بەشی فیزیا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-08-04-15:04:00 - کۆدی بابەت: 6171
بەشی فیزیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەشی فیزیا (بە عەرەبی: علم فيزيائي، بە ئینگلیزی: Physic Science) سەر بە کۆلێژی زانستە، ئەو زانستەیە کە گرنگی بە خوێندن و ڕاڤەکردنی بنچینە و یاسا سەرەکییەکانی وزە و جوڵە، هێز، کات، ماددە و باڕستایی دەدات، هەروەها دەتوانین بڵێین بریتییە لەو زانستەی لێکۆڵینەوە دەکات بۆ بنەماکانی سروشت، گەردوون و دیاردە سروشتییەکانی پەیوەست بە گەردوون و ئەو فاکتەرانەی کە کاریگەریان هەیە لەسەری، وەکوو هێز و جوڵە، پاشان شیکاریان دەکات، لەو ڕێگایەوە یاسای فیزیایی گرنگ دادەڕێژرێت کە یارمەتیدەرە لە زانینی هۆکاری ئەو دیاردانە و گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆیان، یەکێك لە بابەتە گرنگەکانی فیزیا بایەخدانە بە یەکە و پێوانەی شتەکان بە وردی، بە داهێنانی ئامێری نوێ و گونجاو کە دەکرێت ئەو یەکە و ئامێرانە بەکاربهێنرێن و سودی لێ ببینرێت لە زانستەکانی وەکوو ئەندازیاریی و کیمیا و پزیشکی و زیندەزانی، هەر بۆیە ئەم بەشە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە بەشەکانی ترەوە یارمەتیدەرە لە بەرەو پێشبردنی هەموو بوارەکاندا، بە نموونە هەموو پێشکەوتنەکانی بواری تەکنەلۆژیی ئەم سەردەمە پەیوەستە بە بنەما سەرەکییەکانی فیزیاوە.

قۆناغەکانی خوێندن

خوێندنی ئەم بەشە بۆ ماوەی چوار ساڵە، خوێندن بە زمانی ئینگلیزییە، لە ساڵەکانی سەرەتادا بنەما سەرەتاییەکانی پەیوەندیدار بە فیزیاوە دەخوێنرێت وەکوو میکانیك و ئەلیکتریك و موگناتیس، پاشان پسپۆڕییەکە چڕ دەبێتەوە بە قوڵی وانە پسپۆڕییەکان دەخوێنرێت وەکوو میکانیکی بڕەکان و فیزیای هاوچەرخ، وانە ئەلیکترۆنی و کارەباییەکان، هەروەها لەم بەشە وانەکان زۆر پەیوەستن بە بیرکارییەوە بەتایبەتی بابەتەکانی تەواوکاری و داتاشراوەکان و زانستی جەبر.

لە دوای تەواوکردنی ماوەی خوێندن دەرچووی ئەم بەشە بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستدەهێنێت، پاشان دەتوانێت پلەی خوێندنی باڵا (ماجستێر و دکتۆرا) بەدەستبهێنێت و پەرە بە خوێندنەکەی بدات. 

جۆر و پسپۆڕییەکانی فیزیا 

فیزیای ئەتۆمی Atomic Physics: لەم پسپۆڕییەدا خوێندکار ئاشنا دەکرێت بە پێکهاتەی ئەتۆمی و فیزیا کارلێکە ئەتۆمییەکان.

فیزیای زیندەزانی Biophysics: بریتییە لە جێبەجێکردنی بابەتە فیزیایەکان لە سەر زانستی زیندەزانی، هەروەها بایەخدان بە تیشك و کاریگەرییەکانی لەسەر زیندەوەران.

فیزیای دۆخی ڕەقی Condensed matter Physics: پەیوەستە بە خوێندنی سیفات و تایبەتمەندی دۆخی ماددە ڕەقەکان وەکوو سیفاتی کارەبایی و گەرمی و گەیاندنی گەرمی ماددەکان. 

فیزیای ئەستێرەناسی Astrophysics: ئەم پسپۆڕییە باس لە تایبەتمەندی و سیفاتی فیزیایی گەردوون دەکات، وەکوو پلەی گەرمی و چڕی و پێکهاتە و کارلێکەکانی پەیوەست بە ئەستێرە و هەسارەکان و خاڵی ڕەش و وزەی خۆر. 

فیزیای گەردوونناسی Cosmology: گرنگیدانە بە درووستبوونی گەردوون و گەشەسەندنی و داهاتووی گەردوون، پەیوەست کردنی گەردوون بە زانستەکانی فیزیای ئەستێرەناسی.

فیزیای تیۆری Theoretical Physics: پەیوەستە بە تیۆرییە سەرەکییەکانی فیزیاوە، بەشێکی زۆر ئاڵۆزە، بریتییە لە شیکارکردن و ڕاڤەکردنی دیاردە فیزیاویەکان، گرنگترین تیۆرییەکانی ئەم بوارە ئەوانەی  ئەلبێرت ئەنیشتاین و ستیڤن هۆکینگن. 

فیزیای هاوچەرخ/ سەردەم Modern Physics: نموونەی میکانیکی بڕەکان و ڕێژەییەکان کە زۆربەی دیاردە فیزیاویەکانیان چارەسەر کردووە.

فیزیای کارۆموگناتیسی Electromagnetism: لەم بەشەدا موگناتیس و کارەبا بە وردی دەخوێنرێت. 

سیفات و تایبەتمەندیی خوێندنی زانستی فیزیا 

- لێهاتوویی لە وانە زانستییەکان، بەتایبەتی فیزیا و بیرکاری.
- زانینی یاسا و تیۆرییە سەرەکییەکانی فیزیا.
- توانای شیکارکردن و تێگەیشتنی فراوان بێت بەتایبەتی لە هاوکێشە بیرکاریە ئاڵۆزەکان.
- توانای مامەڵەکردن و بەکارهێنانی هەبێت لە چەند ئامێرێکی ورد کە بەکاردەهێنرێت لە تاقیگەکان.
- بە توانا بێت لە زمانی ئینگلیزی، چونکە خوێندنی ئەم بەشە بە زمانی ئینگلیزییە.
- وردکار و گرنگیدان بە وردەکارییەکان.
- چونکە خوێندنی ئەم بەشە ورد و ئاڵۆزە و قورسە بۆیە پێویستی بە پشو درێژی و ئارامی هەیە. 

بوارەکانی کارکردن 

بوارەکانی کارکردن سنوردار نییە، دەرچووی ئەم بەشە بەهۆی بەتوانایی لە فیزیا و بیرکاریدا دەتوانێت لە بواری هەمەچەشن کاربکات، دەتوانێت لە کەرتی تایبەت و حکومی بەپێی لێهاتوویی و کارامەیی لە بوارەکەدا دەستبەکار بێت.

- کەرتی پەروەردە: دەرچووی بەشی فیزیا دەتوانێت لە کەرتی پەروەردە وەکوو مامۆستا وانە بڵێتەوە.
- بواری ئەکادیمی: دەرچووی فیزیا دەتوانێت وەکوو بەڕێوبەر یان یارمەتیدەرە یاخود توێژەر لە زانکۆ و سەنتەری توێژینەوەکان دەستبەکار بێت.
- کەرتی تەندروستی: دەرچووی فیزیا توانای مامەڵەکردن و بەکارهێنانی ئامێرە پزیشکییەکانی هەیە، وەکوو ئامێری تیشك و ئامێری وێنەگرتنی لەرەلەری موگناتیسی، هەروەها زۆربەی ئامرازە پێویستیەکانی تاقیگە و تیشك پێویستیان بە پسپۆڕی فیزیا هەیە، دەتوانرێت لە نەخۆشخانەکاندا دەستبەکار بێت.
- بوارە ئەلیکترۆنییەکان: هەموو کۆمپانیا و کارگەکان پێویستیان بە بەرەوپێشبردن و چاککردن و چاودێریکردنی ئامێرە کارەبایی و ئەلیکترۆنییەکانیان هەیە، دەرچووی فیزیا دەتوانێت لەو بوارەدا دەستبەکار دەبێت. 

گرنگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت


سەرچاوەکان



8918 بینین