گرانەتا

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-16-15:01:00 - کۆدی بابەت: 2848
گرانەتا

ناوه‌ڕۆك

گرانەتا چییە؟

گرانەتا هەوکردنێکە هۆکارەکەی بەکتریای سەلمۆنێلای ڕیخۆڵەییە کە لەڕێگەی دەمەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ لە ئاو و خۆراکی پیسبوو بە پیسایی کەسی توشبوو، هەروەها جێگیر دەبێت لە ڕیخۆڵەکانیدا لە ماوەی ٣ هەفتەدا، دواتر دیواری ڕیخۆڵەکان دەبڕێت بۆ چوونە ناو ڕێڕەوی خوێن و بڵاودەبێتەوە بۆ ئەندامەکانی تر، کۆئەندامی بەرگری کەسی توشبوو توانای نییە وەڵامێکی باشی بداتەوە چونکە دەچێتە ناو خانەکانی کەسی توشبووەوە کە وادەکات کۆئەندامی بەرگری بە ئاسانی نەیناسێتەوە، هەروەها گرانەتا دەگوازرێتەوە لە نێوان مرۆڤەکاندا لەڕێگەی بەرکەوتن بە پیسایی کەسی توشبوو، دەستنیشانکردنیش لە ڕێگەی پشکنینی نمونەیەکی خوێن و پیسایی و میز و مۆخی ئێسکەوە دەبێت. 

نیشانەکانی توشبوون بە گرانەتا

ماوەی مانەوەی گرانەتا ١ بۆ ٢ هەفتە دەبێت، هەروەها (تا) یەکە بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک دەمێنێتەوە، کەسی توشبوو بە درێژایی ئەو مانگەش بەدەست نیشانەکانییەوە دەناڵێنێت کە گرنگترینیان بریتییە لە تا کە بەرز دەبێتەوە تاکوو دەگاتە نزیکی ٣٩-٤٠ پلەی سیلیزی، نیشانەکانی تریش بریتین لە: 

  • لیرگی پێستی بە شێوەی پەڵەی ڕووکەشیی بە ڕەنگی پەمەیی. 
  • سکچوون و قەبزی
  • ئازاری گەدە. 
  • سەرئێشە. 
  • لەدەستدانی حەزی خۆراک. 
  • هیلاکی و شەکەتی. 
  • کۆکە.

ڕێگاکانی چارەسەری گرانەتا

چارەسەری گرانەتا لە ڕێگەی پێدانی دژە زیندەییەکانەوە دەکرێت کە بەکتریای سەلمۆنێلای ڕیخۆڵەکان کە هۆکاری تایەکەن لەناو دەبەن، بەر لە بەکارهێنانی دژە زیندەییەکان ڕێژەی مردن بە گرانەتا لە سەدا ٢٠ بوو، مردنەکانیش هۆکارەکەیان لێکەوتەکانی گرانەتا بوو وەکوو هەوکردنی سییەکان و خوێنبەربوون و کونبوونی ڕیخۆڵە و بڵاوبوونەوەی هەوکردنەکە بە لەشدا، دواتر و پاش بەکارهێنانی دژە زیندەییەکان ڕێژەی مردن کەمی کرد بۆ لە سەدا ١-٢، بە هەڵبژاردنی دژە زیندەیی گونجاو لە پاش دوو ڕۆژ کەسەکە دەست دەکات بە باشبوون و پاش ١٠ ڕۆژ بەتەواوەتی چاک دەبێتەوە، پزیشکەکان باسی چەندین دژە زیندەیی دەکەن وەکوو یەکێک لە گرنگترین ڕێگەکانی چارەسەری گرانەتا، بۆ نمونە کلۆرمفینیکۆڵ دەرمانی سەرەکی بوو بۆ گرانەتا بەهۆی کەمی کاریگەرییە لاوەکییەکانییەوە، بەڵام ئێستا جێیگیراوەتەوە بە دژە زیندەیی کاراتر، بە جۆرێک کە هەڵبژاردنی دژە زیندەییەکان بەپێی ئەو ناوچە جوگرافییەی هۆکاری نەخۆشییەکە بووەتە هۆی توشکردنەکە دیاری دەکرێت، چونکە هەندێک ناوچە چەند جۆرێکی دیاریکراوی هەوکردنیان تێدایە، لە هەندێک ناوچەی تر هەڵدەستن بە بەکارهێنانی فلۆرۆکینۆلۆنەکان و سیفالۆسپۆرینەکان و ئەزیسرۆمایسین، ڕەنگە هەندێک توشبوو پێویستی بە چارەسەری بەردەوام بێت وەکوو یەکێک لە ڕێگاکانی چارەسەری گرانەتا، وەکوو شلەمەنی و گیراوەی ناوچەیی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوەی لە دەستی چووە لە حاڵەتی سکچووندا، ئەویش بەپێی توندی حاڵەتەکە. 

ڕێگاکانی خۆپارێزی لە گرانەتا

خۆپارێزی لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی چەند هەنگاوێک دەبێت بە مەبەستی پارێزگاری لە پاکوخاوێنی، هەروەها کەسی گەشتیار بۆ ناوچەکانی تر دەکرێت خۆی بپارێزێت لە گرانەتا بە چەند ڕێگەیەک، لەوانەش: 

  • وەرگرتنی کوتاو دژی گرانەتا بەر لە گەشتکردن بۆ ئەو ناوچانەی بەکتریاکەیان تێدا بڵاوە، کە لە ئێستادا دوو کوتاوی گرانەتا هەیە کە ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەکە کەم دەکەنەوە. 
  • دوورکەوتنەوە لە خۆراکی خاو و باش نەکوڵاو. 
  • خواردنەوەی ئاوی لە شوشەدا هەڵگیراو یان ئاوی کوڵاو لەو ناوچانەی نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوە. 
  • دوورکەوتنەوە لە میوە و سەوزەی خاو کە ناکرێت پاک بکرێت لەو ناوچانەی کە نەخۆشییەکی تێدا بڵاوە. 
  • شۆردنی دەستەکان بە باشی هەموو جارێک بەر لە نان خواردن. 
  • دوورکەوتنەوە لەو خواردن و خواردنەوانەی کە لە لایەن فرۆشیاری سەر شەقامەکانەوە دەفرۆشرێن. 


سەرچاوەکان



5074 بینین