چی دەبێت گەر زەریاکان نەمێنن؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-18-18:04:00 - کۆدی بابەت: 5394
چی دەبێت گەر زەریاکان نەمێنن؟

ناوه‌ڕۆك

زەریاكان

زەریا و دەریاكان پێكهاتەیەكی گرنگی ژیانی سەر گۆی زەوین، هەروەها ئاو بەشێكی گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی زیندەوەران لە ناوچەكانی دیكەی گەردوونیش نەك بە تەنیا زەوی.

كاری زەریاكان

  • زەریاكان دوو كاری گرنگیان هەیە لەسەر گۆی زەوی، یەكەمیان وەرگرتنی وزەی خۆر و بڵاوكردنەوەیەتی بە زەویدا، چونكە بەبێ بوونی ئاو تیشكی خۆر تەنیا بە هێڵی كەمەرەیی دەگات، و ناگات بە جەمسەرەكان بەتایبەت لە زستاناندا، هەروەها ئاو سوودێكی گرنگی هەیە بۆ ڕێكخستنی پلەی گەرمی زەوی، چونكە ئاوی كەمەرەیی گەرم بەرەو باكوور و باشوور دەڕوات و ئاوی ساردیش بەرەو هێڵی كەمەرەیی، ئەوەش وادەكات ئاوی سارد و گەرم و كەشوهەواش جێگیر ببێت، بۆ ئەوەی شوێنێك نەمێنێت زۆر سارد بێت و شوێنێك زۆر گەرم، كە ئەوەش هۆكارە بۆ ئەوەی زیندەوەران بە زیندوویی بمێننەوە.
  • دووەم كاری گرنگی دەریاكان بریتییە لە بەهەڵمبوونیان و دووبارە چڕبوونەوە و دابارینیان، هەروەها گواستنەوەیان وەكو تۆپەڵە هەور بۆ ناوچەكانی دیكە.

گەر زەریاكان نەمێنن چی ڕوودەدات؟

گەر كەسێك ئەم پرسیارە بە مێشكیدا بێت، لەوانەیە یەكەم شت كە بیری لێبكاتەوە دۆلفینەكان بن، بەڵام ئەوكاتەی زەریاكان نامێنن، بەهۆی سووتانی بەردەوام و ئاگركەوتنەوەی هەمیشەییەوە ئێمە دۆلفینەكان لەبیر دەكەین.

بەڵام تەنانەت گەر زەریاكانیش نەمێنن، مرۆڤ دەتوانێت تا ماوەیەك بژیێت، چونكە هێشتا كەمێك ئاو ماوە لە شاخە بەستەڵەكەكان و ڕووبار و دەریاچەكان و ئاوی ژێرزەوی، كە بە هەموویانەوە %3،5ـی ئاوی زەوی پێكدەهێنن. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا %96،5ـی ئاومان لەدەستداوە، ئەمەش وادەكات نەتوانین دەستمان بە بڕێكی باشی ئاو بگات بۆ پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی ئاو و دابارین، تەنانەت گەر زیاتر لە %68ـی شاخە بەستەڵەكەكانیش بتوێنەوە، دەبنە ڕووباری بەستوو یان سەهۆڵی پارچەپارچەبوو و زۆربەشیان لە جەمسەری بەستەڵەكی باشوورن، بەهۆی دانەبارینیشەوە هەسارەكە تووشی بەبیابانی بوون دەبێت و دەریاچەكانیش بە چەند ساڵێكی كەم نامێنن.

گەر مرۆڤەكان بگەن بە ئاوی ژێرزەوی دەتوانن بۆ ماوەیەك بژین، بەڵام ئاژەڵەكان تووشی بێ ئاوی دەبن و دەمرن، بە پێچەوانەی ڕووەكەكان كە كێشەیان نییە بۆ ماوەیەكی زۆر ئاو نەخۆنەوە، بەڵام لە كۆتاییدا هەموو شتێك وشك دەبێتەوە و ئاگر لە تەواوی گۆی زەوی دروست دەبێت بەهۆی گەرمییەوە و چەندین تەن دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بڵاودەبێتەوە و خێرایی گەرمبوونی كەشوهەوا زیاتر دەكات تا ئەوەی مرۆڤ دەسوتێت.

تیشكی خۆر بەردەوام لە هێڵی كەمەرەیی دەدات و هیچ شتێك نابێتە هۆی بڵاوبوونەوەی و دەیكات بە فڕنێك و گازەكانیش تیشكەكە هەڵدەمژن و لە ناو بەرگەهەوای زەوی دەیهێڵنەوە.

پلەی گەرمی

پلەی گەرمی لەسەر هەسارەكە 67 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنێت، كە وادەكات ئاژەڵانی بیابانیش بە ئەستەم بژین.

هەروەها دوای نەمانی ڕووەكەكان دۆخەكە قورستر دەبێت كاتێك ڕێژەی ئۆكسجین ئەوەندەی تر كەمدەكات و هەناسەدان ئەستەم دەبێت، گەر ئەوەش نەبێت پێشتر مرۆڤ بەهۆی گەرمی و ئاگری دارستان و شوێنەكانی دیكەوە سووتاوە، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا چەند جۆرێكی بەكتریان كە پێویستیان بە زەریاكان نابێت لە ژێرزەوی.


سەرچاوەکان



1209 بینین