ژیانێکی سەیر لە بنی زەریادا

له‌لایه‌ن: - ئاکار قطب الدین - به‌روار: 2020-12-25-07:20:00 - کۆدی بابەت: 856
ژیانێکی سەیر لە بنی زەریادا

ناوه‌ڕۆك

ژیانێکی سەیر لە بنی زەریادا

ژیان بەسەر بردن لە جیهانی ئاودا شتێکی زۆر سەیرە، بەڵام پرسیار ئەوەیە باری گوزەران لە شوێنە قووڵەکانی ئەو جیهانە چۆنە؟
٥٠٪ی هەموو دەریاکان قووڵیان لە ٥ کیلۆمەتر زیاترە، بۆیە پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا زیندەوەرەکان دەتوانن لەو قووڵییە ژیان بگوزەرێنن؟
لە کۆندا بڕوای وا هەبوو کە بنی دەریا وەکو بیابانێکی بەرین وایە، کە هاوشێوەی بۆشایی ئاسمان ژیانی تێدا نییە، یەکەم جار بڕوا وابوو کە بەهۆی پەستانی ئاوەوە زیندەوەرەکان ناتوانن لە بنی دەریادا بژێن، ئەو مەلەوانانەی کە لە کەنارەکانی باشووری زەریای ئارام بەدوای لولوودا دەگەڕێن لە ٣٠ مەتر زیاتر ناتوانن لەژێر ئاودا بمێننەوە، تەنانەت ئەوانەی ئامێری هەناسەدانیش بەکار دەهێنن ناتوانن لە ١٥٠ مەتر زیاتر بچنە قووڵی دەریاوە، ئەمە بەهۆی پەستانی دەریاوە کە ئەوەندە بەهێز و زۆرە خانوویەکی گەورە وەکو شکاندنی توێکڵە هێلکەیەک دەڕوخێنێت، بۆیە پێویستە ئامێری تایبەتی چوونە ژێر ئاو وەک ئەوەی دکتۆر پیپی بەکار بهێنرێت.
ئەگەر کیلۆ مەترێک لە کەنارەکانەوە دوور بکەویتەوە ئەوا ئەندازەی پەستان لەسەر ڕووی ئاو دەگاتە ١٠٠ کیلۆ گرام بۆ هەر ١ سم چوارگۆشە، لە قووڵترین بەشەکانی زەریای ئارامیش ئەندازەی پەستان دەگاتە یەک تەن بۆ هەر ١ سم چوارگۆشە.
تەنانەت خودی ئاویش لە ژێر کاریگەری ئەم پەستانەی خۆیەتی، بۆ نموونە: کاتێک پەرداخێک پڕ دەکەیت لە ئاو، ناتوانیت لەو بڕە زیاتری تێ بکەیت، چونکە نەرمی و ئاسانی گۆڕینی شێوەی ئاو لە ڕێگەی ئەو قەبارانەی کە بەکار دەهێنرێت، بەڵام ناتوانرێت بڕێکی دیاریکراو دابکرێتە ناو قەبارەیەکی بچووکەوە بێ ئەوەی لێی بڕژێت.
هەمان باسی سەرەوە بۆ دەریا وایە، چونکە کاتێک قەبارەی ئاو زیاد دەبێت بەهۆی پەستانی تەنی ترەوە، ئەوا پەستانی ئەو تەنە کار دەکاتە سەر بەرزبوونەوەی شەپۆلەکانی دەریا، بۆ نموونە: ئەگەر ڕێژەیەکی زۆری ئاو داکرێتە ناو دەریا ئەوا پەستانی ئەو بڕە داکراوە کار دەکاتە سەر پەستانی گەردیلەکانی خوارەوە، ئەمەش وا دەکات ئاستی ئاو بەرزبێتەوە بۆ زیاتر لە سی مەتر، بەمەش زۆرێک لە دوورگە و کەنارەکان ژێر ئاو دەکەون بەهۆی ئەو لافاوە گەورەیەی کە لە ئەنجامی پەستانی گەردیلەکان دروست دەبێت.
ئاو وەکو شتەکانی تر بە گەرم کردن شل و پان دەبێتەوە و بە سەردی دەچێتەوە یەک، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە چوونە یەکی ئاو جیاوازە لە شتەکانی تر، ئاو پێش ئەوەی بیبەستێت (تجمید) دەست دەکات بە فراوان بوون، بەفر هەمیشە لەسەر ئاو دەوەستێت، چونکە سووکترە لە ئاو، تەنانەت شاخە بەفرینەکانی جەمسەریش کە زۆرێکیان لە ١٠٠ مەتر بەرزترە لەسەر ئاو وەستاون، ئەگەر ئاو ئەم خسڵەتەی نەبوایە ئەوا ئاوی جەمسەرەکان تا بنی دەریا دەیبەست، ئیدی ژیانی ژێر ئاو لەو دوو شوێنە بەهۆی نزمی پلەی گەرما نەدەما، زانیاریەکی گرنگی تر ئەوەیە کە ئاوی شیرین لە پلەی ٣٢ی فهرنایت دەیبەستێت، بەڵام ئاوی سوێر لە ئاوی شیرین زیاتر بەرگەی دابەزینی پلەی گەرما دەگرێت، بۆیە سەرنجی پلەی گەرمی لە زۆرێک لە شوێنەکانی دەریا دەدەیت تێبینی ئەوە دەکەیت کە پلەی گەرما بە بەردەوام ٢٧ پلەی فهرنایتە، لەگەڵ ئەمەشدا نایبەستێت، سەیریش لەوەدایە هەموو ئەو زیندەوەرانە چۆن بەرگەی ئەو سەرمایەی بنی دەریا دەگرن؟!
لە کۆندا خەڵکانێک هەبوون باوەڕیان وابوو کە هەوا لە بنی دەریادا نییە، لەکاتێکدا هەموو زیندەوەران پێویستیان بە هەوایە، هەروەها هیچ خواردنێک لە بنی دەریادا دەست ناکەوێت، سەرەنجام گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە بەهۆی نەبوونی فاکتەرەکانی ژیان لە بنی دەریادا، بنی دەریا ژیانی تێدا نییە؟
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەهۆی دۆزینەوە تازەکان ئەو بڕوایەی سەرەوە بەرەو نەمان چوو، چونکە دۆزینەوەکان لەبواری ژیانی ئاو ئەو بۆچوونەیان ڕەت کردەوە، لە قووڵاییە جیاجیاکانی ژێر دەریادا ژیانی جۆراوجۆر هەیە، زیندەوەرێکی وەک (حەبار) لە قووڵایی ٥ کیلۆمەتر دەژیت، چەندان جۆری ماسی ڕاوکراوە کە لە قووڵایی ٦ کیلۆمەتر ژیاون، جاڵجاڵۆکەی دەریا کە جۆرێکە لە جۆرەکانی قرژاڵ لەبنی دەریا و لە قووڵایی جیا جیا بینراوە، لە ئەمڕۆدا کاتێک سەردانی گەلەرێکی جیهانی سروشتی بەشی ئاو یان دەڕوانیتە ئینسایکلۆپیدیای زانستی ژێر دەریا بۆت دەردەکەوێت کە چەندان زیندەوەر لە قووڵایەکاندا دەژین، ئەم زیندەوەرانە تاریکی بێتاقەتیان ناکات، چونکە لە ژیانیاندا ڕۆشناییان نەبینیوە، هەروەها پلەی گەرمای لەشی ئەم زیندەوەرانە لە ئاستی پلەی گەرمی ئاوی دەریایە، بۆیە سەرما کاریگەری نییە لەسەر ئەو زیندەوەرانە، سەبارەت بە پەستانی دەریا، ئەوا لەبەر ئەوەی ئەو زیندەوەرانە لەو قووڵایانە پەیدا بوونە، ڕاهاتوون لەگەڵ ئەو ژینگەیەو ئەو بڕە کەمەی ئۆکسجین، لە ئاوی دەریای جەمسەرەکاندا بڕێک هەوا هەیە کە ڕوو دەچێتە خوارەوە بەرەو بنی دەریا و زیندەوەرەکان کەڵکی لێ وەردەگرن.
زاناکانی دەریا جارێکیان ئامێرێکی وێنەگرتنیان ڕەوانەی قووڵایی کرد تا زانیاری کۆ بکاتەوە، تەنها لە ٣٠ مەتردا چەندان جۆریزیندەوەر تێبینی کرا، جووڵەی جاڵجاڵۆکەی دەریا جێی سەرنجی ئەو زانایانە بوو.
کاتێک سەرەنجی سەر وشکایی دەدەین، تێبینی ئەو ژیانە جۆراوجۆرە دەکەین، لەکاتێکدا ڕووبەری زەوی زۆر بچووکترە لە ڕووبەری ئاو، بۆیە پرسیاری گرنگ ئەوەیە جۆراوجۆری ژیان لەو ڕووبەرەی کە ٣٠٠ جار گەورەتر لە ڕووبەری کیشوەرو دوورگەکان چۆن بێت و چەند بێت؟


سەرچاوەکان



1003 بینین