هێنرچ ڕۆدڵڤ هێرتز

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-08-21:47:00 - کۆدی بابەت: 1192
هێنرچ ڕۆدڵڤ هێرتز

ناوه‌ڕۆك

هێنرچ رۆدلڤ هێرتز ١٨٥٧ - ١٨٩٤ز

هێرتز لە چینێکی سەرمایەداردا لە دایک دەبێت. خوێندنی باڵا لە زانستگەی میونخ تەواو دەکات. لە ساڵی ١٨٧٨ز، لە زانستگەی بەرلین دەست بە ئامادەکردنی تێزی دکتۆراکەی دەکات، لە ساڵی ١٨٨٥ز، تەواوی دەکات. لە ساڵی ١٨٨٩ز، لە (کارلسۆ) و (بۆن) وەک مامۆستا وانەی فیزیا دەڵێتەوە. هێرتز پتر بەو تاقیکردنەوانە ناسراوە کە ساڵی ١٨٨٨ز، لە بارەی شەپۆلە بێتەلەکان دەستی پێ کردوون و سێ ساڵ پێیانەوە خەریک بوو. پێشتر سەرپەرشتیاری تێزی دکتۆراکەی داوای لێ کردبوو ئەو تاقیکارییانە بکەت، بەڵام هێرتز بە پاساوی نەبوونی ئاتاج و پێداویستییەکانی کار، ئەو ئەرکەی سەر شانی دواخست.

خێرایی شەپۆلە بێتەلەکان

هێرتز گەیشتە ئەو قەناعەتەی، کە شەپۆلە بێتەلەکان وەک شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان بە وێنەی ڕووناکیی خێران. ئەو دۆزیەوەی هێرتز بۆ شەپۆلە بێتەلەکان بایەخێکی یەکجار زۆری هەبوو، هەرچەند هێرتز نەیتوانی پەی بەم هەموو گرنگییە ببات.

دۆزینەوەیەکی بێسوود

وەک ئاماژەمان پی کرد، هێرتز نەیدەزانی ئەو دۆزینەوەی ئەو هێندە بە سوودە. پێی وابوو ئەوەی ئەو کردوویەتی ڕاستبینکردنی تیۆرەکانی ماکسوێل بووە. وەختێک لە بارەی کەڵکی ئەو داهێنانە لە هێرتز دەپرسن، دەڵێت:'' تاکوو نها هیچ سوودێکی نەبووە، تەنیا ئەوەم سەلماندووە کە ماکسوێڵ ڕاستی پێکاوە. لە توێژینەوەکانمان گەیشتینە ئەو باوەڕەی شەپۆلە کارۆموگناتیسیەکان کە بە چاوی ڕووت نابینرێن، لە واقیعدا هەن.''
بەشێک لە زاناکان متمانەیان بەم بۆچوونەی هێرتز نەکرد، کەوتنە توێژینەوەی ڕێگە بەرهەم هێنەکانی ئەو شەپۆلە بێ تەلانە.

کۆتاییەکی خێرا

هێرتز هێندە نەژیا، بۆیە بەرهەمی کۆششەکانی خۆی نەبینیوە. مارکۆنی بە شێوەیەکی زانستی سوودی لە شەپۆلە بێتەلەکان وەرگرت. لە ساڵانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم توانی شەپۆلە بێتەلەکان بۆ ڕووبەرێکی دوور و درێژ بنێرێت. دواتر توانی ئاماژە بێتەلەکان لە ڕێگەی (زەریای ئەتلانتیک) بنێرێت.

بە کورتی

- بە هۆی ژەهراوی بوونی خوێن کۆچی دوایی کردووە.
- وەک پێزانینێک بۆ کارەکەی، نێوی ئەو لەسەر یەکەی پێوەری هەموو شەپۆلەکانی پەخشکردنی ڕآدیۆ دەنووسرێت.
- خۆی بایەخی بۆ کارەکەی دانەنا، یان نەیدەزانی، دۆزینەوەکەی  هێندە گرنگە، دواتر زانایان گەورەیی و لێهاتوویی هێرتزیان بۆ دەرکەوت.


سەرچاوەکان



655 بینین