ژمێریاری - المحاسبة

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-28-13:23:00 - کۆدی بابەت: 5592
ژمێریاری - المحاسبة

ناوه‌ڕۆك

زانستی بەڕێوەبردن

زانستی بەڕێوەبردن کار دەکات لەسەر دیاریکردن و رێکخستنی ئامانج و سیاسەت و بنەمای دامەزراوەکان، پاشان پەیڕەوکردنی ئەو ڕێگایانەی کە بەرەو ئەو ئامانجانە دەڕۆن، بۆیە جێبەجێکردنی هەر هەنگاوێک لە پیشە جۆراوجۆرەکاندا لە ئەستۆی لایەنی بەڕێوبردندایە، هەروەها مامەڵەکردنیش لەگەڵ کێشەکانی کار و بە تایبەتی لەناکاوەکان دەبێت لە لایەنی بەڕێوەبردندەوە ئەنجام بدرێت.

لەبەر گرنگیی ئەم زانستە و ئەو بوارانەی کە دەتوانێت سوودی هەبێت تیایاندا، چەندین پسپۆڕیی و بەشی جۆراوجۆری تێدایە، وەک زانستی ژمێریاری.

ژمێریاری

ژمێریاری یاخود (المحاسبة - Accounting)، یەکێکە لە پسپۆڕییەکانی زانستەکانی بەڕێوەبردن، هەروەها یەکێکیشە لە بوارە سەرەکییەکان کە   بەرپرسە لە داتا داراییەکانی هەر ناوچە یان کۆمپانیایەک، لەبەر ئەوەی کاری تۆمارکردن و شیکردنەوەی مامەڵە داراییە جۆراوجۆرەکان و چاودێریکردنی جووڵەی پارە و وردبینی دارایی و باج و خەراج و دیاریکردنی هەر ناڕوونییەکی دارایی و ئاگادارکردنەوەی لایەنی چآودێر، هەروەها دانانی ڕاپۆرتە داراییە پێویستەکان لە ئەستۆی ژمێریاردان، کاری ژمێریاری بۆ لایەن کۆمپانیا بچووکەکان تەنها لە لایەن یەک ژمێریارەوە بەڕێ دەکرێت، بەڵام بەڕێوەبردنی دارایی بۆ لایەن و کۆمپانیا گەورەکان کۆمەڵێک لە ژمێریار و کارمەندی پسپۆڕ لە بواری ژمێریاریدا لەخۆدەگرێت.

بوارەکانی ژمێریاری هەمەجۆرن، لەبەر ئەوەی بوارەکە ژمێریاری دارایی لەخۆدەگرێت، (کە بەرپرسە لە تۆمارکردن و چاودێری کردنی مامەڵە داراییەکان، بە مەبەستی نیشاندانی وێنەیەکی ڕوون بۆ حاڵەتی دارایی)، هەروەها ژمێریاریی کارگێڕی (کە بەرپرسە لە شیکردنەوەی داتا داراییەکان و گەیاندنیان بە پلە باڵاکان)، هەروەها چەندین جۆری ژمێریاری دیکە هەیە، کە ڕۆڵێکی یەکلاییکەرەوە دەبینن لە یارمەتیدانی بەڕێوەبەران بۆ هەڵبژاردنی بڕیارە دارایی و بازرگانییە دروستەکان.

دەربارەی بڕی داهات و مووچەی کەسی ژمێریار، بەپێی وڵات و ناوەندی کارکردن و ئەزموون و پلەی زانستی و تواناییەکان دەگۆڕێت، ناوەندی داهاتی کەسی ژمێریار لە زۆربەی کاتەکاندا لە ناوەندی داهاتی تاکی ئاسایی زیاترە.

بەشە سەرەکییەکانی ژمێریاری

ژمیریاری لە سێ پایەی سەرەکی پێکهاتووە، کە بەم جۆرەن:

  • سیستمی هەڵگرتنی تۆمارەکان:   ئەم سیستمە پێویستی بە بەکارهێنانی کۆمەڵێکی پێوانەیی لە سیاسەت و ڕێکاری ژمێریاری هەیە بە بەکارهێنانی کۆمەڵە نموونەیەک وەک یاسا و قاڵبی نەگۆڕ بۆیان، زۆرینەی کات دامەزراوەکان هەڵدەستن بە بەکارهێنانی بەرنامەی ئامادەکراوی ژمێریاری وەک بناغەیەک بۆ دروستکردنی سیستمی هەڵگرتنی تۆمارەکان.
  • سیستمی بەدواداچوونی مامەڵەکان:   کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی هەر جۆرە مامەڵەیەک پێویستی بە ڕێوشوێنێکی تایبەت و جیا هەیە، بۆ نموونە هەر دامەزراوەیەک پێویستی بە کۆمەڵە سیستمێکی جیاواز هەیە تاوەکو توانای ئەوەی هەبێت داواکارییەکانی کڕیارانی بەجێ بهێنن و تێچووی کارەکانیان هەژمار بکەن.
  • دروستکردنی ڕاپۆرتی دارایی:   ئەم کارە بە شێوەیەکی دیاریکراو و بەپێی بنەما دانپێدانراوە گشتییەکان (GAAP) و بنەما ژمێریارییە نێودەوڵەتییەکان (IFRS) بەڕێوە دەچن، ئەم بنەمایانە دیاری کراون و دەبێت پابەندیی تەواو هەبێت پیانەوە، ئەم بنەمایانە لە دەرهێنانی لیستە داراییەکاندا بەکاردێن، وەک لیستی داهات و گوژمەی گشتی و ڕوونکردنەوەی هاتوچۆی پارە و داتاکانی دیکە، ئەمانە بەرهەم و دەرەنجامی ماوەیەک دەخەنە ڕوو لە ڕووی داراییەوە بۆ دامەزراوەکە، ئامادەکردنی ئەم خشتە و ڕاپۆرتانە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک هەموو ماوە بۆ ماوەیەکی دیکە ئەنجام دەدرێت.

بنەماکانی ژمێریاری

بنەماکانی ژمێریاری کۆمەڵە یاسایەکی گشتین کە دەبێت پەیڕەوی‌ـیان لێ بکرێت لە کاتی ئامادەکردنی ئەو لیستە داراییانەی دابەش دەکرێن بەسەر ئەو کەسانەدا کە لە دەرەوەی دامەزراوەکەدان، ئەمانە دەگرنەوە:

  • بنەمای تێچوو.
  • بنەمای ڕوونی و نیشاندانی هەموو شتە پەیوەندیدارەکان.
  • بنەمای داننان بە داهاتەکاندا.
  • بنەما داراییەکان.
  • یاساکانی ڕێکخستنی تایبەت بە هەر کەرتێکی دیاریکراو.

سوودەکانی ژمێریاری

ژمێریاری لە زۆر بواردا بەکارهێنانی هەیە لە جیهاندا، لە گرنگترین ئەو بەکارهێنانە:

  • دانی باج:   داتا ژمێریارییەکان بەکاردێن بۆ تەواوکردنی حساباتی باجدان و پێشکەشکردنی لە کاتی پێویستدا.
  • وەرگرتنی قەرز:   داتا ژمێریارییەکان کرداری متمانە بەخشین و نیشاندانی توانای دانەوە ئاسان دەکات بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت قەرز وەربگرن.
  • جێبەجێکردنی مەرجەکانی دەستەی چآودێری:   هەندێک دامەزراوە پێویستە لەسەریان ڕاپۆرتی ورد و تایبەتی داراییان پێشکەش بە لایەنە داراییەکان بکات بە پشت بەستن بە داتا ژمێرییارییەکان، ئەمەش بۆ هەڵسەنگاندنی توانا داراییەکانیان و پاشان توانای وەبەرهێنانیان.
  • پێدانی ڕاپۆرتە داراییەکان بە وەبەرهێنانی دامەزراوە:   خاوەن پشک و وەبەرهێنەکان لە دامەزراوەکاندا داوای زانیارییە داراییەکان دەکەن بە شێوەیەکی ورد کە لەسەر تۆمارە ژمێریارییەکان دروست کراون، ئەمەش بۆ هەڵسەنگاندنی تۆخی دارایی دامەزراوەکە و بەم شێوەیەش تێگەیشتن و بڕیاردان لەسەر وەبەرهێنانەکانیان.
  • پەیوەندیگرتن لەگەڵ بەڕێوەبەران:   دامەزراوەکان دەبێت دۆخی دارایی خۆیان بۆ بەڕێوەبەرانیان ڕوون بکەنەوە لە ڕێگەی ئەو زانیاری و ڕاپۆرتە دارایی و ژمێریارییە وردانەوە کە لە لایەن ژمێریارانەوە دروست دەکرێن بۆ هەڵسەنگاندنی گوژمە و تێچووەکان، ئەمەش یارمەتیدەری بەڕێوەبەرانە لە بڕیاردان و دانانی پلان بۆ تێچووەکانیان و هەڵسەنگاندنی دۆخی دارایی دامەزراوەکانیان.

 

 


سەرچاوەکان



21274 بینین