کاری پێویست بۆ ئەو ددانەی کە دەشکێت

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-22-03:16:00 - کۆدی بابەت: 2513
کاری پێویست بۆ ئەو ددانەی کە دەشکێت

ناوه‌ڕۆك

کاری پێویست بۆ ئەو ددانانەی کە تووشی شکان یان لەناکاو کەوتن دێن

ئەگەر لە تەمەنی (٧-١١) ساڵی لە ئەنجامی پێداکێشان، کەوتن لەسەر پلە یان پاسکیل، لە کاتی یاری یان شەڕ و کێشمەکێش، یاخود هەر هۆیەکی تر ددانی هەمیشەیی منداڵەکەتان بکەوێت و لە دەم دەرچێت ئەوا پێویستە ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرین

  1. خۆت لە هەر جۆرە شڵەژانێک بەدوور بگریت و هێمنی و لەسەر خۆیی خۆت بپارێزە وە بە هیچ شێوەیەک ددانەکە فڕێ مەدە.
  2. لە هەرجۆرە دەست کارییەکی ڕووی ددانەکە خۆت بەد دوور بگرە و ددانەکە لە ژێر ئاوی بەلۆعەدا بشۆرە و بیخەرەوە شوێنی خۆی لە دەمی منداڵەکەدا و پاشان خێرا بیگەیەنە لای پزیشکی دەم و ددان.
  3. ئەگەر لەبەر هەر هۆکارێک نەتوانرا ددانەکە بخرێتەوە شوێنی خۆی ئەوا پێویستە ددانەکە بخرێتە ناو پەرداخێک شیر، ئەگەر دەست نەکەوت بخرێتە ناو پەرداخێک ئاو پاشآن ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشکی دەم و ددان بکرێت.
  4. بە هیچ جۆرێک نابێت ددانەکە بخرێتە ناو کلێنس یان پارچە قوماشەوە چونکە دەبێت چواردەوری ددانەکە تەڕ بێت، ئەگەر کلێنس یان پارچە قومآش بەکارهێنرا ئەوا پێویستە تەڕ بن.
  5. پێویستە ئەوە بزانرێت کە گرنگترین هۆکاری سەرکەوتنی چاک بوونەوە و شوێنی خۆ گرتنەوەی ددانەکە لە ناو ئێسکی شەویلگەدا بریتییە لەوەی کە ڕاستەوخۆ پاش کەوتنی ددانەکە یەکسەر هەرچی زووتر بخرێتەوە شوێنی خۆی، بە تێپەڕ بوونی هەر خولەکێک لە دانەنانەوەی ددانەکە لە شوێنی خۆی ڕێژەی سەرکەوتوویی جێ خۆگرتنەوەی ددانەکە کەمتر دەبێتەوە، لەبەر ئەوە دەبێت هەرچی زووترە سەردانی پزیشکی دەم و ددان بکرێت.
  6. لەوانەیە لە هەندێ حاڵەتدا ددانەکە نەکەوێت بەڵام پارچەیەکی لێ بشکێت، لەم کاتەدا چاکتر وایە پارچە شکاوەکە فڕێ نەدرێت، لەگەڵ منداڵەکەدا ببرێت بۆ لای پزیشکی دەم و ددان، چونکە لەوانەیە پزیشکەکە لە کاتی چارەسەردا سوود لەو پارچە شکاوە وەربگرێت.


سەرچاوەکان



563 بینین