خوێ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-21-02:02:00 - کۆدی بابەت: 5975
خوێ

ناوه‌ڕۆك

خوێ چییە؟

خوێ پێکهاتەیەکی ناکانزاییە بە واتای ئەوەی کە کاربۆن و هایدرۆجین لە پێکهاتەیدا نییە، خوێیەکان بە کەتایۆنی موجەب دەناسرێن و ئایۆنە سالبەکان ڕادەکێشن، کە ئەم ئایۆنانە ناسراون بە ئەنایۆنەکان، ئەم ڕاکێشانی سالب و موجەبە بە هاوکێشەیەکی ئایۆنی دەناسرێت، کە کلیلی دروستکردنی پێکهاتەی خوێیەکانە، بە پێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژانە دەبێت ٥ گرام خوێ بخورێت.

خوێ چ ڕۆڵێکی هەیە؟

خوێ یەکێکە لە ماددە گرنگەکان بۆ سوتاندنی ماددەی خۆراکی لە جەستەدا، فەرمانی گواستنەوەی دەمارە ڕاگەیاندن و کارکردنی باشی ماسولکەکانە، خواردنی کەمێک خوێ لە ماوەی سکچوون و ڕشانەوە و یاخود خۆربردن دەبێتە هۆی قەرەبووکردنەوەی ئاوی لەدەست چووی جەستە. 

زیانەکانی زۆر خواردنی خوێ

بەرزی فشاری خوێن

خوێ یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، بە پێی لێکۆڵینەوەیەک لە ئەمەریکا هۆکاری ٪١٧ـی بەرزی فشاری خوێن زۆر خواردنی خوێیە، خواردنی بڕێکی زۆری خوێ فشاری سەر خوێنبەر زیاد دەکات و هەروەها بوونی بڕێکی زۆری خوێ لە جەستەدا دەبێتە هۆی گرتنی ئاو لە ناو خوێنبەردا و هەروەها باریکبوونی خوێنبەرەکە و بەم هۆیەوە ئاوی زۆر کۆدەبێتەوە و بڕی خوێنیش زیاد دەکات لە ملوولەکانی خوێندا، لە کاتی خۆیشیدا زیادبوونی خوێنەکە فشاری خوێن زیاد دەکات و دەبێتە هۆی توشبوون بە بەرزی فشاری خوێن و دوای ماوەیەک دەتوانێت ملوولەکانی خوێن ڕەق بکات و ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ.

کێشەکانی گەدە

خوێ ئەگەر زۆر بەکاربهێنرێت زیانێکی زۆر بە گەدە دەگەیەنێت، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خواردنی بڕێکی زۆری خوێ دەبێتە هۆی شێرپەنجەی گەدە، کە چوارەمین باوترین جۆری شێرپەنجەیە، جگە لەمەش دەبێتە هۆی کزانەوە و کێشەی تری گەدە.

پووکانەوەی ئێسک

بەکارهێنانی بڕێکی زۆری خوێ دەبێتە هۆی نەمانی کالسیۆم لە ناو ئێسکەکاندا و هاتنە دەرەوەی لە ڕێگەی میزەوە، ئەوانەی دووچاری پووکانەوەی ئێسک دەبنەوە ئێسکەکانیان ناسک دەبێتەوە و کاتێک دەچن بە تەمەندا مەترسی شکانی ئێسکەکانیان زۆرە.

ڕەبۆ

بەکارهێنانی بڕێکی زۆری خوێ بۆ ئەو کەسانەی کە ڕەبۆیان هەیە مەترسیدارە و حاڵەتەکەیان خراپتر دەکات.

نەخۆشییە چاوەڕوان نەکراوەکان

کاتێک بڕێکی زۆر خوێ بەکاردەهێنیت، ئەگەری هەیە دووچاری هەندێ نەخۆشی ببیتەوە، زۆر میزکردن و زوو زوو چونە تەوالێت نیشانەی کێشەی گورچیلەیە کە بە هۆی زۆر خواردنی خوێوە ڕوودەدات، هەروەها دەکرێت نیشانەی توشبوون بێت بەم نەخۆشیانەی دیکەش کێشەکانی زراو و هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ و شەکرەی جۆری دووەم.

تینوێتی بەردەوام

ئەگەر ئاوی زۆر دەخۆیتەوە بەڵام بەردەوام تینویت و میزیش زۆر دەکەیت، ئاوا نیشانەی ئەوەیە کە بڕێکی زۆری خوێ دەخۆیت و ئەگەری هەیە دووچاری شەکرەی جۆری دووەم بووبیت.

سەرئێشە

زۆر جار بە هۆی ئاوەی بڕێکی زۆری خوێ بەکاردەهێنیت، جەستەت وشک دەبێتەوە و بە هۆی ئەمەوە دووچاری سەرئێشە دەبیت.

ئاوسان

ئەوانەی زۆر خوێ بەکاردەهێنن بۆ ماوەیەکی درێژ، هەست بە ئاوسانی مەچەک و قاچیان دەکەن، دەکرێت ئەم ئاوسانانە بە هۆی کۆبوونەوەی ئاوەوە بێت کە بە هۆی خواردنی زۆری خوێوە ڕوویداوە.

خاوکردنەوەی کردنەوەی کاری گورچیلەکان 

خۆراک بە بڕێکی زۆری خوێوە دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی کاری گورچیلەکان، دەبێتە هۆی زیادبوونی پڕۆتین لە ناو میزدا، زۆربوونی پڕۆتین لە ناو میزدا نیشانەیەکە بۆ توشبوون بە کێشەکانی گورچیلە.

باوترین سەرچاوەکانی خوێ

  • خوێی چێشتخانە
  • خواردنە خێراکانی وەک، فینگەر، هەمبەرگر، پیتزا
  • خواردنی چپس
  • شیرەمەنییەکانی وەک، ماست، دۆ، پەنیر، کەشک.
  • هەموو جۆرەکانی ترشیات


سەرچاوەکان



2204 بینین