سوڕی خوێن

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-08-30-00:25:00 - کۆدی بابەت: 431
سوڕی خوێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زانای ئینگلیزی ولیەم هارڤی یەكەم كەس بوو ڕونی كردەوە كە دڵ و لوولەكانی خوێن یەك كۆئەندامی بەردەوامی داخراوی سوڕی خوێن پێكدەهێنن، هەروەها گەیشتە ئەوەی كە ئەو كۆئەندامە لە دوو كۆئەندامی بچووكتر لە خۆی پێكدێت، ئەوانیش سییە سوڕ كە لە ڕێیەوە خوێن لە نێوان دڵ و سییەكان دەگوازرێتەوە، بەڵام كۆئەندامە سووڕ، كە لە ڕێگەیەوە خوێن لە نێوان دڵ و هەموو شانەكانی دیكەی لەش دەگوازرێتەوە.

سییە سوڕ

خوێنی كەم ئۆكسجین كە لەهەموو بەشەكانی لەش جگە لە سییەكان دەگەڕێتەوە دەچێتە گوێچكەڵەی ڕاستەوە لەوێشدا، بۆ سكۆڵەی ڕاست پاڵدەنرێت. كاتێك سكۆڵەی ڕاست گرژ دەبێـت خوێنی كەم ئۆكسجین بۆ سییە خوێنبەر دەگوازرێتەوە و لەوێشەوە بۆ سییەكان. سییە خوێنبەر تاكە خوێنبەرە كە خوێنی كەم ئۆكسجین دەگوازێتەوە. ئەویش بۆ دوو خوێنبەری قەبارە بچووكتر دابەش دەبێت هەر لقێك بۆ سییەك. ئەم دوو خوێنبەرە هەر یەكێكیان بۆ خوێنبەرۆچكە دابەش دەبن، پاشان بۆ موولوولەكانی خوێن لە هەردوو سیدا.

لە هەردوو سیدا دوانۆكسیدی كاربۆن بۆ دەرەوەی موولوولەكانی خوێن بڵاودەبێتەوە و ئۆكسجینیش بۆ ناو موولوولەكانی خوێن بڵاودەبێتەوە، لەوكاتەدا خوێنی پڕ ئۆكسجین دەچێتە ناو خوێننهێنەرەكان. ئەوانیش یەكدەگرن سییە خوێنهێنەرەكان پێكدەهێنن كە دەگەڕێـتەوە بۆ گوێچكەڵەی چەپی دڵ و لە گوێچكەڵەی چەپیشەوە خوێن بۆ سكۆڵەی چەپ پاڵدەنرێـت، پاشان بۆ شاخوێنبەر.

كۆئەندامە سوڕ

كۆئەندامە سوڕ جووڵەی گواستنەوەی خوێنە لە نێوان دڵ و هەموو بەشەكانی لەشدا، جگە لە سییەكان. بەدوای ڕێبازی خوێن بكەوە لە ڕێی كۆئەندامە سووڕدا. خوێنی تێر ئۆكسجین لە سكۆڵەی چەپەوە بۆ شاخوێنبەر پاڵدەنرێت. شاخوێنبەر بۆ خوێنبەری گەورە و خوێنبەرە بچووكەكان دابەش دەبێت و بەسەر هەموو بەشەكانی لەشدا بڵاودەبێتەوە، بە موولوولەكانی خوێن كۆتایی دێت كە دەوری خانەكانی شانەی لەش دەدەن. ئاڵوگۆڕی گازی و ماددە تواوەكان لە نێوان خانە و خوێندا لە ڕێگەی بڵاوبوونەوە ڕوودەدات. ئۆكسجین لە موولوولەكانی خوێن بۆ خانەكان دەگوازرێتەوە، بەڵام دوانۆكسیدی كاربۆن لە خانەكانەوە بۆ موولوولەكانی خوێنەوە دەگوازرێتەوە، ئەوكاتە خوێنی بێ ئۆكسجین دەچێتە ناو خوێنهێنەرۆكەكان ئەوانیش یەكدەگرن بۆ پێكهێنانی خوێنهێنەری گەورەتر لە خۆیان هەتا دەگاتە گوێچكەڵەی ڕاست.

سوڕی كۆرۆنەری

بەشێكە لە كۆئەندامە سوڕ لە ڕێیەوە بەهری خوێنبەرەكانی كۆرۆنەری دڵ خوێن بە خۆی دەبەخشێت. لە باری نزمبوونەوەی تەوژمی خوێن یان نەبوونی لە خوێنبەرەكانی كۆرۆنەری، ماسولكە خانەكانی دڵ دەمرن. لەوانەشە ئەمە لەداخرانی دڵە خوێنبەر بەخوێن مەیین، یان لە ڕەقبوونی خوێنبەرەكانەوە پەیدا ببێت، ئەو نەخۆشییەش بەكەڵەكە بوونی چەورییە ماددەكان لە دیواری ناوەوەی خوێنبەرەكانی كۆرۆنەری جیا دەكرێتەوە. داخرانی ئەم خوێنبەرانەش دەبێـە هۆی نۆرە دڵی. سەرەڕای سوڕی كۆرۆنەری، سوڕە خوێنی جگەر و سوڕە خوێنی هەردوو گورچیلەكان دوو بەشی كۆئەندامە سوڕن.

لیمفە كۆئەندام

كۆئەندامی سوڕان، دڵە لوولە كۆئەندام و لیمفە كۆئەندام دەگرێتەوە. یەكێك لە فرمانەكانی لیمفە كۆئەندام گێڕانەوەی شلەی شانەییە بۆ خوێن. لە كاتی تێپەڕبوونی خوێن بە موولوولەكانی خوێندا و لەژێر كاریگەری پەستانی خوێنبەردا لە موولوولەكان ئاو و ماددە تواوەكان بۆ شانەكانی دەوروبەری دەپاڵێورێـت. ئەم شلەی شانەییە پڕۆتینی تێدانییە دەچێتە لیمفە موولوولەكانەوە پێیدەڵێن لیمف. لیمفە موولوولەكان بەیەكتر دەگەن بۆ پێكهێنانی لوولەی گەورەتر كە لیمفە لوولەن و لیمف لە ڕێگای كلۆرە خوێنهێنەری سەرووەوە بۆ دڵ دەگوازنەوە.

لە كاتی گواستنەوە لیمف بە لیمفە لوولەكاندا بەرەو دڵ، بەچەند ئەندامێكی بچووكدا تێدەپەڕێت پێیان دەڵێن لیمفە گرێكان، گرێیەكان لیمفەكان پاك دەكەنەوە بە گڵدانەوەی وردیلەی نامۆ و وردبینە زیندەوەرەكان لە لیمفدا. هەروەها لیمفە خانەكانیش كۆدەكەنەوە، كە خرۆكەی سپی تایبەتمەندن لە بەرگریكردنی نەخۆشییەكان. لیمفە گرێكان هەودەكەن لە كاتی تووشبوون بە نەخۆشییەكی دیاریكراو، وە هەڵدەئاوسێن بە زیادبوونی ژمارەی لیمفە خانەكان تێیاندا. بە پێچەوانەی ئەو لوولانەی خوێن كە خوێن لەدڵەوە دەگوازنەوە بۆ هەموو بەشەكانی لەش و دەیگەڕێننەوە بۆ دڵ، بەڵام لیمفە لوولەكان تاك ئاڕاستەن، لیمف تەنها بۆ دڵ دەگوازنەوە. موولوولەكانی لیمف لە پێكهاتەدا لە موولوولەكانی خوێن دەچن. هەروەها لیمفە لوولەكان لە پێكهاتەدا لە خوێنهێنەرەكان دەچن كە ئەوانیش زمانەیان تێدایە ڕێ لە گەڕانەوەی لیمف دەگرن بۆ دواوە.

 

 


سەرچاوەکان



7350 بینین