوڵى بەردەوامدا بووە بۆ پارێزگاریکردن لە یەکگرتوویی ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەڵەستینى.

ڕاگەیاندنى دەوڵەتى فەڵەستین

پاڵپشت بە مافە مێژوویی و جوگرافییەکانى فەڵەستین، ئەنجومەنى نیشتمانى فەڵەستینى لە تشرینى دووەمى ساڵى 1988دا دەوڵەتى فەڵەستینى ڕاگەیاند و قودسی پیرۆزى بە پایتەختى ئەو دەوڵەتە ناوبرد، هەروەها لە جەزائیر حکومەتێکى کاتى ڕاگەیاند.

داننان بە ئیسرائیلدا

لە کانونى دووەمى 1988دا یاسر عەرەفات جارێکى دیکە وتارێکى لەبەردەم کۆمەڵەى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشکرد و تیایدا دانى نا بە دەوڵەتى ئیسرائیل و هەموو جۆرەکانى تیرۆرى ڕەتکردەوە، لەدواى ئەمەوە بەشێکى زۆر لە وڵاتان دانیان نا بە دەوڵەتى فەڵەستیندا.

سەرۆکى دەوڵەتى فەلەستین

لە نیسانى 1989 دا ئەنجومەنى ناوەندى فەڵەستینى یاسر عەرەفاتى دیاریکرد بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى فەڵەستین و هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند کە لە پەیوەندى نهێنیدایە لەگەڵ ئیسرائیلدا بەمەبەستى پاڵنان بە پڕۆسەى ئاشتییەوە.

جەنگى کەنداوى دووەم

ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەڵەستینى لەو کاتەدا هەڵوێستێکى وەرگرت کە وا لێکدەدرایەوە کە پاڵپشتى داگیرکردنى کوەیت دەکات لەلایەن عێراقەوە و ئەمەش بارودۆخى فەڵەستینییەکانى لە وڵاتانى دوورگەى عەرەبی ڕووبەڕووى هەڕەشە کردەوە، هەروەها کاریگەرى نەرێنى هەبوو لەسەر ڕەوشی ڕاپەڕینى گەلى فەڵەستین کە لە ساڵى 1987ەوە هەڵگیرسابوو.

ڕێککەوتننامەى ئۆسلۆ

یەکێک لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانى ڕێککەوتننامەى ئۆسلۆ کە لە ساڵى 1993 لە نێوان یاسر عەرەفات و ئیسحاق ڕابین دا واژۆکرا بریتی بوو لە داننان بە دەسەڵاتى فەڵەستین وەک دەسەڵاتێکى یاسایی بۆ نوێنەرایەتیکردنى داخوازییەکانى گەلى فەڵەستین، لە ساڵى 1994 دا و لە قاهیرە هەردوولا ڕێککەوتننامەى قاهیرەیان واژۆکرد کە تیایدا ئیسرائیل ئۆتۆنۆمى بەخشییە غەززە و ئەریحا.

گەڕانەوە بۆ غەززە

دواى بیست و حەوت ساڵ لە تەمموزى 1994دا یاسر عەرەفات گەڕایەوە بۆ غەززە وەکو سەرۆکى دەسەڵاتى فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە دانى پیادا نرا، لە هەمان ساڵدا یاسر عەرەفات و ئیسحاق ڕابین و شەمعون پیرێز خەڵاتى نۆبڵیان بۆ ئاشتى وەرگرت.

کۆچى دوایی

یاسر عەرەفات بەهۆى نەخۆشییەوە لە 11ى تشرینى دووەمى 2004 لە شارى کالاى لە فەرەنسا کۆچى دوایی کرد و زۆرێک هۆکاری مردنەکەی و توشبوونی بە نەخۆشی بۆ ژەهرخوارکردن دەگەڕێننەوە.


سەرچاوەکان



4555 بینین