بۆچی مرۆڤەکان لە قالۆنچەکان دەترسن؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-15:36:00 - کۆدی بابەت: 1988
بۆچی مرۆڤەکان لە قالۆنچەکان دەترسن؟

ناوه‌ڕۆك

بۆچی مرۆڤەکان لە قالۆنچەکان دەترسن؟

گەر بە بینینی وێنەیەکی جاڵجاڵۆکە ترس بە گیانتدا دێت، ئه‌وا خه‌م مه‌خۆ تۆ به‌ته‌نیا نیت. (ئه‌راكنۆفۆبیا – Arachnophobia) واته‌ (ترس له‌ جاڵجاڵۆكه‌كان) یه‌كێكه‌ له‌ فۆبیا بڵاوه‌كان. به‌ گشتی كۆمه‌ڵگا ڕۆژئاواییه‌كان ترسیان به‌رامبه‌ر هه‌موو جۆره‌ مێروویه‌كی خشۆك و ناشرین هه‌یه‌، وه‌ك (سیسرك، مڵه‌، قالۆنچه‌ی سوور، هه‌زارپێ)، هه‌ندێك له‌م زینده‌وه‌رانه‌ ده‌توانن تووشه‌ نه‌خۆشی یان ژه‌هراوی بوو‌نت بكه‌ن، به‌ڵام ده‌توانین زۆر به‌ ئاسانی له‌ناویان ببه‌ین، ئه‌ی باشه‌ بۆچی هێنده‌ لێیان ده‌ترسین؟

ڕزگاربوونی نیگه‌رانه‌كان (وریاكان)

یه‌كێك له‌ تیۆرییه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی سایكۆلوژی ده‌ڵێت، باوانه‌ نیگه‌رانه‌كان (وریاكان) چانسی زیاتریان هه‌بوو له‌ ڕزگابوون و مانه‌وه‌ تا باوانه‌ چاونه‌ترسه‌كان. كه‌سێك كه‌ سه‌ر ده‌كات به‌ ناو شانه‌ی هه‌نگدا بۆ خواردنی هه‌نگوین ڕزگاربوونی زه‌حمه‌ته‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ بمرێت و نه‌توانێت وه‌چه‌كانی خۆی به‌هه‌مان شێوه‌ به‌خێو بكات، به‌ڵام ئه‌و باوانه‌ی كه‌ به‌ وریاییه‌وه‌ ده‌ژین ڕزگاریان ده‌بێت و ده‌مێننه‌وه‌. بۆیه‌ به‌دێژایی ملیۆنان ساڵ مرۆڤه‌كان ترسیان هه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر قالۆنچه‌ و زینده‌وه‌ره‌ ورده‌كانی وه‌ك هه‌نگ و جاڵجاڵۆكه‌. به‌ڵام له‌ڕووی زانستییه‌وه‌ به‌و گیاندارانه‌ ده‌وترێت (قالۆنچه‌) كه‌ له‌ خێزانی (هێمیپتێرا - Hemiptera) بن.
هه‌رچه‌نده‌ قالۆنچه‌كان قه‌باره‌یان بچووكه‌ به‌ڵام وامان لێده‌كه‌ن كه‌ هه‌ست به‌ ترس و قێزه‌ونی بكه‌ین، به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌توانن به‌ ئاسانی بێنه‌ ناو ماڵ و هه‌ندێك جار له‌شمان، هه‌روه‌ها به‌ ئاسانی خۆیان ده‌رباز ده‌كه‌ن كاتێك هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ناویان ببه‌ین. جاڵجاڵۆكه‌كان نزیكه‌ی 43000 جۆرن به‌ڵام كه‌متر له‌ 30 جۆریان بكوژن، سیسركه‌كان ژه‌هراوی نین به‌ڵام مه‌ترسیدارن، چوونكه‌ پیسایی و پاشماوه‌ی خواردنی مرۆڤه‌كان ده‌خۆن، ڕێخراوی ته‌ندروستی جیهانی (WHO) له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ سیسركه‌كان هێلكه‌ی كرمه‌كان له‌ناو خۆیاندا هه‌ڵده‌گرن، كه‌ ده‌بنه‌ هۆی هه‌ستیاری له‌ مرۆڤه‌كاندا، وه‌ك خوران، ئاوسانی پێڵووی چاو، له‌ هه‌ندێك كاتتدا نه‌خۆشی مه‌ترسیداری سییه‌كان.

ترسان به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌

جیاوازی هه‌یه‌ له‌ نێوان به‌ پیس زانینی قالۆنچه‌كان یان ترسان لێیان. به‌ ئاسانی ده‌توانیت ده‌ستنیشانی بكه‌یت كه‌ كه‌سێك له‌ قالۆنچه‌ ده‌ترسێت كاتێك ده‌چێته‌ ناو ژوورێك ئه‌وا هه‌موو سووچه‌كانی ده‌گه‌ڕێت تا بزانێت كه‌ قالۆنچه‌ی لێیه‌ یان نا. دكتۆر (جێنی یپ  - Jenny Yip) ده‌رونناسی باوه‌ڕپێكراوه‌ و دامه‌زرێنه‌ری (Renewed Freedom Center) له‌ لۆس ئه‌نجلۆس ده‌ڵێت: گه‌ر هه‌ركاتێك چوویته‌ ژوورێكه‌وه‌ و گه‌ڕایت تا بزانیت قالۆنچه‌ی لێیه‌ ئه‌وا تۆ نه‌خۆشی (ئێنتۆمۆفۆبیا - entomophobia) كه‌ واته‌ ترسان له‌ قالۆنچه‌كانت هه‌یه‌، ئه‌و قسانه‌ی كه‌ ده‌كرێن وه‌ك (من زۆر قالۆنچه‌ ده‌ترسم) یان (گه‌ر قالۆنچه‌ ببینم ده‌بوورێمه‌وه‌) له‌وه‌وه‌ سه‌ری گرتووه‌ كه‌ پێشتر ڕووداوت تووش بووه‌ به‌ بۆنه‌ی قالۆنچه‌یه‌كه‌وه یان به‌وشێوه‌یه‌ فێركراویت.
‌دكتۆر (جێفری لۆك وود – Jeffrey Lockwood) له‌ كتێبی (The Infested Mind)دا ده‌ڵێت: میدیاكان و به‌رنامه‌ فێركاریه‌كان بێجگه‌ له‌ په‌پووله‌ و هه‌ندێك زینده‌وه‌ری تر، زانیاری هه‌ڵه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ وامان لێده‌كات به‌بی هۆكار له‌ قالۆنچه‌ و زینده‌وه‌ره‌ خشۆكه‌كان بترسین، بۆنمونه‌ فلیمی ( Arachnophobia) كه‌ له‌ ساڵی 1990 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ترسه‌كانت

به‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هه‌موو جۆره‌كانی قالۆنچه‌ ڕێگه‌یه‌كی باش نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی فۆبیاكه‌ت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ كات ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی. دكتۆر (یپ) ده‌ڵێت: (به‌درێژایی كات ترست له‌ جاڵجاڵۆكه‌كانه‌وه‌ زیاد ده‌كات تا وات لێیه‌ت له‌ مێروو و قالۆنچه‌كان بترسیت).
بۆ چاره‌سه‌ركردنی فۆبیاكه‌ت دكتۆر (یپ) ده‌ڵێت: (سه‌ره‌تا به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ سه‌یر قالۆنچه‌كان بكه‌ له‌رێگه‌ی وێنه‌وه‌، دواتر هه‌وڵبده‌ ئه‌و یاریانه‌ به‌كاربهێنیت كه‌ له‌ شێوه‌ی قالۆنچه‌كاندان، له‌ كۆتاییدا ده‌توانیت هه‌وڵبده‌یت له‌ خودی قالۆنچه‌كان نزیك ببیته‌وه‌). ئه‌گه‌ر فۆبیات نییه‌ به‌ڵام به‌ قێزه‌ونیان داده‌نێیت ئه‌وا ده‌توانیت سه‌یری فلمێك بكه‌یت كه‌ به‌ ئه‌رێنی باسی قالۆنچه‌كان ده‌كات، بۆ نمونه‌ (A Bug’s Life).


سەرچاوەکان



892 بینین