شەپۆلەکان

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-14-23:34:00 - کۆدی بابەت: 698
شەپۆلەکان

ناوه‌ڕۆك

شەپۆلەکان

گۆماوەکانی نزیک ماڵەکان زۆر ئارامن و جوڵەیان کەمە، بۆیە وەک ئاوێنەیەک وێنەی ماڵەکان و دارەکان و هەموو شتێکی دەورووبەری خۆی پیشان دەدات، ئەمەش پێچەوانەی دەریایە، دەریا نە ئارامە و نە بێ جووڵەیە، بگرە هەمیشە لە جووڵەیەکی بەردەوامدایە، ئەم جووڵە کردنە لە دیاردەی شەپۆلەکان خۆی دەنوێنێ.
شەپۆلەکان ئاسانترین جووڵەی دەریایەو ئاسانە بۆ تێگەیەشتن، تۆ کاتێک فوو لە خواردنێکی دەکەیت تا سارد ببێتەوە، ئەوا شەپۆلێکی ڕێکوپێکی هەوات ئاراستەی ئەو خواردنە کردووە، بە هەمان شێوەش شەپۆلەکان دروست دەبن، ئەو دەمەی باو هەورە برووسکە هەڵدەکات، دیمەنێکی نایابی جووڵەی ئاو دەردەکەوێت، بەرە بەرە ئەو دیمەنە جوانە بەرەو دەسێنێ تا دەبێتە دیاردەیەکی ترسناک کە زۆرێک لە دەریاواناکان ناخوازن ڕووبەرووی ببنەوە.
لەگەڵ بەهێزبوونی شەپۆلە هەواییەکان شەپۆلەکانی دەریاش بەهێزتر دەبن، جووڵەیان هەم بەهێز دەبێت و هەم ئاستی بەرزبوونەوەی شەپۆلەکان زیاتر دەبێت، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەو جووڵەیەی دەریا جێگیرە و شەپۆلدانەکە هەمان ئەو دیاردەیەیە کە کاتێک حەبلێک بە دارێکەوە دەبەستیت و سەرەکەی سەرەکەی تری بەدەستەوەیە، دوای جوڵاندنی وێنەیەکی خەیاڵکراوی شەپۆلدانت بۆ دەخاتە ڕوو، زۆرێک وادەبینن کە ئەو سەرەی حەبلەکە لە دەستت دەکەوێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەو سەرە حەبلە لەناو پڕ دەستت دەمێنەتەوە، شەپۆلدانی دەریاش هەروایە، ئاوی دەریا لە شوێنی خۆیدا بەرزو نزم دەبێتەوە و پێشڕەوییەکی زۆر کەم دەکات، وەک ئەو پێشڕەوییەی کە لە کەنارەکاندا سەرنجی دەدەین.
ئەگەر لە کەنارەکانەوە سەرنجی شەپۆلەکانی دەریا بدرێت وا دەردەکەوێت کە ئەو شەپۆلانە پەلاماری کەنارەکان (وشکایی) دەدەن، بۆ ئەوەی ڕزگاریان ببێت لە دەریا، بەڵام لەگەڵ دووبارە بوونەوەو بەردەوامی شەپۆلدان بەرە بەرە وەک کەفاوی لێ دێت، بەرزترین بەرزی شەپۆل پێی دەوترێت لوتکەی شەپۆل، بۆشایی نێوان دوو شەپۆلیش بە حەوز ناو دەبرێت، ماوەی نێوان بنی ئاوەکە و لوتکەی ئاوەکەش شەپۆلە، ئەم پێوانەی تایبەتە بە وشکانی، واتا کاتێک کەسێک لە کەناری دەریا دەوەستێت و شەپۆلەکە دەپێوێت، چونکە پێوانەکردنی شەپۆل لەناو دەریادا بەشێوەیەکی تر دەبێت، تیایدا خێرایی با ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، بۆ نمونە: ئەو کاتەی خێرایی با ٢٤ کیلۆمەترە لە یەک کاتژمێردا، ئەوا بەرزو نزمی شەپۆلەکان ئاساییە، لەگەڵ زیادکردنی خێرایی با بەرزو نزمی زیاد دەکات، هەروەها ئەو شەپۆلانەی کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەوە دروست دەبن ئەوا خێرایی و بەرزی شەپۆلەکان وەک فڕۆکەیەکە کە خێراییەکەی زۆرترە لە خێرایی دەنگ.
پێوەرێکی تر بریتییە لە پێوانەکردنی نێوان دوو شەپۆل کە پێی دەوترێت (ماوە)، شەپۆلەکان لەکاتی نزیکبوونەوەیان لە کەناری دەریا (وشکایی) گەلەزەنگ (قەڕەباڵەغ) دەبن و دەچنە سەر یەک، وەک ئەوە وایە لەگەڵ یەکتریدا شەڕ بکەن، ڕێکوپێک وەکو ئەو خەڵکەیە کەدوای تەواوبوونی فیلمێک لە سینەماوە دەردەچن، بەڵام لە ناوەڕاستی دەریادا بەهۆی بەرینی دەریاوە لەوانەیە ماوەی نێوان شەپۆلێک و یەکێکی تر سەدان مەتر بێت، مەبەستی سەرەکی لە پێوەری ماوە، ئەو ماوەییەیە کە جووڵەی شەپۆلەکە دەیبڕێت، چونکە ئەم شەپۆلانە لەوانەیە لە شوێنێکەوە بێت کە سەدان یان هەزاران کیلۆمەتر دووربن، بێگومان بەرین و فراوانی شوێنەکەش ڕۆڵ دەگێڕێت لە دروستبوونی شەپۆلی گەورە.
ئەو شەپۆلەی کە لەگوێی ئاوەکان نزیکەی مەتر و نیوێک لەوانەیە لە ناوەڕاستی دەریادا زیاتر بێت لە پێنج مەتر، هەندێک جار لە ناوەڕاستی زەریادا شەپۆلەکان بەهۆی جووڵەی تاشە بەردێکی گەورە یان تەپۆڵکەیەکی گەورە شەپۆلی مەزن دروست دەکەن و کەشتییە گەورەکانی ناو زەریا بە توندی دەجوڵێن، تەنانەت هەندێک جار شەپۆلەکان ئەوەندە بەهێزن وەکو چۆن پارچە دارێک لەناو ئاوی جۆگەلەیەک ئاوەکە بە ئارەزووی خۆی یاری پێ دەکات، ئەوا بەهێزی شەپۆلەکان ڕێڕەوی کەشتییەکان دەگۆڕن، جووڵەی ئەو تاشە بەرد و تەپۆڵکانە زۆر جار زریان دروست دەکەن کە جاری وا هەیە چەند ڕۆژێک دەخایەنێت.
لە وەرزی زستانیشدا لە باکووری زەریای ئەتڵەسی شەپۆلەکان بە ڕادەیەکی زۆر بەرز دەبنەوە، هەمان حاڵەت لە جەمسەرەکانیش ڕوو دەدەن. ئەو شەپۆلانەی کە کێبڕکێ دەکەن توانا و هێزێکی فراوانیان هەیە، ئەو شەپۆلەی کە بەرزییەکەی دەگاتە چوار مەتر لەوانەیە هێزێکی هەبێت بە کووڕی ٣٠٠ تەن، ئەمەش بە درێژایی هەموو مەترێک، بۆ نموونە: لە شاری (ویک)ی ئینگلیزی بەربەستێکی چیمەنتۆیان دانا کە کێشەکەی ٢٦٠٠ تەن بوو، ئەم بەربەستەیان بە جۆرە شیشێک بەستەوە کە نیوە تیرەکەی ٨ سم بوو بەبەردێکی کەناری ڕووبارەکە، بەڵام ئەم بەربەستە بەرگەی شەپۆلی ئاو و ڕەهێڵە و زریانەکەی ساڵی ١٨٧٧ نەگرتوو و لێکترازا.
شەپۆلەکان بەهۆی هێزی پاڵنانەوە توانای هەڵکشان و سەرکەوتنیان بەسەر شتەکانەوە هەیە، هەندێک جار بەهۆی هێزی پاڵنانەوە ١٠٠ مەتر یان زیاتر بەرز دەبنەوە.
شەپۆلەکانی کەناری دوورگەی (ڤارۆ)ی سکۆتلەندا هێندە بەهێزن توانیویانە بەردێکی ٤٠ تەنی بۆ ماوەی ٥٠ مەتر بجوڵێنن و شوێنەکەی بگۆڕن، مەزنترین شەپۆلەکان ئەوانەن کە بەهۆی گڕکان و بوومەلەرزەوە دروست دەبن، ساڵی ١٨٨٣ تەقینەوەی گڕکانی (کراکاتوا) لە دەرەوەی کەنارەکانی دوورگەی جاوە کارەساتی خوڵقاند، شەپۆلەکان ٣٠ مەتر بەرزبوونەوەو بەرەو کەنارەکان ملی ڕێیان گرت و ٢٠٫٠٠٠ کەسیان خنکاند، ئەم شەپۆلانە بە خێرایی ١٠٠٠ کیلۆمەتر لە یەک کاتژمێردا بەناو زەریای ئارامدا تێپەڕین و وەکو شەپۆلی بچووک بچووک گەیشتنە کەنارەکانی کەنداوی سان فرانسیسکۆ.
ساڵی ١٩٤٦ بەشێک لەبنی دەریا لە دەرەوەی کەنارەکانی دوورگەکانی (ئەڵوتیان) لە ویلایەتی (ئالاسکا) هەرەسی هێنا، ئەم هەڕەسە بووە هۆی دروستبوونی چەند شەپۆلێکی مەزن کە ماوەی یەکێک و ئەوی تر ١٥٠ کیلۆمەتر بوو، لەماوەی تەنها ٥ کاتژمێر گەیشتە کەنارەکانی دوورگەی هاوای و زەرەرو ژیانێکی زۆری بەجێهێشت.
لەگەڵ ئەو زەرەروو زیانانەی کە دیاردەی شەپۆلەکان بەجێی دەهێڵن، بەڵام لە کەنارەکاندا کاری هونەری جوان بەجێ دەهێڵن، لەوانەیە تاشینی تاوەری بەردی سەرنجڕاکێش و دروستکردنی ئەشکەوت، هەروەها گوێی ئاو بۆ مەلەکردن.
زۆر جار لەکەش و هەوای ئارامیشدا دیاردەی شەپۆلەکان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت، ئەم دیاردەیە پێی دەوترێت بەرزاییەکانی زەریا و لە دووری سەدەها کیلۆمەتر لە کەنارەکانەوە بەهۆی باو گەردەلوولوە دروست دەبێت.
بۆ چاودێریکردنی ئەم دیاردەیە لە هەندێک لە کەنارەکان و وێستگەی زانستی بۆ چاودێری کردن دانراوە، کە پێش هەڵکردنی باو ڕەهێڵە ئاگاداری ناوەندەکانی تر دەکاتەوە، زۆرێک لە شەپۆلەکان ناگەنە ژێر دەریا بەڵام لەبنەوە شەپۆلی بەهێز تر هەیە کە تەوژمی زەریاکان لێکدەدەن، یان لەوکاتەی ئاوێکی شۆر و ئاوێکی شیرین تێکەڵ دەبن.
ئێمە جگە لە زانیارییەکی کەم هیچی تر لەبارەی کاریگەری شەپۆلەکان بەتایبەت ژێر دەریاییەکان نازانین، ئەمەش یەکێکە لەو شتە زۆر ئاڵۆزانەی کەوا جیهانی ئاو لە بەرچاومان ونی کردووە.


سەرچاوەکان



1908 بینین