شانشینی هەڵکشان و داکشان

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-22-18:57:00 - کۆدی بابەت: 810
شانشینی هەڵکشان و داکشان

ناوه‌ڕۆك

شانشینی هەڵکشان و داکشان

  لە هەموو ئان و ساتێکدا جیهانی ئاو شتی سەیرو سەمەرەیان پێ ئاشنا دەکات، لەوانە ئەو شوێنانەی بنی دەریا کە لە ئەنجامی هەڵکشانی ئاو دەردەکەون، لەو کاتە بەردوو لمی بنی دەریا دەردەکەون و لەوانەیە چەند جۆری زیندەوەری بنی دەریا ببینین کە پێش ئەم دیاردەیە بینینیان ئاسان نەبێت.
زۆرێک لەو زیندەوەرانە چالاکن و بەردەوام کار دەکەن، هەندێک تونێل دروست دەکات لەبنی دەریا، هەیانە خەریکی ڕووەک ڕوواندنە، هەیانە خانوو دروست دەکات و هەیانە داو دەچێنێت و تەنانەت دزیشیان هەیە، ئەمانە و گەلێکی تر لە زیندەوەرە بچووک و گەورەکان، نیشتەجێی دەریان و لەو وڵاتە دەژین کە بە شانشینی هەڵکشان و داکشان ناو دەبرێت.
با خەیاڵی ئەوە بکەین کە لە ڕۆژێکی وەرزی هاویندا دەچینە کەناری (نیو ئینگلەند) تا ئەو شانیشینە بدۆزینەوە، شەپۆلەکان دوور لە لمی کەنار و بەردەکان یاری دەکەن، ئاوی دەریا بەرەو دواوە هەڵکشاوە وەک ئەوەی پێمان بڵێت: ئادەی چۆڵی کەن کەمێکی تر دێمەوە.
لێرەدا پێویستمان بە خاکەنازێک و سەتڵێک هەیە بۆ ئەوەی سامانەکان بدۆزینەوە، هەروەها میکرۆسکۆبێک تا ئەو زیندەوەرە زۆر بچووکانەمان بۆ گەورە بکاتەوە کە خۆیان لەو کەنارە حەشار داوە تا ئاو دەگەڕێتەوە.
جارێ با پیساییەک بەسەر ئەو لمەدا بکەین کە پێش چەند کاتژمێرێکی کەم، ئاو دایپۆشیبوو، بەڵام بەهۆی هەڵکشانی دەریا ئێستا دەرکەوتووە، ئەو شتانەی کە سەرنجمان ڕادەکێشێت بریتین لەو تەپۆڵکە لمانەی کە تەوژمەکانی ئاو و زیندەوەرەکانی تر دروستی کردوون، لەگەڵ ئەو کەناڵە ئاوییە بچووکانەی کە زیندەوەرەکانی کەنار دروستیانکردووە، هەروەها ئەو کەندڕ و چاڵانەی کە ئاو و زیندەوەرەکان هەڵی کەندوون، تەوژم و شەپۆلەکانی ئاو و ئەو زیندەوەرانە هاوشێوەی ڕووبارەکانی وشکایی کاریان لەو کەنارانە کردووە.
زوو چاڵ بکە بۆ ئەوەی هۆکاری دروستبوونی ئەو تەپە و کەناڵ و چاڵ و کەندڕانە بزانیت، ئا ئەوەتا زوو پێشی لێ بگرە، خێرا شوێنی کەوە، بە زۆر دەری بهێنە، دەیەوێت بەرەو قووڵایی بڕوات وەک ئەوەی خۆی بەڕەگەگانەوە نووساندبێت، وازی لێ مەهێنە، ئەوەتا بەهەردوو دەستە درێژ و سەدەفییەکەی دەرکەوت، کە وەک گوێزانی کۆنی سەرتاشە، ئەمیان بە (محار موسی الحلاق) دەناسرێت، گۆشتێکی سپی مەیلە و زەردی هەیە کە زۆر بەتامە.
لەو لای پێتەوە کەناڵێک هەیە، پێتوایە کرمێکە، تۆزێک چاوەڕێ بکە، ئەو کرمانە بەکەم مەزانە، چونکە کرم بەشێکی گەورەی زیندەوەرانی دەریا پێکدەهێنن، چەندەها جۆری هەیە، هەیانە زۆر جوانە و جێگەی بایەخ پێدانە، ئەم گرمە بە کرمی گوێچکە ماسی ناو دەبرێت، لەبەر ئەوەی گوێچکە ماسی دەخوات، بەڵام ئەمیش خۆراکێکی باشی ماسییە، بۆیە ڕاوچییەکان وەک داوێک بۆ ڕاوکردنی ماسی بەکاری دەھێنن.
بڕوانە ئەو بۆڕییەی کە لە لمی کەنارەکە لە گوێچکە ماسی و گژوگیای دەریا دروستکراوە، ئەمە جۆرە کرمێکی تر دروستی کردوەو بۆ شوێنی حەوانەوە بەکار دەهێنرێت.
بڕوانە ئەو پارچە دارەی کە شەپۆلەکان هاویشتوویانە کەنار، هەڵگیرە کونی زۆری لێیە، وەکو شارە هەنگ وایە، بە ئاسان لەنێو پەنجەکانت دەشکێت، ئەو کات دەبینیت هەر کونێک بەجۆرە ماددەیەکی شووشەیی داپۆشراوە ئەوەی کە ئەم کونانەی کردووە پێی دەوترێت: (المحار الناخر) یان (ئافاتی کەشتی) یان (تریدۆ) ئەم کونانە وەکو خانوو بەکاری دەھێنێت، ئەم زیندەوەرە لە کۆندا بەرپرس بووە لەژێر ئاو کەوتنی زۆرێک لە کەشتییەکان، چونکە لە ژێرەوە کاری خۆی لەگەڵ داری بنی کەشتییەکە کردووە.
ئەو شتە سەیرە چییە؟ وەکو سووچەڕێکی بچووکی سەوزە، بە سووچەڕی دەریا یان ڕتسا دەناسرێت، چڵە دڕکی زۆری پێوەیە، هەڵیگێڕەوەو بڕوانە دەمی (٥) ددان لەسەر یەک هێڵ لە دەمیدا هەیە، بەجوڵاندنی چڵە دڕکێکی لەسەرخۆ دەجووڵێتەوە، ئەم زیندەوەرە بەردەکانی کەناری دەریا هەڵدەکوڵێنێت تا خۆی تێدا حەشار بدات.
ئەوەش (ئەستێرەی دەریا)یە کە پێنج پەنجەی پەمەیی هەیە، هەر پەنجەیەک چەندان بۆری وردی تیایە کە هاوکاری دەکات تا بجووڵێتەوە، ئەگەر ئەستێرەی دەریا لەت و پەت بکرێت بۆ ٥ بەش و فڕێ بدرێتە ناو دەریاوە ئەوا هەر بەشێک بۆ خۆی گەشە دەکات و دەبێتەوە بە ئەستێرەیەکی نوێی دەریا.
لە ئەنجامی گەڕان، جاڵجاڵۆکەیەکی گەورە بەرچاومان دەکەوێت، لە ڕاستیدا ئەم زیندەوەرە بە قرژاڵی جاڵجاڵۆکەیی ناسراوە، ئەو گیایەی کە لەسەر پشتێتی خۆی دایناوە تا ماسییە برسییەکان کاتێک دەچنە بنی دەریا بۆ حەوانەوە نەیبینن، ئەم ئەم زیندەوەرە باخەوانێکی لێهاتووە، کوڕە مامی قرژاڵێکی ترە کە زۆر گەورەیە و لە ئاوە قووڵەکانی کەنارەکانی ژاپۆندا دەژێت، پێکانی ئەم جۆرەیان لەوانەیە ٣ بێت یان زیاتر، شای قرژاڵەکانیش لەشی وەکو پێی ئەسپ وایە و چەند چاوێکی هەیە.
ئەو تۆپەڵە قووڕە بە مکرۆسکۆبی گەورە کردنەوە تیایدا بڕوانە، ئەمەیان ژیانی تیایە، ڕاستە، چونکە چەندان زیندەوەری جۆری، گەمبەری بچووک لەناو قووڕی نەرمدا دەژین، ئەگەر گەورەکەرەوەت زۆر بەهێز بێت، دەتوانیت ئەو باخچانە ببینیت کە دیاتۆمات دروستی کردووە، دیاتۆمات ئەو ڕووەکە وردانەیە کە سەر ئاو دەکەون و بە باشترین شێوە لەناو قووڕدا گەشە دەکەن.
لەکاتی گەڕانمان بەدوای زیندەوەرە سەیرەکان چاومان بە زیندەوەرێکی ئیسفەنجی وەک کونکەرە دەکەوێت، ئەم زیندەوەرە توانایەکی زۆری هەیە لە کونکردندا، تەنانەت شۆستە کۆنکریتییەکانی بەندەرەکانیش کون دەکات.
لە گەڕانماندا چاومان بە یەکەیەکی نیشتەجێبوونی گەورە دەکەوێت، کە بە هەزارەها لێی بەم لاو بەولادا بڵاوبووەتەوە، ئەم شوێنە دەوڵەمەندە بە خورمای دەریا، ژمارەیان ئەوەندە زۆرە کە دەتوانین شارێک دروست بکەن، هەریەک لەو خورمایانەی دەریا بەدەوری خۆیدا چەندان دەزووی بەهێزی کێشاوە، تا خۆی پێیدا هەڵبواسێت، ئەمانە زۆر زیرەکن لە ڕستن و چنیندا، تەنانەت لە ئیتاڵیا هاوشێوەی ئەو دەزووە بەکار دەهێنرێت بۆ دروستکردنی دەستکێش، لە فەرەنسا و هەندێ وڵاتی تریش چەند جۆرێک لەو خورمایەی دەریا وەکو خواردنێکی بەتام دەخورێت.
ئەو (سەدەفە---صدف) درێژییەکەی نزیکەی ٣ سانتیمەترە، شێوە لوولەییەکەی زۆر جوانە، بەڵام ڕاوچییەکان هاوڕامان نین لەم مەسەلەیە، چونکە ئەم سەدەفانە، بە دڕندەترین بکوژی زیندەوەرێکی وەک (وتر) دادەنرێت.
زیندەوەرێکی تری دەریا، بە (حەبار) ناو دەبرێت، ئەم زیندەوەرە، خاوەن سەرێکی سەیرو دوو چاوی گەورەیە، درێژی دەستەکانی هاوکاری دەکەن لە ڕاوکردنی ماسی، هەروەها وەکو باڵندە دەنووکی هەیە، درێژی ئەم زیندەوەرە دەگاتە ١٢٠ سانتیمەتر، هەندێک جار بە (موشەکی دەریا) ناو دەبرێت، چونکە توانای بازدانی هەیە، هەر کەسێک هەوڵی گرتنی بدات ئەو بۆییەیەکی ڕەش لە شێوەی هەور بەر دەدات تا خۆی بپارێزێت، ئەو بۆییەیە مرەکەبی ڕاستەقینەیە و لە زۆرێک لە وڵاتانی دەریای ناوەڕاست وەکو مرەکەبی نووسین بەکار دەهێنرێت.
لە ڕاستیدا سەیر و سەمەرەکانی جیهانی ئاو زۆرن، زۆریشی تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە یان زانیاریمان لە بارەیانەوە نییە، خوازیارم بە تێپەڕبوونی کات زانست پێش بکەوێت، تا پەی بە نهێنییەکانی دەریا ببەین.


سەرچاوەکان



1788 بینین