ناوهڕۆك
پێشەکی
حکومەتی سەربازی ئەرجەنتین (١٩٧٦-١٩٨٣)، کە بە ناوی فەرمی "پرۆسەی ڕێکخستنەوەی نیشتمانی" (Proceso de Reorganización Nacional) ناسراوە، تاریکترین قۆناغە لە مێژووی نوێی ئەرجەنتیندا. ئەم حکومەتە لە ڕێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە لە ٢٤ی مارسی ١٩٧٦دا هاتە سەر تەختی دەسەڵات و بە لابردنی حکومەتی هەڵبژێردراوی ئیزابێل پێرۆن کۆتایی بە سیستەمی دیموکراسی هێنا.
هۆکار و پاڵنەرەکانی کودەتای سەربازی
کودەتای سەربازی ساڵی ١٩٧٦ بەرهەمی کۆمەڵێک هۆکاری ئاڵۆزی ناوخۆیی و دەرەکی بوو. لە ڕووی ناوخۆییەوە. دوای مردنی خوان پێرۆن لە ساڵی ١٩٧٤، هاوسەرەکەی ئیزابێل پێرۆن بوو بە سەرۆک. بەڵام ئیزابێل پێرۆن ئەزموونی سیاسی کەمی هەبوو و نەیتوانی کۆنترۆڵی ململانێ سیاسییەکانی نێو پێرۆنیستەکان بکات. قەیرانی ئابووری وڵاتی داگرتبوو و ئاستی هەڵاوسان بەرەو ٨٠٠٪ بەرز بووبووەوە، کە ئەمەش بەرهەمی سیاسەتی هەڵەی ئابووری و قەرزی دەرەکی بەرز بوو.
لە لایەکی دیکەوە، توندوتیژی سیاسی لە وڵاتدا بەرەو لوتکە دەڕۆیشت. گروپە چەکدارە چەپڕەوەکان وەک "مۆنتۆنێرۆس" و "سوپای شۆڕشگێڕی گەل" (ERP) چالاکییان زیادی کردبوو. لە بەرامبەردا، گروپی ڕاستڕەوی وەک "ڕێکخراوی هەڵسوڕانی دژە-ئەنارشیستی ئەرجەنتین" (AAA) کە لە لایەن بەشێک لە حکومەتەوە پشتیوانی دەکرا بە توندی هێرشی دەبردە سەر چەپەکان. بەمجۆرە، وڵات لە توندوتیژییەکی بەردەوامدا دەژیا.
لە ڕووی دەرەکییەوە، جەنگی سارد کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بارودۆخی ئەرجەنتین هەبوو. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ترسی بڵاوبوونەوەی کۆمۆنیزم لە ئەمریکای لاتین، پشتیوانی لە کودەتا سەربازییەکان دەکرد. "ئۆپەراسیۆنی کۆندۆر" کە پلانێکی هاوبەشی نێوان دیکتاتۆرییەتە سەربازییەکانی ناوچەکە بوو (ئەرجەنتین، شیلی، حوکمەتی سەربازی برازیل، ئوروگوای، پاراگوای، بۆلیڤیا) و بە پشتیوانی نهێنی ئەمریکا جێبەجێ دەکرا.
دۆخی ئەرجەنتین لەژێر حوکمی سەربازی
لە ڕووی سیاسییەوە، خونتای سەربازی هەموو دامەزراوە دیموکراسییەکانی هەڵوەشاندەوە، پەرلەمانی داخست، یاسای بنەڕەتی پەکخست، و قەدەغەی چالاکی حزبی و سەندیکایی ڕاگەیاند. مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی سیستەماتیک پێشێل دەکران. سانسۆرێکی توند بەسەر میدیا، ئەدەبیات، هونەر و زانکۆکاندا سەپێنرا کە دەبووە هۆی سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی جیاواز. ئەمەش وای کرد کە وڵات ببێتە زیندانێکی گەورە کە تیایدا ترس و بێدەنگی باڵی بەسەر کۆمەڵگادا کێشابوو.
لە ڕووی ئابوورییەوە، حکومەتی سەربازی سیاسەتی لیبڕالیزمی نوێی گرتە بەر بە ئامانجی کەمکردنەوەی هەڵاوسان و کۆنترۆڵکردنی قەیرانی ئابووری. وەزیری ئابووری، خۆسێ مارتینز دێ هۆز، کۆمەڵێک سیاسەتی گرتە بەر کە بریتی بوون لە کەمکردنەوەی تێخالەتی دەوڵەت، ئازادکردنی بازاڕ، کەمکردنەوەی تەعریفەی گومرگی، خۆماڵیکردنی پێچەوانە (واتە گەڕاندنەوەی موڵکی دەوڵەت بۆ کەرتی تایبەت)، دابەزاندنی نرخی دراوی نیشتمانی، و کەمکردنەوەی مووچە و خەرجییەکانی دەوڵەت. ئەم سیاسەتانە بوونە هۆی زیادبوونی قەرزی دەرەکی ئەرجەنتین لە ٨ ملیار دۆلارەوە بۆ ٤٥ ملیار دۆلار لە ماوەی حەوت ساڵدا. هەروەها ڕێژەی بێکاری بەرز بووەوە و هەژاری بڵاو بووەوە. پیشەسازی وڵات زیانێکی گەورەی بینی و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بە ڕێژەی ٢٠٪ کەمی کرد.
لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەوە، حکومەتی سەربازی هەوڵی دا "بەها نیشتمانییەکان" کە بە بۆچوونی خۆی بریتی بوون لە بەها مەسیحییەکان، خێزان و نیشتمانپەروەری، بپارێزێت لە بەرامبەر "بەها بیانییەکان" کە بەڵایەک بوون و دەبوو لەناو ببرێن. سانسۆری توند بەسەر فیلم، گۆرانی، کتێب و هونەردا سەپێنرا. زانکۆکان کەوتنە ژێر چاودێری سەربازی و هەزاران مامۆستا و خوێندکار لە کار لابران یان دەستگیر کران. کەنیسەی کاسۆلیکی بەشێوەیەکی گشتی پشتیوانی لە کودەتا کردبوو، هەرچەندە کەمینەیەک لە قەشە و ڕاهیبەکان دژی سیاسەتی حکومەت وەستانەوە و بەرگرییان لە قوربانییەکان کرد، کە زۆربەیان خۆشیان بوونە قوربانی.
تاوان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ
تایبەتمەندترین لایەنی دیکتاتۆرییەتی سەربازی ئەرجەنتین لە نێوان ساڵانی ١٩٧٦-١٩٨٣، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بوو کە بەناوی "شەڕی پیس" جێبەجێ دەکران. لەم ماوەیەدا، نزیکەی ٣٠,٠٠٠ کەس "ون" کران کە ناسراون بە "desaparecidos" (ون بووەکان). حکومەتی سەربازی سیستەمێکی تایبەتی دانا بۆ دزین، ئەشکەنجەدان و کوشتنی نەیارانی سیاسی. نزیکەی ٣٤٠ بەندیخانەی نهێنی دروستکرا لە سەرانسەری وڵات کە تیایاندا بەندکراوان بە شێوازی دڕندانە ئەشکەنجە دەدران. ئەم نەریتە دڕندانە بوو بە جۆرێک لە "کارگەی مەرگ" کە تیایدا مرۆڤەکان وەک بەرهەمێک لە پرۆسەیەکی زنجیرەییدا پرۆسێس دەکران: دزین، ئەشکەنجەدان، کوشتن، لەناوبردنی تەرمەکان.
یەکێک لە دڕندانەترین نەریتەکانی حکومەتی سەربازی "فڕینەکانی مەرگ" بوو کە تیایدا بەندکراوە سیاسییەکان دەخرانە نێو فڕۆکە و دوای ئەوەی بێهۆش دەکران، لە بەرزاییەوە فڕێ دەدرانە نێو ئۆقیانووسی ئەتڵەسی. بەم شێوەیە سوپا دەیتوانی "بەڵگەی تاوان" لەناو ببات چونکە تەرمی زۆربەی قوربانییەکان هەرگیز نەدۆزرایەوە.
تاوانێکی ترسناکی دیکە کە حکومەتی سەربازی ئەنجامی دا، دزینی منداڵانی بەندکراوەکان بوو. نزیکەی ٥٠٠ منداڵ کە دایکانیان لە بەندیخانەکاندا منداڵیان دەبوو، یان منداڵانی بچووک کە لەگەڵ دایک و باوکیان دەگیران، دەدران بە بنەماڵەی سەربازان و پۆلیس. بەم شێوەیە، ناسنامەی منداڵانیان دەگۆڕی و پەیوەندییان لەگەڵ خانەوادە ڕاستەقینەکانیان دەبڕی.
پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەت ئامانجی گروپە تایبەتەکانی کۆمەڵگای دەگرتەوە. سەندیکالیستەکان، چالاکوانانی کرێکاران، خوێندکارانی زانکۆ، و هەر کەسێک تۆمەتی "چالاکی چەپڕەوانە"ی بخرێتە پاڵ، دەکەوتە بەر هێرش. تەنانەت کەسانێک کە لە دەرەوەی ئەرجەنتینیش بوون بە هۆی "ئۆپەراسیۆنی کۆندۆر" و هاوکاری دیکتاتۆرییەتە سەربازییەکانی ناوچەکە، ناچار دەبوون بگەڕێنەوە بۆ ئەرجەنتین و لەوێ لەناو ببرێن.
کۆتایی هاتنی دیکتاتۆرییەت و شەڕی فۆکلاند
کۆتایی حکومەتی سەربازی بە بڕیارێکی هەڵەی خۆی هات. لە ساڵی ١٩٨٢، سەرۆکی ئەوکاتی ئەرجەنتین، جەنەراڵ لیۆپۆلدۆ گالتیێری، لە هەوڵێکدا بۆ گەڕاندنەوەی پشتیوانی جەماوەری، بڕیاری دا دوورگەکانی فۆکلاند (مالڤیناس) کە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا بوون، داگیر بکات. ئەم دوورگانە کە لە ئۆقیانووسی ئەتڵەسی باشووردا هەڵکەوتوون، لە ڕووی مێژووییەوە مایەی ملمێلانێ بوون لە نێوان ئەرجەنتین و بەریتانیادا. لە ٢ی ئەپریلی ١٩٨٢، هێزەکانی ئەرجەنتین دوورگەکانیان داگیر کرد. بەڵام بەریتانیا، بە توندی وەڵامی ئەم هێرشەی دایەوە. شەڕی فۆکلاند (یان مالڤیناس وەک ئەرجەنتینییەکان ناوی دەبەن)، کە بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ بەردەوام بوو، بە شکستێکی گەورەی ئەرجەنتین کۆتایی هات. نزیکەی ٦٥٠ سەربازی ئەرجەنتینی کوژران و ١١,٣١٣ بە دیل گیران، لە کاتێکدا زیانەکانی بەریتانیا کەمتر بوون.
ئەم شکستە، لەگەڵ قەیرانی ئابووری لە ناوخۆی وڵات، پاڵی بە خونتای سەربازی نا بڕیاری هەڵبژاردنی دیموکراسی بدات. لە کۆتاییدا، لە ٣٠ی ئۆکتۆبەری ١٩٨٣، هەڵبژاردنێکی دیموکراسی ئەنجام درا و ڕاؤول ئالفۆنسین لە حزبی یەکگرتنی مەدەنی ڕادیکاڵ بوو بە سەرۆکی نوێی ئەرجەنتین
پوختە و دەرەنجام
دیکتاتۆرییەتی سەربازی ئەرجەنتین (١٩٧٦-١٩٨٣) یەکێکە لە خوێناویترین و دڕندانەترین دیکتاتۆرییەتەکانی سەدەی بیستەم لە ئەمریکای لاتین. ئەم پرۆسەیە کە لە سایەی جەنگی سارد و بە پشتیوانی نهێنی زلهێزەکان ڕووی دا، کۆمەڵێک تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دا کە ناتوانرێت لەبیر بکرێن. نزیکەی ٣٠,٠٠٠ کەس "ون" کران، سەدان هەزار ناچار بە هەڵاتن و کۆچکردن بوون، و سەرجەم کۆمەڵگای ئەرجەنتینی تووشی برینێکی قووڵ کرد کە هێشتا ساڕێژ نەبووە.
سەرچاوەکان
11 بینین