پۆڕ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-12-26-13:00:00 - کۆدی بابەت: 687
پۆڕ

ناوه‌ڕۆك

پۆڕەکان

پۆڕ (بە ئینگلیزی: francolin)، یەکێکە لە ئەو باڵندانەی کە شێوەکەی نزیکە لە مریشکی کێوییەوە، نزیکەی ٣٥ جۆری جیاوازی هەیە کە بنەڕەتی هەموویان کیشوەری ئاسیایە، لە ئێستادا نشینگە و ناوچەی بڵاوبوونەوەی زۆر فراوانە، هەریەک لە ئەورووپا و ئاسیا و ئەمریکای باکوور دەگرێتەوە، بە گشتی لە دارستان و زەلکاو و لەوەڕگا و ئەو ناوچانەدا دەژی کە لە کێڵگەکانەوە نزیکە، دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا بە پیادە نزیکەی ٥-٦ کم ببڕیت و بە فڕینیش دەتوانێت نزیکەی ٢٢-٢٨ کم ببڕێت، هەروەها ئەم باڵندەیە توانای مەلەکردنیشی هەیە، لەبری فڕین زیاتر ڕاکردنی بۆ پەسەندە، تەنها لە کاتی هەستکردن بە ترس بۆ جێگەی دوور دەفڕێت و لە کاتی هەستکردن بە مەترسی دەنگی تایبەت دەردەکات کە مانای ئاگادارکردنەوەیە، پۆڕ باڵندەیەکی کۆچەری نییە واتە لە وەرزی زستان و لە پلەی گەرمی نزمدا جێگەکەی جێناهێڵێت و بە جێگیری دەمێنێتەوە و دەتوانێت بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ بە بێ خۆراک بمێنێتەوە، هەروەها لە وەرزی هاوینیشدا بە خێرایی کرداری هەناسەدان ئەنجام دەدات بۆئەوەی جڵەوی پلەی گەرمی زیادەی جەستەی بکات و بە جێگیری بیهێڵێتەوە.

شێوەی دەرەوەی

پۆڕ یەکێکە لە باڵندە شێوە جوانەکان پەڕی ڕەنگداری هەیە، نێرینەکان ڕەنگی پەڕەکانیان جوانترە و ڕەنگ ئاڵە، هەروەها جیادەکرێنەوە بە هەبوونی هێڵی ڕەش کە لەسەر چاوەکانییەوە بۆ سەری درێژبووەتەوە، زۆرینەی جۆرەکان دەنووکێکی چەماوەیان هەیە کە شێوەیەکی گونجاوە بۆ هەڵکۆڵین لە نێو گژوگیا و ڕەگەکان، کلکیان فراوانە و لە ٢٤ پەڕ پێکهاتووە، شێوەکەی شەپۆلدارە، هەروەها کلکی نێرینەکان درێژترە بە بەراورد بە مێینەکان، پۆڕ جەستەیەکی پتەوی هەیە، ناوەندە ڕێژەی درێژییان دەگاتە ٣٠ سم و کێشیان لە نێوان ١ کگم بۆ ٢٥٠ گم دەبێت، ڕەنگی پەڕی نێرینەکان ئاڵتوونی و قاوەیی و سەوز و وەنەوشەیی و سپییە، ملی سەوزە و خاڵی سپی تێدایە، بەڵام بێچووە نێرینەکان لە سەرەتای بوونیاندا ڕەنگیان قاوەییە هەتا تەمەنیان دەگاتە ١٠ هەفتە دواتر دەبنە پۆڕی ڕەنگدار، ڕەنگی هەموو مێینەکانیش قاوەیین بەهۆی ڕەنگەکانیانەوە بە ئاسانی لە نێو بەرد ودەوەنەکاندا دەدۆزرێنەوە، قاچەکانیان بەهێزن و هەر یەکەیان ٤ پەنجەی پێوەیە کە بە نینۆکی تیژ کۆتاییان هاتووە، هەستی بینینیان زۆر بەهێزە و بەهۆی هەستی بیستنە پەرەسەندووەکەیەوە جێگەی گیانەوەرە دڕندەکان دەزانێت.

خۆراک

پۆڕ باڵندەیەکە جۆری خۆراکەکەی جیاوازە و لەهەمان کاتدا گیاخۆر و گۆشتخۆریشە، بە شێوەیەکی سەرەکی ڕووەک و تۆو و گوڵەبەڕۆژە دەخوات، بەڵام جیا لە ڕووەکەکان دەتوانێت مێرووەکانیش بخوات، وەک قۆزاخە و بێ بڕبڕەدارەکان.

یەکگرتن و زۆربوون

پۆڕەکان لە کۆمەڵەی بچووکدا دەژین و لە کۆمەڵەکانیاندا فرەژنی هەیە، واتە نێرینەکان لەگەڵ زیاتر لە مێینەیەک یەکگرتن ئەنجام دەدەن، لە ماوەی وەرزی زۆربووندا نێرینەکان لەگەڵ ٣-٧ مێینە یەکگرتن ئەنجام دەدات، نێرینەکان لە بەیانیان زوو و ئێواراندا دەنگی لە دووری کیلۆمەترێکەوە دەبیسترێت و پاش هێلکەدانان مێینەکان بۆ ماوەی ٢٣ ڕۆژ لەسەریان دەنیشن، دوای هەڵهاتنی بێچووەکان مێینەکان گرنگییان پێدەدەن هەتا فێری فڕین دەبن کە ئەمە بە نزیکەیی دوای ٢ هەفتە دەبێت، ناوەندە ڕێژەی تەمەن و مانەوەیان لە ژیاندا کەمە، بە جۆریک کە ٣٥% ی بێچووەکان پێش تەمەنی ٦-١٠ هەفتەیی دەمرن و تەنها ٢-٣% یان لە ژیاندا دەمێننەوە و دەگەنە تەمەنی ٣ ساڵی.

جۆرە سەرەکییەکانی

  • پۆڕی ڕەش
  • پۆڕی دڕشت
  • پۆڕی چینی
  • پۆڕی ڕەساسی
  • پۆڕی زەلکاو


سەرچاوەکان



3654 بینین