قومری

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-10-17:46:00 - کۆدی بابەت: 753
قومری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قومری (بە ئینگلیزی: laughing doveباڵندەیەکە و لە هەمان خێزانی کۆترەکانە و پێی دەوترێت کۆترێکی بچووک، نشینگەکەی چەندین ناوچەی جیاواز دەگرێتەوە، وەک ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئاسیا و ڕۆژئاوای ئوستوڕالیا، لە ناوچە وشک و نیمچە بیابانەکاندا دەژی، کە بە زۆری بە تاک یاخود جووتیان دەبینرێت کاتێک لەسەر ئەو زەوییانە خۆراک دەخۆن، ئەم کۆترانە بە تەنها و بە جووت و کۆمەڵەی بچووکی ٣-٤ ئەندامی دەبینرێن، واتە کۆمەڵەی گەورە دروستناکەن تەنها لە کاتی ئاو خواردنەوە و گەڕان بۆ سەرچاوەی خۆراکی نەبێت، هەروەها مەترسی لەناوچوونی لەسەر نییە چونکە باڵندەیەکی خۆ گونجێنەرە و بەهۆیەوە بە ئاسانی دەتوانێت ڕزگاری ببێت لە زۆرینەی هەلومەرجەکاندا، دەنگی ئاواز خوێندنەکەی هاوشێوەی پێکەنینی مرۆڤە، و دەکرێت گوێبیستی دەنگی بیت بە درێژایی ساڵ کە ٦-٨ نۆتەی ناسکە و بێزارکەر نییە، هەروەها ٥ جۆری هەیە کە جیاوازییەکەیان تەنها لە ڕووی قەبارە و تۆخی ڕەنگەوەیە.

شێوەی دەرەوەی

هاوشێوەی کۆترێکی بچووکی کلک درێژی باریکە، ملوانکەیەکی چوارگۆشەی ڕەش و زەرد و سوور تایبەتمەندی بە جەستەی بەخشیوە و بەهۆیەوە بە ئاسانی لە کۆترەکانی دیکە جیادەکرێتەوە، درێژییەکەی بە گشتی دەگاتە ٢٥ سانتیمەتر، ڕەنگی پەرەکانی بە گشتی قاوەییە و ناوچەی سەری پەمەییە و بەشی خوارەوەی سەری و ملی وەنەوشەییەکی کاڵە، هەروەها لە ناوچەی سکیدا ڕەنگی وەک زەردێکی کاڵە، بە درێژایی باڵەکانیشی شریتێکی شین هەیە.

خۆراک

قومری کۆتر بە گشتی دانەوێڵەکانی سەر زەوی کۆدەکاتەوە واتە دانەوێڵەخۆرە، و گژوگیا و ڕووەکاکنیش دەخوات، هەروەها دەکرێت مێرووە بچووەکانی سەر زەویش بخوات وەک مێروولەی سپی و قالۆنچە و مێش و هەندێک لە بێ بڕبڕەکان و هێلکە شەیتانۆکە بچووکەکان، واتە قومری لە کاتی خواردندا باڵندەیەکی زەمینەییە و لە کێڵگە و لەوەڕگاکاندایە و نزیک لە مرۆڤەکان دەژی.

یەکگرتن و زۆربوون

قومری باڵندەیەکی تاک هاوسەرە، واتە بە درێژایی ژیانی یەک هاوبەشی دەبێت بۆ هەموو یەکگرتنەکان، لە کاتە هێمنەکاندا نێرینەکان لە مێینەکان نزیک دەبنەوە بە جوڵاندن و دانەواندنی سەریان، دەنوک دەدەن لە باڵە شەپۆلدارەکانیان لە کاتی داواکردنی یەکگرتن، مێنەکانیش ڕازیدەبن بە دانەواندنی سەریان، هەروەها دەکرێت جووتەکان یەکتر خاوێنبکەنەوە، وەرزی زۆربوونیان بە گوێرەی نشینگەکانیان دەگۆڕێت هەندێکیان بە درێژایی ساڵەکە دەتوانن یەکگرتن ئەنجام بدەن و هەندێکی دیکەیان ماوەکەی تەنها چەند مانگێکە، هێلانەکانیان دەکرێت لە درزەکان یاخود لە سەر دار و نزیک ماڵەکان بن، واتە لە ناوچەیەکی بەرزدایە، نێرینەکە چڵەکان دەهێنێت و مێینەکەش هێلانەکە دروستدەکات، وە هێلانەکە بۆ چەندین جار بەکاردەهێنرێتەوە و دەکرێت هەندێکیان هێلانەی باڵندەی دیکە بەکاربهێنن، دوای یەکگرتنیان مێینەکە ٢ هێلکە دادەنێت لە دوو کاتی جیاوازدا، سەرەتا هێلکیەیەک دادەنێت و دوای ڕۆژێک هێلکەی دووەم دادەنێت، هەردوو نێرینە و مێینەکە لە ماوەی نیشتن و گرنگی پێدان بە بێچووەکان و هێنانی خۆراک بۆیان هاوبەشن، بەزۆری مێینەکە لەسەر هێلکەکانە بەڵام هەندێکجاریش زیاتر بە ڕۆژدا نێرینەکان لەسەر هێلکەکان دەمێننەوە، دوای ١٣-١٥ ڕۆژ بێچووەکان لە هێلکەکانیان هەڵدێن، سەرەتا بچووک و بێ پەڕ و رەنگ سوورن، پاش ١٢-١٣ ڕۆژ هێلانەکانیان جێدەهێڵن، هەروەها لە تەمەنی ١٥-١٧ ڕۆژیدا توانای فڕینیان دەبێت و خۆراکیش دەخۆن لە ڕێگەی یەقدانەوە یاخود ڕشانەوە، واتە بە هەڵهێنانەوەی خۆراکە.


سەرچاوەکان



3570 بینین