پەپوسڵێمانە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-12-25-00:06:00 - کۆدی بابەت: 659
پەپوسڵێمانە

ناوه‌ڕۆك

پەپوسڵێمانەکان

پەپوسلێمان یان پەپوسڵێمانە (بە ئینگلیزی: hoopoe)، تاکە ئەندامی خێزانی پەتدارەکانە کە هەتا ئێستا ماوە و چەندین تایبەتمەندی هەیە کە جیای دەکاتەوە لە باڵندەکانی دیکە، هەروەها لە قورئانیشدا ناوی هاتووە، نشینگەکەی کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەورووپا و ئەفریقایە، ژمارەی بە نزیکەیی لە نێوان ٥-١٠ ملیۆندایە، نشینگە بنەڕەتییەکەشی دارستان و لەوەڕگاکان بووە، جێگەی گەرمی بۆ پەسەندە، بۆیە دەکرێت لەکاتی گۆڕانی وەرزەکاندا نشینگەکەی بگۆڕێت و کۆچبکات بۆ ناوچەی گەرمتر، بە گشتی ئەم باڵندەیە لەسەر ڕووی زەوی دەژی و باڵەکانی و کلکی دەکاتەوە و سەری ئاڕاستەی دواوە دەکات، لە ڕابردوودا باوەڕ وابووە کە لە کاتی خۆپاراستن دژی گیانەوەرە دڕندەکان ئەم شێوازە وەردەگرێت، بەڵام دواتر دەرکەوتووە کە ئەمە خۆپاککردنەوەیە لە ژێر تیشکی خۆر بە بەکارهێنانی تۆز و قوڕ، هەروەها ئەم باڵندەیە لە زۆرینەی کەلتورە جیاوازەکاندا بە درێژایی مێژوو هێما و مانای تایبەت بووە.

شێوەی دەرەوەی

پەپوسڵێمانە یەکێکە لە باڵندە قەبارە مامناوەندەکان کە درێژییەکەی دەگاتە ٢٩ سم، بەڵام درێژی باڵەکانی دەگاتە ٤٦ سم، دەنووکێکی درێژی هەیە و بۆ خوارەوە چەماوەتەوە، درێژییەکەشی لە نێوان ٥-٦ سم دەبێت کە ڕەنگێکی ڕەشی هەیە، هەندێک پەڕی هەیە لەسەر سەری هاوشێوەی تاجێک، کە لە ٢٨ پەڕ پێکهاتووە، ڕەنگی باڵەکانی و کلکی سپی و ڕەشە، سەر و شانەکانی قاوەییەکی نزیک پەمەییە، بەڵام مێینەکان ڕەنگی پەڕەکانیان تاریکە تەنها لە ناوچەکانی نزیک دەمی کاڵ دەبێتەوە، قاچەکانی ڕەساسین و چاوەکانیشی قاوەیی تۆخە، کێشی پەپوسڵێمانە لە نێوان ٤٦-٨٩ گم دەبێت، ئەمەش کێشێکی نموونەییە بۆ ئەوەی خێراییەکی زۆری هەبێت، هەروەها قەبارەی مێینەکان بچووکترن لە نێرینەکان.

خۆراک

جۆری خۆراکەکەی هەمەڕەنگە و ڕووەک و گیانەوەریش دەخوات، بەڵام خۆراکی پەسەندی خواردنی مێرووەکانە، وەک کوللە و خاڵخاڵۆکە و مێروولە و سیسرک و جاڵجاڵۆکە، هەروەها مارمێلکەی بچووک و بۆقەکانیش دەخوات، جگە لە ئەمانە میوە و گوڵەبەڕۆژەش دەخوات، دەکرێت خۆراکەکەی لە نێو پاشماوەکاندا بەدەستبهێنێت، یاخود ئەو مێرووانەی کە دەفڕن لە کاتی فڕیندا ڕاویاندەکات و دەیانخوات، هەروەها پەپوسڵێمانە ئەو جۆرە گیانەوەرانەش دەخوات کە مرۆڤەکان بە نەخۆشی زیانبەخشی دەزانن وەک قۆزاخەی مۆرانە.

زۆربوون

فرەژنی لە نێو پەپوسڵێمانەکاندا بوونی نییە، واتە نێرینە و مێینە یەکجار دەبن بە هاوبەش و بە درێژایی هەموو وەرزەکانی زۆربوون پێکەوە دەبن، نێرینەکە هەوڵی رازیکردنی مێینکە دەدات لە ڕیگەی هێنانی کۆمەڵیک مێروو بە دیاری بۆ ئەوەی بیخوات، کە لە سەرەتادا نێرینەکان پێشبڕێکی زۆر دەکەن بۆ بەدەستهێنانی مێینەکان، دوای یەکگرتن مێینە بە یەکجار نزیکەی ١٢ هێلکە دادەنێت، پاشان بۆ ماوەی ١٥-١٨ ڕۆژ لەسەریان دەنیشێت، دواتر هێلکەکان هەریەکەیان لە کاتی جیاواز هەڵدێن، گرنگیپێدان و پاراستنی بێچووەکان ئەرکی مێینەکەیە لە کاتێکدا کە نێرینەکە خۆراکیان بۆ دەهێنێتەوە، گرنگترین پاراستنیش بۆ بێچووەکان دەردانی ماددەیەکە لە لایەن مێینەکەوە، ئەم ماددەیە بۆنی هاوشێوەی گۆشتی خراپببوە، ئەمەش بۆ دوورخستنەوەی گیانەوەرە دڕندەکانە، یاخود بۆ لەناوبردنی مشەخۆر و بەکتریا زیانبەخشەکان بەسوودە، دەردانی ئەم ماددەیەش بەردەوام دەبێت هەتا ئەوکاتەی کە بێچووەکان هێلانەکەیان بەجێ دەهێڵن، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی پەپوسڵێمانە لە سروشتدا دەگاتە ١٠ ساڵ.

تایبەتمەندییە گشتییەکانی

بۆ پەیوەندیکردن نێرینە و مێینەکان ئاواز دەخوێنن و دەنگ دەردەکەن، لە کاتی فڕین و نیشتنەوە لەسەر زەوی یان لە کاتی بەربەرەکانێ و ڕووبەڕوبوونەوەدا یان لە کاتی بازدان و یاریکردندا، دەنگێکی تایبەتی هەیە و بە زۆری لە بەیانیانی وەرزی بەهاردا دەبیسترێت، کە بە گشتی نێرینەکە لەسەر درەختێک یان جێگەیەکی بەرز بۆ ماوەی چەند خولەکێک بەردەوام دەبێت لە خوێندن.

جۆرە سەرەکییەکان

  • پەپوسڵێمانەی ئەفریقی: بە زۆری لە وڵاتەکانی ئەفریقا هەیە، تایبەتمەندە بە ئەو تاجە ڕەشەی کە لەسەر سەرییەوە هەیە و بەهۆیەوە بە ئاسانی جیادەکرێتەوە، کاتێک کە بێزاردەکرێت لووتکەکەی سەر سەری بەرز دەکاتەوە، دەنووکێکی درێژی هەیە کە هاوکاری دەکات بە زیندووی بمێنێتەوە و خۆراک بەدەستهێنێت، هەروەها کێشی لە نێوان ٤٠-٦٠ گم دەبێت.
  • پەپوسڵێمانەی ئۆراسی: بڵاوترینی هەموو جۆرەکانە کە ٧ جۆری جیاوازی هەیە و بە چەندین ناوچەی جوگرافی جیاوازدا دابەشبوون.
  • پەپوسڵێمانەی مەدەغەشقەر: ئەم جۆرەیان تایبەتە بە "مەدەغەشقەر"، هاوشێوەی جۆری ئۆراسییەکەیە بەڵام قەبارەی بچووکترە، هەندێکجار بە جۆرێکی جیاواز لە پەپوسڵێمانە سەیردەکرێت چونکە دەنگ و وردەکاری پەڕەکانی جیاوازە، بەڵام تایبەتمەندییەکانی دیکەی هاوشێوەی پەپوسڵێمانەکانە.
  • پەپوسڵیمانەی سانت هیلانە: ئەم جۆرەیان لە سەدەی ١٦دا لەناوچووە.

شێوازی پەروەردەکردنی

باڵندەی پەپوسڵێمانە یەکێکە لە ئەو جۆرە باڵندانەی کە ژمارەیەک لە خەڵکی ماڵی دەکەن و پەروەردەی دەکەن، بەڵام پێویستە گرنگی بە کۆمەڵێک خاڵ بدرێت لە کاتی پەروەردەکردنیدا، وەک:

  • تێکنەدانی هێلانەکەی چونکە لەم کاتەدا دەبێتە باڵندەیەکی شەڕانگێز.
  • بە بەردەوامی گرنگی پێبدرێت و وریا بیت لە ئەگەری ئەوەی تاجەکەی سەری بەرزبکاتەوە، کە مانای ئەوەیە ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە و لە دۆخی پارێزگاریکردندایە.
  • باڵندەیەکی کێوییە و کارلێک دروست ناکات لەگەڵ مرۆڤدا، باشتر وایە لە جێگەیەکی گونجاو هێلانەکەی دابنرێت.
  • پەپوسڵێمانە باڵندەیەکی تەنهایە و لەگەڵ باڵندەی دیکە ناژی تەنانەت هاوشێوەکانیشی، تەنها لە وەرزی زۆربووندا نەبێت.
  • بە شێوەیەکی گشتی خواستی بۆ خواردنی مێرووەکان زیاترە بۆیە باشتر وایە کە ئەوانەی پێبدرێت.


سەرچاوەکان



1412 بینین