زەکاتی زێڕ و زیو و پارە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-01-00:45:00 - کۆدی بابەت: 4019
زەکاتی زێڕ و زیو و پارە
پایەکانی ئیسلام و باوەڕ

هەروەها ئەگەر لە ئەندازەی بیست مسقاڵ زیاتر زێڕی هەبوو، ئەوە بە گوێرەی زێدەیەکە زەکاتەکەی ئەدا.

ناوه‌ڕۆك

زەکاتی زێڕ و زیو و پارە و پول

ڕادەی زەکاتی زێڕ بیست مسقاڵە، هەر مسقاڵێک حەفتا و دوو دەنکە جۆیە، بەو مەرجەی -لە هەردوو لایەوە- زلکە باریکەکەی لێ قرتابێ، واجبە لە بیست مسقاڵی زێڕدا چارێکی دەیەک زەکات بدا، واتە: لە بیست مسقاڵی زێڕدا نیو مسقاڵ زەکاتە.

هەروەها ئەگەر لە ئەندازەی بیست مسقاڵ زیاتر زێڕی هەبوو، ئەوە بە گوێرەی زێدەیەکە زەکاتەکەی ئەدا.

ڕادەی زەكات چەندە؟

ڕادەی زەکاتی زیو دووسەد دیرهەمە، کە بە کێشانە ئەکاتە سەد و چل میسقاڵ، واجبە لە دوو سەد دیرهەم زیاتر زیوی هەبوو، ئەوە بە گوێرەی زێدەیەکە زەکاتەکەی ئەدا (عن علی -رضي الله حنه-: عن النبی ﷺ: فإذا کانت لك مأتا درهم وحال علیها لاحول ففیها خمسة دراهم، ولیس علیك شیء حتی یکون لك عشرون دینارا فإذا کان لك عشرون دینارا وحال علیها لاحول ففیها نصف دینار، فما زاد فبحساب ذلك) رواه أبوداود وصححه البخاري، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: کاتێ دووسەد دیرهەمی زیوت هەبوو و ساڵی بەسەردا ڕابرد، پێنج درهەم زەکاتی تێدا واجبە، بەڵام ئەگەر زێڕ گەیشتە بیست مسقاڵ و ساڵی بەسەردا ڕابرد، نیو مسقاڵ زەکاتی تێدا واجبە، جا ئەو ئەندازەی لە ڕادەی زەکاتی زێڕ و زیو زیاترە، بەگوێرەی زیدەیەکە زەکاتی تێدا واجبە، هەرچەند کەمیش بێت.

پارە و پولی ئەم سەردەمە -بۆ زەکاتدان- بەرامبەر بە زیو ئەقرسێندرێ، نەک بە زێڕ، چونکە زەکات بۆ بەرژەوەندی هەژاران داندراوە و ئەوهاش بۆ هەژاران بەسوودترە، هەروەها پێغەمبەر ﷺ لە چەند حەدیسێکدا زیوی بە پارەیەکی سەرەکی داناوە بۆ زانینی نرخی زێڕ:

بۆ نمونە: (عن ابن مسعود -رضي الله عنه-: قیل: یان رسول الله ﷺ ما یغنیه؟ قال: خمسون درهما أو قیمتها من الذهب) أخرجه أصحاب السنن، گوترا: ئەی پێغەمبەری خوا ﷺ چی مرۆڤ دەوڵەمەند ئەکات لە دەرۆزە کردن؟ فەرمووی: پەنجا دیرهەمی زیو، یان نرخی ئەو پەنجایە لە زێڕ.

کەوابوو: هەر کەسێک بە ئەندازەی نرخی سەد و چل مسقاڵی زیو پارەی هەبوو، زەکاتی لەسەر واجب ئەبێ و واجبە بە ئەندازەی لە سەدا دوو و نیو زەکاتی لێبدات، واتە: لە هەر هەزارێک بیست و پێنج.

واجب نییە لە خشڵی زێڕ و زیوی حەڵاڵ زەکات بدا (عن إبن عمر -رضي الله عنهما-: أنه کان یحلی بناته وجواریه بالذهب ثم لایخرج منه الزکاة) رواه مالك والشافعي، (ابن عمر) -خوا لێیان ڕازی بێت- بە خشڵی زێڕ کیژەکانی و کارەکەرەکانی ئەڕازاندەوە، ئینجا زەکاتی ئەو خشڵەی نەئەدا.

بەڵام ئەگەر خشڵەکە حەرام بوو، وەک ئەو خشڵەی پیاو بیکاتە بەر خۆی، یان ئافرەت، بەڵام لە ئەندازە بەدەر بوو و ئیسرافی تێدا کرابوو، ئەوە ئەبێ زەکاتی بدا (عن عمرو بن شعیب -رضي الله عنهما-: أتت إمرأة النبی ﷺ ومعها بنت لها فی یدها مسکتان غلیظتان من الذهب، فقال لها: أتعطین زکاة هذا؟ قالت: لا، قال: أیسرك أن یسورك الله بهما یوم القیامة سوارین من نار) رواه أصحاب السنن، ئافرەتێک هاتە لای پێغەمبەر ﷺ، کیژەکەی خۆی لەگەڵدا بوو، دوو بازنی گەورە لە دەستی کیژەکەیدا بوون -واتە: لە ئەندازە بەدەر بوون- پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ئایا زەکاتی ئەو بازنانە ئەدەی؟ ئافرەتەکە گوتی: نا. پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ئایا پێت خۆشە خوای گەورە بەهۆی ئەو دوو بازنانە لە ڕۆژی قیامەت دوو بازنی ئاگر بخاتە دەستت؟، واتە: چونکە زەکاتەکەیان نەدراوە.

ئەگەر پیاو خشڵی زێڕ و زیو بکڕێ و لە ماڵەوە دایبنێ تاکو لەمەودوا بیکاتە بەر ژنی خۆی، یان ئافرەتێکی تر، ئەوە حەرام نییە و زەکاتی لێ ناکەوێ.


سەرچاوەکان



2838 بینین