گرنگی چاودێری ددانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-22-02:45:00 - کۆدی بابەت: 2507
گرنگی چاودێری ددانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

گرنگی چاودێری کردنی دەم و ددان لە منداڵدا

لە تەمەنی شەش مانگیدا ئاسایی ددانە شیرییەکانی منداڵ دەست دەکەن بە دەرهاتن. لە سەرەتادا دوو ددانی پێشەوە لە شەویلگەی خوارەوە واتە بڕەرەکان پاشان چوار ددان لە شەویلگەی سەرەوە پاشان دوو ددانی تری پێشەوە شەویلگەی خوارەوە هەر بەو شێوەیە ددانەخرێیە شیرییەکانی منداڵ لە شەویلگەی سەرەوە و خوارەوەدا دەست دەکەن بە دەرهاتن. ددانەکانی کەڵبەی شیری ئاسایی کۆتا ددان دەبن کە لە دەمی منداڵدا دەردێن.
ژمارەی ددانە شیرییەکان لە هەر شەویلگەیەکدا دە (١٠) ددانە کە کۆی ددانە شیرییەکانی دەمی منداڵ لە هەردوو شەویلگەکەدا دەکاتە بیست (٢٠) ددان. ئاسایی تاوەکو تەمەنی (٣٠) مانگی هەموو ددانە شیرییەکانی منداڵ دەردێن، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە ددانە هەمیشەییەکان یەک لە دوای یەک دەست دەکەن بە دەرهاتن و شوێنی ددانە شیرییەکان دەگرنەوە. دەرهاتنی ددانە هەمیشەییەکان تاوەکو تەمەنی ١٢ ساڵی دەخایەنێت، لەبەر ئەوە مانەوەی هەندێ لە ددانە شیرییەکان لە دەمدا تاوەکو تەمەنی ١٢ ساڵییە.

گرنگی ددانە شیرییەکان

ددانە شیرییەکان زیاد لە گرنگیان لە کاری جوینی خۆراک و پارێزگاری کردن لە شێوە و جوانی ڕوومەتدا و بەشداریکردن لە کرداری ئاخاوتن لە منداڵدا، کارێکی تریان هەیە کە ئەویش بریتییە لە پارێزگاریکردنی شوێنی دەرهاتنی ددانە هەمیشەییەکان.
بنچینەی ددانە هەمیشەییەکان لە ژێر ڕەگی ددانە شیرییەکاندایە، لە کاتی دەرهاتنی ددانە هەمیشەییەکان لە ئەنجامی هەندێ کرداری فیزیایی و کیمیایی ڕەگی ددانە شیرییەکان دادەخورێت و نامێنێت، وە لە ئەنجامی ئەو هێزەی کە بەهۆی دەرهاتنی ددانە هەمیشەییەکانەوە دروست دەبێت ددانە شیرییەکە دەکەوێت و شوێنی دەگیرێتەوە بە ددانە هەمیشەییەکان.
لەبەر ئەوە هەر ددانێکی شیری پێوستە تا کاتی دەرهاتنی ددانە هەمیشەییە جێگرەوەکەی بمێنێتەوە. بەڵام ئەگەر لە ئەنجامی هەر هۆکارێکەوە ددانە شیرییەکە زووتر یان درەنگتر بکەوێت ئەوا ددانە هەمیشەییەکە تووشی لادان و ناڕێک دەرهاتن دەبێت.


سەرچاوەکان



1262 بینین