کاریگەری هێزی شاراوەی ڕاکێشانی خۆر و مانگ لەسەر دەریا

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-16-19:29:00 - کۆدی بابەت: 730
کاریگەری هێزی شاراوەی ڕاکێشانی خۆر و مانگ لەسەر دەریا

ناوه‌ڕۆك

هێزی شاراوەی ڕاکێشانی خۆر و مانگ


لەگەڵ یەکەم سەردانمان بۆ کەناری دەریا، سەیرترین شت کەوا سەرنجمان ڕادەکێشێت جگە لە جموجووڵی دەریا کە لەمەو پێش باسمان کرد، هەڵکشان و داکشانی ئاوی دەریایە.
ئەو ئاوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەهۆی کاریگەری هێزی ڕاکێشان لەناو دەریا دەمێنێتەوەو هەموو بەردو ڕووبەرێکی باشی خۆڵی کەنار دەریا بەبێ ئاو دەمێننەوە، پاشان بەرەبەرە ئاوەکە بەرەو کەنار دێتەوەو هەموویان دادەپۆشێت، لە ڕاستیدا گەڕانەوەی ئاو بەرەو دەریا پێی دەوترێت: هەڵکشان و هاتنەوەی بۆ کەنارەکان پێی دەوترێت: داکشان، ئەم دیاردەیە لەماوەی ٢٤ کاتژمێر ڕۆژانە دووجار ڕوودەدات، بەتایبەت لە ناوچەی گوێی ئاو.
دیاردەی هەڵکشان و داکشان شەپۆلی زۆر دروست دەکەن، زۆربەیان بە درێژایی کەناری دەریا بەرز دەبنەوەو نزم دەبنەوە، ڕوودانی ئەمەیان جگە لە خوارو بان کردنی ئاوی دەریا هیچی تر ناکات، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام دەبێت و ئاسەوارەکانی دەگاتە بنی دەریا.
هەمیشە دیاردەی هەڵکشان و داکشان جێی جێی سەرسووڕمانی خەڵک بووە، پێییان وابوو کە زەوی وەکو ماردێکی مەزن (کەسایەتییەکی ئەفسانەییە/وەرگێڕ) هەناسە دەدات، پۆلیسس قەیسەر بڕوای وابوو کە مانگ ڕۆڵ دەگێڕێت لەم دیاردەیە، بڕواکەشی لە جێی خۆی بوو، بەڵام بەتەواوەتی نەیدەزانی بۆ وایە.
ئەگەر بەردێک بەرز بکەیتەوە پاشان بەریدەیتەوە ئەوا دەکەوێتە سەر زەوی، لەبەر ئەوەی زەوی وەک پارچەیەکی موگناتیسی هێزی ڕاکێشانی هەیە، ئەو چۆن پارچە ئاسنی وردە بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ، زەویش شتەکان بۆ خۆی ڕادەکێشێ، هەموو ماددەکانی سەر زەوی لە ژێر کاریگەری ئەم یاسایەدان کە پێی دەوترێت: هێزی ڕاکێشان.
سەرەڕای دووری نێوان خۆر و مانگ و زەوی، بەڵام بەردەوام وەکو دوو پارچە موگناتیسی گەورە زەوی ڕادەکێشن، تەنانەت بەردەکانیش کاریگەر دەبن بەو هێزی ڕاکێشانە، بەڵام کاریگەری لەسەر ئاوی دەریا لە هەموو شتێکی تر زیاترە، ڕەنگە بەهۆی گەورەیی خۆرەوە کە ٢٧ ملیۆن جار لە مانگ گەورەتر و هەندێک وا بزانن کە کاریگەری ڕاکێشانی خۆر زیاترە بەسەر زەوییەوە تا مانگ، بەڵام هێزی ڕاکێشانی مانگ دوو ئەوەندەی هێزی ڕاکێشانی خۆر زیاترە لەبەر ئەوەی مانگ نزیکترە لە زەوییەوە تا خۆر، بۆیە دەوترێت مانگ پاشای هەڵکشان و داکشانە.
خولانەوەی مانگ بەدەوری زەویدا ٢٨ ڕۆژ دەخایەنێت، لەم ماوەیە بەدوای جووڵەی خۆی هێزی هەڵکشان و داکشان پەلکێش دەکات تا کاریگەرییان هەبێت بەسەر ئاوی دەریاوە، بەڵام ڕۆژ تەنها ٢٤ کاتژمێری تێدایە، بۆیە ڕۆژانە ماوەی هەڵکشان و داکشان یەک کاتژمێر دوا دەکەوێت، بەبەردەوامیش گەشتیاران و ڕاوچییان و کەشتیوانەکان چاوەڕێی گۆڕانی هەڵکشان و داکشان دەکەن.
مانگ تەنها بەدەوری گۆی زەویدا ناسوڕێتەوە، بەڵکو بەردەوام لە نێوان باکوور و باشووری هێڵی کەمەرەی زەوی دەخولێتەوە، جاری وا هەیە نزیک دەبێتەوە، جاری واش هەیە دوور دەکەوێتەوە، بۆیە ڕاکێشانی دەریا بە بەردەوام لە گۆڕان دایە، وێڕای ئەم ڕاکێشانەی مانگ خۆریش ڕادەکێشێت، کاتێکیش خۆرو مانگ لەسەر یەک هێڵ دەبن ئەوا هێزی ڕاکێشانیان زۆر دەبێت، هەندێک جاریش ڕاکێشانەکەیان زۆر دەبێت، هەندێک جاریش ڕاکێشانەکەیان پێچەوانەی یەکترییە، بۆیە هەڵکشان و داکشانی ئاو لەم کاتەدا زۆر بەرزە، هەندێک جاری تر لە نزمترین ئاستدا دەبێت.
جووڵەی هەڵکشان و داکشان پشت بە شێوەی بە شێوەی کەنارەکانی دەریاش دەبەستێت، لە ناوەڕاستی زەریادا لەوانەیە ئاو بۆ نیو مەتر بەرزو نزمی بکات، بەڵام لە کەنداو و کەناڵە بچووکەکاندا لەوانەیە چەند مەترێک بێت.
بەرزترین جووڵەی هەڵکشان و داکشان لە کەنداوی ڤەندی لە نۆڤاسکۆتیا ڕوو دەدات، لەوێدا ئاو دەگاتە بەرزی ١٥ مەتر، هەر کەشتییەکیش لەوێ لەنگەری گرتبێ ئەوا دەکەوێتە سەر خۆڵی بنی ئاوی کەنداوەکە، دوای گەڕانەوەی ئاویش بۆ کەنارەکان جارێکی تر کەشتییەکە دەکەوێتە سەر ئاو، کەنداوی ڤەندی وەک ئەوەیە لە شێوەی ڕەحەتی دابێت، لە دەمەوە ئاوەکە هەڵدەمژێت و بەرەو شوێنێکی بن تەسک دەیبات و پاشان ئاوەکە بەر دەداتەوە تا بەرە بەرە بەرز دەبێتەوە.
لە هەندێک شوێنی تر بەرزی ئاوی دیاردەی هەڵکشان دەگاتە زیاتر لە ١٠ مەتر، تەنها چەند ڕووبارێکی کەم نەبێت وەکو (ڕووباری ئەمازۆن) کە تا ڕادەیەک بەرگەی ئەو ئاستە بەرزەی ئاوی دەریا دەگرێت، ئەمەش بەهۆی هێزی پاڵی ڕووبارەکەوە، کە هەردوو بەر یەک دەکەون و ئاوەکە پەنگ دەخواتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا و لەبەر ئەوەی هێزی هەڵکشانی دەریا زۆرترە، بۆیە ئاستی ئاوەکە تا ٣ مەتر بەرز دەبێتەوە و شەپۆلێکی گەورەو مەزن دروست دەکات.
کاریگەری خۆر بەسەر دیاردەی هەڵکشان و داکشان بەسەر چەند شوێنێکی کەمدا دەردەکەوێت لەوانە دوورگەی (تاهیتی) کە دوورگەی قەشەنگی سنووری زەریای ئارامە.
ڕاکێشانی خۆر و مانگ هێزی تریش کاریگەری هەیە بەسەر هەڵکشان و داکشان لەو شوێنە، سەیرترین ئەو هێزانە (بە یەکاچوون و قۆپان)ە لە دەریای ناوەڕاست.
دانیشتوانی فلیپین باس لە سەرکێشی هەڵکشان و داکشان دەکەن لە (پاڵاوان) کە تا زیاتر لە مەترێک بەرز دەبێتەوە، هەموو پەنجا خولەکێک یان نزیکتر لەو ماوەیە ئاوی دەریای سۆلۆ لە کەناری ئەم دیوییەوە لێژ دەبێتەوە بۆ کەناری ئەو دیوو، هەر وەک چۆن یاری بە ئاوی ناو مەنجەڵێک بکەیت، ئەم دیاردەیە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، هەروەها جووڵەی ( بە یەکاچوون و قۆپان) لە ئاوی تەنگەبەری لۆنگ ئایلاندی ئەمەریکا و چەندان شوێنی تریش ڕوو دەدات.
لە ناوەڕاستی زەریا گەورەکانیش هەمان شت ڕوو دەدات، بەڵام تێبینی ئەوە دەکرێت کە لە ناوەڕاستدا هەڵکشان و داکشان کەمەو تا بەرەو کەنارەکان بڕۆین بەرزبوونەوەو نزمبوونەوەی ئاو زۆرتر دەبێت.
تا ئێستا ئەو هۆکارەی کە دەبێتە هۆی دروستبوونی جووڵەی (بە یەکاچوون و قۆپان) جێی گومانە، هەندێک لەو بڕوایەدان کە پەستانی هەوا هۆکاری ئەو جووڵەیەن، چونکە هەر وەک چۆن لە دەریاکاندا ئەمە ڕوو دەدات، ئەوا لە دەریاچەکانیشدا ڕوو دەدەن.
ئێمە لەوە بە ئاگاین کە پەستانی هەوا کاریگەری هەیە لەسەر هەڵکشان و داکشان، ئەگەر بارۆمەترێک یەک سانتیمەتر داببەزێت ئەوا هەڵکشانی ئاو ١٢ سانتیمەتر بەرز دەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی نزمبوونەوەی کێشی هەوا لەسەر ڕووی ئاو، لەوانەشە بای توند زۆر شتی تریش بکات، لە ساڵی ١٩٣٨ گەرداو، ئاوی کەنداوی نارا گانستی بۆ سێ مەتر بەرز کردەوە، زیاتر لە هەڵکشانی ئاوی کەنداوەکەو بووە هۆکاری ژێر ئاو کەوتنی بەشێک لە شاری پرۆڤیدنس.
کێشەی هەڵکشان و داکشان هەمان ئەو کێشەیە نییە کە لە دوو شوێنی جیاوازدا ڕوو دەدەن، لەوانەیە بە تێپەڕبوونی کاتژمێرەکان گۆڕانی بەسەردا بێت لە هەردوو شوێنە جیاوازەکە، لەگەڵ ئەمەشدا ئامێرێک دروستکراوە، دەتوانین لە ڕێگەیەوە پێوانەی هێزی کێشکردنی هەر یەک لە خۆر و مانگ بۆ ساڵی داهاتوو بزانین، ئەم پێوانەکردنە ٧ کاتژمێر دەخایەنێت، بەڵام تا ئەو کاتە ئامێرەکە حاڵەتی باو پێوەری بارۆمەتری ئەو کاتەمان پێ ناڵێت.
هەڵکشان و داکشان کاریگەری خۆیان هەیە لەسەر هەموو بەندەرەکان، زۆر جار کەشتییەکان ناچار دەبن چاوەڕوان بن تا ئەو کاتەی هەڵکشان ڕوو بدات تا بڕۆنە بەندەرەوەو لەنگەر بگرن، هەروەها چاوەڕوانی داکشان بن تا لە بەندەرەکە دەربچن، زۆر جار لەوانەیە هەڵکشان و داکشان دەبنە هۆی دروستبوونی شەپۆلی خێراو مەترسیدار لە نێوان دوورگەکاندا، بە تایبەت ئەوانەی کەناری بەردینیان هەیە، جاروباریش گێژاو دروست دەکەن، ناوبانگترین و بەهێزترین گێژاویش لە دونیادا ئەوەیە کە لە دەرەوەی کەنارەکانی وڵاتی نەرویج ڕوو دەدات، کە ناوی (میلسترۆم)ە زۆرێک لە دەریاوانەکان پێییان وابوو ئەم گێژاوە دەتوانێت کەشتی گەورە قوت بدات، بۆیە چیرۆکی سەیرو دوور لە واقیعەوە لەبارەی ئەم گێژاوە نووسراوە.
لە سەردەمانێکدا بەتایبەت لە کەنداوە داخراوەکاندا کەڵک لە هەڵکشان و داکشان وەرگیراوە بۆ بەگڕخستنی ئاسیاو بۆ هاڕینی گەنم و جۆو دانەوێڵەکانی تر، هەروەها لە نیو ئینگلاندی ئەمەریکا بەکار هێنراوە بۆ بڕینەوەی دار، حوکمەتی ئەمەریکا سوود لە هێزی هەڵکشان و داکشانی ئاو بۆ کەنداوی (بەساما کۆدی) لە ویلایەتی ماین وەردەگرێت، لەگەڵ هەموو هەڵکشان و داکشانێکدا دوو بلیۆن تەن ئاو دەچێتە ناو کەنداوەکەو دەردەچێت.
لە دێر زەمانێکی زۆر کۆنەوە، لەو کاتەی دونیا لە سەرەتاکانی درووستبوونی بوو، هەڵکشان و داکشان زۆر زۆر لە ئێستا بەرزتر بوون، گۆی زەوی هەموو ٤ کاتژمێرێک بە دەوری خۆیدا سووڕی دەخوارد، نەک ٢٤ کاتژمێر، هەروەها مانگ زۆر لە ئێستای نزیکتر بوو لە زەوییەوە، بۆیە شەپۆلەکانی هەڵکشان و داکشان بە بەرزبوونەوەی بۆ سەدان مەتر لەگەڵ یەکتردا پێشبڕکێیان دەکرد بەدەوری زەوییدا، لەو کاتەدا وشکایی کیشوەرەکان تازە خەریکبوون سەر ئاو دەکەوتن.
ئەوەی سەرەوە سەرگوزەشتەیەکی دوورو درێژی ڕابردووە، بەڵام ڕوانینمان بۆ ئایندەش تووشی سەرسوڕمان دەکات، چونکە هەڵکشان و داکشان وەکو بڕێک دژی سووڕانەوەی زەوی کار دەکەن، ئەم هێزە لە هەر یەک لە خۆر و مانگ دێن کە زۆر دوورن، ڕاکێشانی جێگیری ئەو دوو هێزە سووڕانەوەی زەوی خاو دەکەونەوە، هەر وەک چۆن پارچە موگناتیسێک خولانەوەی تایەیەک کەم دەکەنەوە، ئەمەش بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کە درێژی ڕۆژ کە لە کۆندا تەنها ٤ کاتژمێر بووەو ببێت بە ٢٨ ڕۆژ.
بڕوانە ئەو گۆڕانکارییە مەزنەی کە بەسەر کەش و هەوای زەویدا دێت، لەبەر ئەوەی خۆر بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک هەڵدێت، پاشان چەند ڕۆژێک شەو هەڵدەکات، ئامێرەکان ئەگەری ئەوە دەخەنە ڕوو کە ڕۆژ لە کۆنەوە، واتا لە سەرەتای مێژووی نووسراوەوە چەند چرکەیەک زیادی کردووە، ئەمەش جگە لە تۆزقاڵێک لە کات هیچی تر نییە، بەڵام خۆ ڕۆژی گەیاندۆتەوە ئەم ٢٤ کاتژمێرەی ئێستا، هەروەها بەردەوام دەبێت، چونکە ڕاکێشانی خۆر و مانگ هەرگیز ناوەیان و بەردەوامن لە جووڵە.
ئەم دوو وێنەیە تووشی ترسێکی بێ وێنەمان دەکات، بەڵام سەردەمی کۆن بەسەرچووەو داهاتوویش زۆر دوورە، ئەگەری گۆڕانکاری مەزن هەزارەها ساڵی دەوێت، بەڵام زۆر پێویستە ئەوە بزانین کە دیاردەی هەڵکشان و داکشان لە سەردەمی کۆندا چ ڕۆڵێکی هەبووە لە داهاتوویشدا چ ڕۆڵێکی دەبێت لەسەر چیڕۆکی ژیان لەسەر گۆی زەوی.


سەرچاوەکان



1516 بینین