ثایرۆیدە ڕژێن چییە و فرمانی چییە؟

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-21-22:33:00 - کۆدی بابەت: 491
ثایرۆیدە ڕژێن چییە و فرمانی چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ثایرۆیدە ڕژێن

هەردوو پلی سایرۆیدە ڕژێن دەكەونە خوارەوەی قوڕگەوە، هەردوو هۆرمۆنی سایرۆكسین و ، سایرۆنینی سیانە یۆد بەرهەم دێنێت. ئەو دوو هۆرمۆنە لە هەمان ترشە ئەمینییەوە پەیدا دەبن، بە یەك گرتن لەگەڵ گەردیلەكانی یۆد دروستدەكرێن. هۆرمۆنی هاندەری ثایرۆیدە ڕژێن دەردانی هۆرمۆنەكانی ثایرۆیدە ڕژێن ڕێك دەخات. هۆرمۆنەكانی ثایرۆیدە ڕژێن یارمەتی مانەوەی تێكڕای لێدانی دڵ و پەستانی خوێن و پلەی گەرمی لەش لە ئاستی سروشتیان دەدەن. هەروەها هۆرمۆنەكان ئەو ئەنزیمانە وریادەكەنەوە كە پەیوەندیان هەیە بە ئۆكساندنی كلوكۆز و بەكارهێنانی ئۆكسجین. ئەو ئەنزیمانە زیادبوونی گەرمی و زیادبوونی تێكڕایی زیندە چالاكییەكانی خانەیان لێ پەیدا دەبێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە كاربۆهایدرایت بەكاردێت، لە جیاتی چەوری بۆ بەدەستهێنانی ووزە.

سایرۆیدە ڕژێن گرنگە بۆ گەشەی مرۆڤ، چونكە هۆرمۆنەكانی یارمەتی گەشەی زۆر لە كۆئەندامەكانی لەش دەدەن. هەروەها كالسیتۆنین پەیدا دەكات. كە ئەو هۆرمۆنە گواستنەوەی ئایۆنەكانی كالیسیۆم بۆ بەرهەم هێنانی ئێسكە شانە بەكاربهێنرێت. كالسیتونینش كار لەكەمكردنەوەی خەستی ئاستی كالیسیۆم لە خوێندا دەكات. ئەو تێكچوونەی كە تووشی چالاكی سایرۆیدە ڕژێن دەبێت، لەوانەیە زیان لە زیندە چالاكییەكانی لەش بدات. بۆیە زێدەڕۆیی لە بەرهەمهێنانی ثایرۆیدە هۆرمۆنەكان، دەبێتە هۆی زۆر زیادبوونی زیندە چالاكی و كەمبوونەوەی كێش و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و تێكڕای لێدانی دڵ و پلەی گەرمی لەش. زێدەڕۆیی لە بەرهەم هێنانی ئەم هۆرمۆنانەش بە دەرمان یان نەشتەرگەری بە لابردنی بەشێك لە ثایرۆیدە ڕژێن چارەسەر دەكرێت. بەڵام كەم بەرهەمهێنانی ثایرۆیدە هۆرمۆنەكان، دەبێتە هۆی دواكەوتنی گەشە و سستبوون و زیادبوونی كێش، نزمبوونەوەی تێكڕای لێدانی دڵ و پلەی گەرمی لەش. ئەگەر كەمی دەردانی هۆرمۆنەكانی ثایرۆیدە ڕژێن لە ماوەی پەرەسەندنی كۆرپەلەدا ڕووبدات، لەوانەیە باری گێلی ڕووبدات و ئەمەش شێوەیەكی ناتەواوی ژیرییە. بەڵام ئەگەر كەمبوونی یۆد هۆی كەمی ئەو هۆرمۆنانە بێت، ئەوا ثایرۆیدە ڕژێن دەئاوسێت و گەورەبوون لە ڕژێنەكەدا ڕوودەدات. كەمی لە هۆرمۆنەكانی ثایرۆیدە ڕژێن بە پێدانی هۆرمۆنی سایرۆكسین بە نەخۆش چارەسەر دەكرێت. 

 


سەرچاوەکان



2776 بینین