زێ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-06-10-17:05:00 - کۆدی بابەت: 3902
زێ

ناوه‌ڕۆك

زێ چییە؟

زێ (بە ئینگلیزی: Vagina) ئەندامێکی ماسولکەییە لە ئافرەتاندا و یەکێکە لە ئەندامەکانی مێیە کۆئەندامی زاوزێ. ڕووی دەرەوەیی زێ بە موو داپۆشراوە و لینجە ماددەی پێوەیە، منداڵدان و ملی منداڵدان دەگەیەنێت بە دەرەوە و لە چەندین بەش پێکهاتووە و کۆمەڵێک فەرمانی هەیە.

بەشەکانی زێ

قیتکە - clitoris 

قیتکە یان میتکە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی زێ و لە نێوان هەردوو لچەکانی لای ڕاست و چەپدایە، تەواوی هەستی ژن لێرەدایە و بەمە دەوروژرێت.

دەرچەی میز - Urethral opening

دەرچەی میز لە خوارەوەی قیتکەوەیە و کونێکە کە لەوێوە میز دێتە دەرەوە.

لچی گەورە - labia majora

لچی گەورە لچێکی دوو لایەیە لە هەردوو لای ڕاست و چەپی زێدا کە لە پێستی قیتکەوە تاکوو خوارەوەی زێ درێژ دەبێتەوە، فەرمانی بریتییە لە پاراستنی بەشە ناسک و هەستیارەکانی ناوەوە وەک لچی بچووک و پەردەی کچێنی.

لچی بچووک - labia minora

لچی بچووک کە پێشی دەوترێت لچی ناوەوە، دوو لچن کە بچووکترن لچی گەورە و لە بەشی ڕاست و چەپی زێدان بەهەمان شێوەی لچی گەورە، دەکەونە نێوان لچە گەورەکانەوە. لچە بچووکەکان لە ڕووی ڕەنگ و قەبارەوە لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی تر دەگۆڕدرێت. لچەکان پێکهاتوون لە چەورییەڕژێن و ئارەقەڕژێن.

پەردەی کچێنی - Hymen 

دەرچەی زێ بە پەردەیەکی ناسک و تەنک داپۆشراوە کە پێی دەوترێت پەردەی کچێنی، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە و زێی داپۆشیووە و ڕێگری دەکات لە چوونە ناوەوەی میکرۆب، لە سەرەتای تەمەنی کچاندا ئەم پەردەیە زۆر ناسکە و پاشان وردە وردە بە گەورەبوونی کچەکە ئەستوور دەبێت، پەردەی کچێنی جۆری جیاوازی هەیە و بە ڕێگای جیاواز لەناودەچێت کە باوترین ڕێگایان جووتبوونە.

دەرچەی زێ - Vaginal opening

دەرچەی زێ بە پەردەی کچێنی داپۆشراوە، دوای هاوسەرگیری و نەمانی پەردەی کچێنی دەرچەی زێ کراوە دەبێت. دەرچەی زێ پێش نەمانی پەردەی کچێنی تەنها خوێنی سوڕی مانگانەی لێوە دێتە دەرەوە، بەڵام دوای نەمانی پەردەی کچێنی دەرچەکە جگە لە هاتنە دەرەوەی خوێنی سوڕی مانگانە، دەرچەیەکە بۆ جووتبوون و چوونە ناوەوەی ئەندامی نێرینەی پیاو، هەروەها دوای دووگیانبوون هاتنە دەرەوەی منداڵ لێیەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەیەکی گشتی نێوان دەرچەی زێ تاکوو ملی منداڵدان هەشت بۆ ١٢ سانتیمەترە 

دەرچەی کۆم - anus

دەرچەی کۆم دەکەوێتە خوارەوەی زێ و تێیدا پیسایی لێوە دێتە دەرەوە.

فەرمانی زێ

زێ ئەندامێکی ماسولکەییە و چەندین فەرمانی گرنگ لە خۆ دەگرێت:

  • ڕێڕەوی میز لەناو زێدایە و خانمان لەوێوە دەتوانن میز بکەن و جەستەیان خاڵی بکەنەوە.
  • مانگانە خوێنی سوڕی مانگانە لە دەرچەی زێوە دێتە دەرەوە.
  • لە ڕێگەی زێوە جووتبوون ئەنجام دەدرێت و گرنگترین ئەندامە لە سێکسدا.
  • لەماوەی جووتبووندا سپێرمی پیاو لە ڕێگەی زێوە دەچێتە ناوەوە بەرەو ملی منداڵدان و منداڵدان و دواتر دەبێتە منداڵ و دایکەکە دووگیان دەبێت.
  • لە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەدا، ئەگەر لەدایکبوونی سروشتی بێت منداڵەکە لە زێوە دێتە دەرەوە.

درێژی زێ

درێژی بەشی دەرەوەی زێ ٧.٥ بۆ ١٥ سانتمەترە واتە بەگشتی بە ئەندازەی درێژی لەپی دەستتە، بەڵام ڕێڕەوی زێ درێژییەکەی بەپێی بارودۆخی پێویست دەگۆڕدرێت، چونکە ئەندامێکی ماسولکەیی و کێشهاتووە، لەماوەی جووتبوون و منداڵبووندا درێژییەکەی زیاتر دەبێت و دەکشێت. زێ وەک لاستیکە و پاش هەر حاڵەتێکی تایبەت دەتوانێت بگەڕێتەوە قەبارەی پێشووی خۆی.

ئەو هۆکارانەی شێوەی زێ دەگۆڕن

کۆمەڵێک هۆکار هەن کە دەتوانن شێوەی زێ بگۆڕن، دەکرێت زێ شل ببێتەوە و لە جاران فراوانتر و گەورەتر ببێت. ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە:

کێشەی هۆڕمۆنی

گۆڕانی هۆڕمۆنی یەکێکە لە هۆکارە زۆر سەرەکییەکان بۆ گۆڕانی قەبارەی لچەکان، هەر بۆیە هەندێک لە خانمانی دووگیان بەدرێژایی ئەو ماوەیە ئەم کێشەیان دەبێت، چونکە هۆڕمۆنەکانیان بەردەوام لە گۆڕاندان.

دووگیانی

دووگیانی شێوە و قەبارەی زێ دەگۆڕێت، هەرچەندە جارەکانی دووگیانی زیاتر بێت و منداڵبوونی سروشتی زیاتر بێت، ئەگەری ئەم گۆڕانکارییانەش زیاتر دەکات.

هۆکاری بۆماوەیی

هەندێک خانم بە بۆماوەیی دەکرێت لە تەمەنێکدا شێوەی زێی بگۆڕێت، یاخود ئاسایی لچەکانی لە ئاستی ئاسایی گەورەتربن.

منداڵبوون

لەماوەی منداڵبووندا زێ بە ئەندازەیەکی زۆر دەکشێت، دوای منداڵبوون زێ شل دەبێتەوە و گەورەتر دەبێت و شێوەی دەگۆڕدرێت، بەڵام ئەمە جێگای نیگەرانی نییە چونکە دوای چەند ڕۆژێک لە تەواوبوونی منداڵبوون ئاسایی دەبێتەوە،  پاش تێپەڕینی شەش مانگیش دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی.

تەمەن

هەرچەندە خانمان تەمەنیان زیاتر بکات، لچەکان شلتر دەبنەوە ئەویش بەهۆی نزیک بوونەوە لە تەمەنی نائومێدی.

ئەو نەخۆشییانەی تووشی زێ دەبن

زێ کۆمەڵێک کێشە و نەخۆشی تووش دەبێت، کە هەریەکەیان نیشانەی تایبەت بەخۆی هەیە وەک:

  • تووشبوونی میکرۆبی زێ
  • تووشبوونی کەڕوویی زێ
  • نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان
  • وشکبوونەوەی زێ
  • شێرپەنجەی زێ
  • هاتنە خوارەوەی ئەندامەکانی خوارەوەی سک بەرەو زێ

کێشە نائاساییەکانی زێ:

  • گۆڕانی ڕەنگ، بۆن، دەردراوەکانی زێ
  • هەوکردنی دەرەوە و ناوەوەی زێ
  • خوێنبەربوون بەدرێژایی ماوەی جووتبوون یاخود دوای ئەوە
  • خوێنبەربوون لە نێوان سوڕەکانی مانگانەدا
  • خوێنبەربوون دوای تەمەنی نائومێدی
  • ئازاری زۆر لە کاتی جووتبووندا 
  • سووربوونەوە
  • خوران

چەند ڕێگایەک بۆ پاراستنی تەندروستی زێ

  • بەکارنەهێنانی دووشی تایبەت بە زێ، کە دەکرێتە ناوەوەی زێ و دەیشوات، ئەمە هیچ سوودێکی نییە و زیانی زۆرە، چونکە زێ وا دروست بووە کە خۆی دەتوانێت خۆی پاک بکاتەوە و پێویستی بە پاککردنەوەی دەرەکی نییە.
  • دوورکەوتنەوە له بەکارهێنانی سابوون و شامپۆ و ماددە بۆنخۆشەکان بۆ زێ، ئەمانە نەک سوودیان نییە بەڵکوو دەتوانن پێستی زێ تێک بدەن و ڕێژەی ترشێتی بگۆڕن.
  • هەبوونی تەنها کەسێک بۆ جووتبوون، لە هەمان کاتدا جووتبوون لەگەڵ چەند پیاوێکدا زیانی زۆری هەیە و زێ تووشی چەندین نەخۆشی دەکاتەوە.
  • پشکنینی بەردەوام بۆ زێ، سەردانیکردنی پزیشک لە کاتی بینینی هەر کێشە و حاڵەتێکی نائاسایی.
  • وەرزشی تایبەت بە ماسولکەکانی زێ ئەنجام بدە ئەمە وادەکات توند بێت و دووربێت لە هاتنە خوارەوە.


سەرچاوەکان



3432 بینین