فیل

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-13-14:00:00 - کۆدی بابەت: 1019
فیل

ناوه‌ڕۆك

فیلەکان

فیل بە گەورەترین ئاژەڵی وشکانی دادەنرێت، کە تایبەتمەندە بە هەبوونی لولەیەکی درێژ کە پێکهاتووە لە لێوی سەرەوەی و لووتی، قاچە ستوونییەکانی و سەرێکی گەورە کە لاجانگە ڕژێنەکانی تێدایە، هەروەها گوێچکەکانی کە پان و تەختن، جەستەشی داپۆشراوە بە مووی زبر و تەنک بە ڕەنگێک لە نێوان قاوەیی بۆ ڕەساسییە، شایەنی باسە کە تەنها فیلەکان ماونەتەوە لە خێزانی فیلییەکان.

جۆرەکانی

لە ئێستادا تەنها دوو جۆر لە فیلەکان هەن، ئەوانیش فیلی ئەفریقی و ئاسیاین، بەڵام زاناکان ئاماژە بە ئەوە دەدەن کە لە ڕابردوودا ١٧ جۆر هەبووە.

تایبەتمەندییەکانی جەستەی

بە گوێرەی جۆرەکەی تایبەتمەندییەکانی دەگۆڕێت، بەم شێوەیە:

تایبەتمەندی

فیلی ئەفریقی  

فیلی ئاسیایی

کێش

٢٢٦٨-٦٣٥٠ کگم

٢٠٤١-٤٩٩٠ کگم

درێژی

٢.٥-٤ م

٢-٣ م

تەمەن

٧٠ ساڵ

٦٠ ساڵ

شێوە و قەبارەی گوێیەکانی

وەک کیشوەری ئەفریقایە و گەورەیە.

خڕتر و بچووکترە بە بەراورد بە ئەفریقی.

عاج

هەموو نێرینە و مێینەکان عاجی گەورەیان هەیە، و دوو پەنجە لە کۆتایی لولەکەی.

هەندێک لە نێرینەکان عاجی گەورەیان هەیە، مێیەنەکان و نێرینەکانی دیکە عاجی بچوکیان هەیە (کەڵبە) کە نایەتە دەرەوەی دەمی، لە کۆتایی لولەکەی یەک پەنجەی هەیە.

 

عاجەکان سوودیان هەیە لە چاڵ هەڵکەندن و هەڵگرتن و کۆکردنەوەی خۆراک و پاراستنی لولەکەی، هەروەها فیلەکان زیاتر یەکێک لە عاجەکانی بەکاردەهێنێت بە بەراورد بە ئەوی دیکە، ئیتر ئەوەی ڕاست بێت یاخود چەپ، ئەوەیان کە زیاتر بەکاردەهێنرێت دەتوانرێت دیاریبکرێت، بە هۆی هەبوونی شوێنەواری داخوران لەسەری.

خۆراک

فیلەکان گیاخۆرن، هەریەک لە گیا و گوڵی بچووک و چڵ و دەوەن و میوە و قەد و ڕەگ دەخوات، زیاتر فیلەکان خواردنی قەدیان بەلاوە پەسەندە چونکە کالسیۆم و ڕیشاڵی تێدایە کە کرداری هەرسکردن خێرادەکات، نزیکەی ١٤٩-١٦٩ کگم ڕوەک دەخوات ڕۆژانە، واتە ١٦-١٨ کاتژمێر لە خواردندا بەسەردەبات، کە بە نزیکەیی دەکاتە ٪٨٠ ی ڕۆژەکەی، هەروەها ڕۆژانە پێویستی بە خواردنەوەی ٦٨.٤-٩٨.٨ لیتر لە ئاو هەیە، و فیلە پێگەیشتووە نێرینەکان دەتوانن ٢١٢ لیتر ئاو بخۆنەوە لە کەمتر لە ٥ خولەکدا، فیلەکان زەوی هەڵدەکەنن بە سوودوەرگرتن لە عاجەکانیان، دواتر هەندێک لە ئەو خۆڵە دەخوات بۆ بەدەستهێنانی پێکهاتە خۆراکییەکان، وەک خوێ و کانزاکان، و دەکرێت قوڵی چاڵەکان بگەنە چەند پێیەک.

یەکگرتن و زۆربوون

ماوەی یەکگرتن لەگەڵ فیلە مێینەکان بەمەبەستی زۆربوون ٣ هەفتە دەخایەنێت، کە تەنها لە ماوەی ٣-٥ ڕۆژدا ئەگەری سکپڕبوون هەیە، بە جۆرێکە کە فیلە مێینەکان دەنگی ماوە درێژ دەردەکەن کە هەتا مەودایەکی زۆر دەڕوات، بە ئامانجی هاوکاریکردنی فیلە نێرینەکان بۆ زانینی شوێنەکەی، هەوەها پێشبڕکێ هەیە لە نێوان فیلە نێرینەکان بۆ یەکگرتن، پێشبڕکێکە بریتییە لە تاقیکردنەوەی هێز لە ڕێگەی بەگژداچوون و پاڵپێوەنان، بە دوایدا یەکگرتنەکە ڕودەدات کە لە چەند سەعاتێکەوە هەتا چەند ڕۆژێکی پێدەچێت، زۆرجار نێرینەکان لەگەڵ مێینەکان دەمێننەوە بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە جووتبوونیان لەگەڵ نێرینەی دیکە، ماوەی سکپڕییەکە نزیکەی دوو ساڵ دەخایەنێت کە دەکاتە ٢٠-٢٢ مانگ، و لە مانگی سێیەمی سکپڕییەکدا کلک و لوولە و گوێیەکانی کۆرپەلەکە دروستدەبێت.

قۆناغەکانی ژیان

فیلەکان بە چەند قۆناغێکی گەشەکردنی دیاریکراودا تێدەپەڕن، هەر قۆناغێکی ماوەیەکی درێژ هەتا چەند ساڵێک دەخایەنێت، کە تایبەتمەندن بە گۆڕانکاری جەستەیی، بەم شێوەیە:

  • قۆناغی ساوایی: لە لەدایکبوونیەوە هەتا لە شیر دوورخستنەوەی دەگرێتەوە، دەکرێت ئەم قۆناغە ٥-١٠ ساڵ بخایەنێت، فێر دەکرێت عاج بەکار بهێنێت و ئاو بخواتەوە و خۆیبشوات.
  • قۆناغی هەرزەکاری: لەدوای لە شیر دوورکەوتنەوەی دەستپێدەکات و هەتا ١٧ ساڵی دەخایەنێت، لێرەدا لەڕووی جەستەییەوە پێدەگات، نێرینەکان دوور دەکەونەوە لە خێزانەکانیان بەڵام مێینەکان دەمێننەوە.
  • قۆناغی پێگەیشتن: لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە دەستپێدەکات و هەتا مردنی دەخایەنێت، لەگەڵ ئەوەی فیلەکان لە قۆناغی هەرزەکارییەوە پێدەگەن بەڵام لە ٢٠ ساڵیدا یەکگرتن ئەنجام دەدەن، و لە ٥٠ ساڵیدا توانای بۆ وەچە خستنەوە نامێنێت، هەروەها فیلەکان بەدرێژایی تەمەنی توشی ژمارەیەک نەخۆشی دەبێتەوە کە هاوشێوەی مرۆڤەکانە، وەک نەخۆشییەکانی دڵ و هەوکردنی جومگەکان.

ڕەوشتەکانی

  • ژیانکردن لە نێو کۆمەڵەدا: فیلەکان لە کۆمەڵەی گەورەدا دەژین کە لە ڕووی ڕەگەزەوە جیاکراوەن، تەنها لە ماوەی یەکگرتندا بەیەکەوە دەبن ئەویش ماوەیەکی کورت دەخایەنێت، مێینەکان هەموو تەمەنیان لەناو کۆمەڵەدا بەسەردەبەن کە بەتەمەنترین فیل سەپەرشتی دەکات، لە کاتێکدا کۆمەلەی نێرینەکان سەرکردەیەکی دیاریکراوی نییە، بەڵکو کامەیان جەستەی پتەوتر و بەهێزتر بێت سەرکردایەتی دەکات.
  • پەیوەندیکردن: فیلەکان لەگەڵ یەکتریدا لە ڕێگەی دەنگەوە پەیوەندی دەکەن، کە لە دووری ٨کم ەوە دەبیسترێت، هەروەها هەر فیلیک دەنگی تایبەتی خۆی هەیە کە فیلەکانی تر دەتوانن بیناسنەوە.
  • دڵسۆزی و هاوخەمی: فیلەکان هەست بە یەکتر دەکەن، بۆ نموونە لەکاتی هەبوونی فیلی بەتەمەن یاخود بریندار خێراییەکەیان کەمدەکەنەوە، هەوەها هەموو کۆمەڵەکە خەم دەخۆن لەکاتی مردنی یەکێک لە فیلەکانیان، و فیلەکان یارمەتی فیلێک دەدەن کە بریندار بکرێت سەرەڕای ئەوەی مەترسی بۆ درووست دەکات.
  • چالاکی ڕۆژانە: تەنها ٤-٥ کاتژمێر دەخەون لە ڕۆژێکدا، زۆربەی کاتەکەی لە خواردندا بەسەردەبات، هەروەها فیلەکان گرنگی بە پاک و خاوێنی دەدەن، هەموو ڕۆژێک خۆیان دەشۆن.


سەرچاوەکان



3019 بینین