ئەنفالی ئاوگەی زێی بچووک 

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-03-21:21:00 - کۆدی بابەت: 2906
ئەنفالی ئاوگەی زێی بچووک 

ناوه‌ڕۆك

ئەنفالی ئاوگەی زێی بچووک 

 
لە ٨ی نیسان تاوەکو ٣ی ئایاری ١٩٨٨

هێزەکانی رژێم دوای تەواوکردنی تاوانەکانی ئەنفالی ناوچەی گەرمیان، کە زۆرترین ژمارەی قوربانی و شوبزری لێکەوتەوە. لە هێرشەکانی بەردەوامبوو بۆ سەر ناوچەکانی تری کوردستان بەهەمان شێوە.
جوگرافیای ئەم شاڵاوە ئاوگەی زێی بچووک بوو، کە لە هێلی سنووری هەردوو پارێزگای کەرکوک و هەولێر پێکدەهێنێت. ئەم ئاوگەیە شارۆچکەکانی (رێدار، ئاغجەلەرم، تەقتەق و چەند گوندێكی گەورەی وەک عەسکەر و گۆپتەپە دەگرێتەوە)، کە دەتوانین بڵێین سنووری ئەم شاڵاوە ناوچەکانی دەشتی کۆیە و تەقتەق و شێخ بزێنی و ناوشوان و ئاغجەلەر و خاڵخاڵان و چەمی ڕێزانی گرتەوە.
سەرەتا بە کیمیابارانی گوندی گۆپتەپە لە ڕۆژی ٣ی ئایاری ١٩٨٨ دەستیپێکرد بە هۆی فڕۆکە جەنگیەکان بۆمبی کیمیاوی بەسەر خەڵکەکەی داباراند. قوربانییەکانی ئەم گوندە بە نزیکەی (٣٠٠) کەس دەخەمڵێنرێت، هاوکات گوندی عەسکەری بە هەشت بۆمبی کیمیاوی بۆردومانکرد، بۆنی کیمیاوییەکە تەشەنەیکرد تاکو گەیشتە گوندی حەیدەر بەگ، لەوێش ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە.
بۆ ڕێگرتن لە دەربازبوونی دانیشتوانی گوندەکانی گۆپتەپە و ئەسکەر و حەیدەر بەگ ، رژێم ئاوی بەنداوی دوکانی بەردایەوە، تاکو نەتوانن لە زێیەکە بپەڕنەوە و رزگار ببن. خەڵەکە بەرەو ناوچەکانی چەمچەماڵ و تەکییە و هەندێکیشیان بە دەم زێیەکە شۆڕبوونەوە بەرەو ناوچەی شێخ بزێنی. هەڵاتوەکانی گوندی عەسکەر لەسەر جادەی سەرەکی لەلایەن سوپا و جاشەوە دەسگیرکران و رەوانەی کۆمەڵگەی سوسێ کران. بەم جۆرە زۆربەی خەڵکی ناوچەکە، کە لە دەست سوپا رزگاریان نەبوو شونبزر کران. لە ٤ ئایار هێرشەکە فراوانتر بوو بە شێوەیەک ناوچەکانی دەوروبەری شاری کۆیە و گوندەکانی لێواری زێ و دەوروبەری شارۆچکەی تەقتەق و ناوچەی شێخ بزێنی گرتەوە. بە درێژایی زێی بچووک سوپا گوندەکانی ئەمبەر و ئەوبەری وێرانکرد و سوتاندنی. ژمارەی شونبزرکراوانی ئەم ناوچەیە گەیشتە (١٦٨٠) هەزار و شەش سەد و هەشتا کەس. بەم شێوەیە، دڕندایەتی رژێم هەموو گوند و ناوچەکەی گرتەوە، کە (٢٣٧) دووسەد و سی و حەوت گوند تەخت و وێرانکران و سوتێنران، نزیکەی (٢٥٠٠) دووهەزار و پێنج سەد کەس لە دەشتی کۆیە و (٣٠٠٠) سێ هەزار کەس لە ناوچەکانی شێخ بزینی و ناوشوان شونبزرکران. لەم شاڵاوەدا هەمان سیاسەتی ئەنفالەکانی تر پەیڕەو دەکرا بۆ کۆکردنەوەی خەڵکە گیراوەکە، کە چەند شوێنیان ئامادەکرد بۆ کۆکردنەوە و جیاکردنەوەی خەڵکەکە و ڕاگواستنیان بۆ شوێنی نادیار.


سەرچاوەکان



833 بینین