کاریگەری ئاو لە پێکهاتنی سەر ڕووی زەویدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2020-12-28-21:45:00 - کۆدی بابەت: 925
کاریگەری ئاو لە پێکهاتنی سەر ڕووی زەویدا

ناوه‌ڕۆك

کاریگەری ئاو لە پێکهاتنی سەر ڕووی زەویدا

ئاوی ڕۆشتوو و سەرجەم ئاوە ڕێکردووەکانی دیکەی وەک ڕووبار و دۆڵەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر پێکهاتنی ڕووی زەوی، ئەمەش بەهۆی ڕوودانی کردارەکانی داتاشین و گواستنەوە و نیشتنەوەوە دەبێت، وە کرداری داتاشینی ئاوی لەو ژینگە شێدارانەی کە ڕوویەکی زۆر لێژ و ڕوتەنیان هەیە زۆرتر ڕوودەدات.
کرداری داتاشینی ئاوی لە ڕێگەی دۆڵێکی سەرەتاییەوە دەستپێدەکات، کە بریتیە لە جۆگەلەیەک کە لە ئەنجامی کۆبونەوەی ئاو و بوونی باران لەسەر ڕوویەکی زۆر لێژ دروست دەبێت. ئەم کردارە بە زۆری لە ناوچە چیاییەكاندا ڕوودەدات، ئەم جۆگەلانەش پۆلێن دەکرێن بۆ (٣ بەش)، کە حەوزی کەڵەکە بوو لە بەشەکانی سەرەوەی جۆگەلەکەدا دروست دەبێت کە لە قۆناغی یەکەمدا دۆڵەکە دروست دەکەن کە پێی دەگوترێت ڕێڕەوی گشتی (جۆگەلە)، پاشان ڕێڕەوە گشتیەکە بەردەوام دەبێت لە رێکردن تا دەگاتە ناوچەی ئاوڕێژگە، کە ئەمیش بەشی سێیەمە و پێی دەگوترێت ناوچەی قوچەکی دەرباز کردنی لافاو.
وە بە بەردەوام بوونی ڕێکردنی ئاو لە جۆگە و لق و دۆڵەکان و ڕێڕەوە ئاویە سەرەکیەکاندا کرداری داتاشینی لاپاڵەکان بەردەوام دەبێت و دەبێتە هۆی ڕوودانی ڕاماڵینی خاکی ڕووی زەوی و ڕوودانی خزان بەهۆی ئەو ئاوەوە لە ناوچە لێژەکاندا و بەردەوام بوونی قوڵ بوون و پان بوونی دۆڵەکان و بەردەوامێتی گۆڕانی ڕووی زەوی.

توانای ئاو لە کرداری داتاشیندا دەوەستێتە سەر ئەم هۆکارانە

١- خێرایی ڕێکردن (ڕۆشتن)

کرداری داتاشین زیاد دەکات بە زیاد بوونی خێرایی ئاوی ڕێکردوو، ئەمش دەوەستێتە سەر پلەی لێژی، هەرچەند پلەی لێژی زیاتر بێت خێرایی ئاو زیاتر دەکات و بەمەش کرداری داتاشین زیاتر و چالاکتر دەبێت.

٢- بڕی لەبەر ڕۆشتنی ئاو

بریتیە لە بڕی ئاوی ڕۆشتوو لە پانە بڕگەی ڕێڕەوی ڕووبارەکان و بە (م دوجا/چرکە) دەپێورێت، وە توانای ڕووبار لە داتاشیندا بە زیادبونی بڕی لەبەر ڕۆشتنی ئاو زیاد دەکات، بە شێوەیەکی گشتی بڕی لەبەرڕۆشتنی ئاو زیاد دەکات، بە شێوەیەکی گشتی بڕی لەبەر ڕۆشتنی ئاو لە وەرزە شێدارەکاندا زیاد دەکات، بەتایبەت لە کاتی ڕوودانی لافاودا توانای ڕوبار لە داتاشین و گواستنەوە و نیشاندان زیاد دەکات.
ئەو زەویانەی کە بارانیان لەسەر دەبارێت و بارانەکەش (ئاوەکە) دوای گەشتن بە ڕووی زەوی ئاڕاستەی یەک ڕێڕەوی سەرەکی دەڕوات (دەڕژێتە یەک ڕێڕەوی سەرەکی) ناو دەبرێت بە ئاوەزێڵی ڕووبار (حەوزی ڕووبار)، وە ئەو ناوچەیەی کە دەکەوێتە نێوان ئاوەزێڵێک و ئاوەزێڵێکی دیکە پێی دەگوترێت هێڵی دابەشبوونی ئاوی نێوان ڕووبارەکان، بە شێوەیەکی گشتی ڕێڕەوە ئاویەکان دابەش دەبن بۆ سێ بەش، کە بەشی یەکەم بریتیە لە ئاوەزێڵی سەروو، ئەم ناوچەیە لقەکانی بچووکن و سەرچاوەی ڕووبارەکان پێکدێنن، پاشان بەشی دووەم کە ئاوزێڵی ناوەندە (ناوەڕاست) ـە و زۆربەی دۆڵەکانی ئەم بەشە بچوکن، پاشان بەشی سێیەم کە ئاوەزێڵی خوارووە، کە بە گشتی ئەم ناوچەیە دەکەوێتە کۆتایی ئاوەزێڵی ناوەڕاست تا دۆڵەکە یان ڕوبارەکە دەڕژێتە ئاوڕێژگەکەی (ئاوڕێژگەی کۆتایی)، وە بە گشتی ڕووبارەکان خاوەنی دوو بڕگەن، کە ئەوانیش درێژەبڕگەی ڕووبار و پانە بڕگەی ڕووبارن، درێژە بڕگەی ڕووبار بریتیە لە درێژی ڕێڕەوەکە (ڕێڕەوە ئاویەکە) لە سەرچاوەکەیەوە تا ئاوڕێژگەکەی، بەڵما پانە بڕگەی ڕووبار لە ئاوەزێڵی ڕووباردا بریتیە لەو ناوچەیەی کە دەکەوێتە نێوان دوو لای دۆڵەکە (ئەو ناوچەیەی کە ئاوی تێدایە و لایەکانی دۆڵەکەی بەیەک گەیاندووە).
وە سەرجەم شێوەکانی ئاوی ڕێکردوو کە تێدەپەڕن بەسەر ڕووی زەویدا کاریگەریان هەیە لەسەر داتاشینی ڕووی و کاریگەری دەبن بەم هۆکارانەی خوارەوە:

١- زۆر لێژی ڕووەکان:
توانای داتاشیین پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ زیادبونی لێژیدا، واتە هەرچەندە لێژی زیاد بکات، داتاشینیش زیاتر دەبێت.
٢- جۆری نیشتەنی ڕووی لە ناوچەکەدا و جۆر و پێکهاتەی بەردەکانی.
٣- ڕووەکی سروشتی (بەرگی ڕووەکی):
بوونی بەرگی ڕووەکی دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی کرداری داتاشین، بە پێچەوانەوە نەبوونی بەرگی ڕووەکی (ڕوتەنی ناوچەکە) کرداری داتاشین زیاد دەکات.
٤- بارنای بەخوڕ (بەهێز) و بەردەوام بوونی: ناوەندی ڕاماڵین زیاد دەکات بە زیادبوونی بڕی باران و بەردەوام بوونی بۆ ماوەیەکی زۆر.
٥- چالاکیە مرۆییە جیاوازەکان:
کاریگەرییان هەیە لەسەر ڕووی زەوی، وە لەو چالاکیانەش (ئاودانی زیاد لە پێویست، بڕینی دارستانەکان- دروست کردنی ڕێگا و بڵاوبونەوەی شارەکان لەسەر زەوی کشتوکاڵی و دارستانەکان).


سەرچاوەکان



1533 بینین