پەردەی سەراو و شلەی سەراو

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-03-14:12:00 - کۆدی بابەت: 5731
پەردەی سەراو و شلەی سەراو

ناوه‌ڕۆك

پەردەی سەراو و شلەی سەراو چیین؟

پەردەی سەراو هەر ئەو پەردەیەیە کە شلەی سەراوی تێدایە و شلەکە دەپارێزێت، و زۆرینەی خانمان ئەوە دەزانن کە کاتی منداڵبوون ئەم پەردەیە لەلایەن پزیشکەوە دەتەقێنرێت و ئەمەش سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەی منداڵبوونە.

شلەی سەراو شلەیەکی مەیلە و زەردە و لەناو پەردەی سەراودایە کە منداڵەکە لەناو منداڵداندا بە شێداری دەهێڵێتەوە، منداڵەکە لە پەردەی سەراودا گەشە دەکات و بەو شلەیە شێدار دەبێتەوە کاتێک کە فێردەبێت ئەندامەکانی جەستەی بجوڵێنێت و چاوەکانی بکاتەوە و هەناسە بدات.

ڕێژەی شلەی سەراو بەگشتی لە دەوری ٨٠٠ میلیلیتردایە و لە زۆربەی کاتدا دادەبەزێت بۆ ٦٠٠ میلیلیتر کاتێک کە خانمەکە سکەکەی دەگاتە ٤٠ هەفتەیی.

فەرمانی پەردەی سەراو چییە؟

  • تا منداڵەکە لەدایک دەبێت پلەی گەرمی لەشی دەپارێزێت و خودی منداڵەکەش دەپارێزێت.
  • منداڵەکە و وێڵاش و ناوکە پەتک دەپارێزێت لە هەر پەستانێکی توند کە دەدات لە سکی دایکەکە.
  • یارمەتی جوڵە و گەشەی منداڵەکە دەدات.
  • ڕۆڵێکی کەمی هەیە لە پێدانی خۆراک بە منداڵەکە و هەناسە و سییەکانی منداڵەکە.
  • ڕۆڵی هەیە لە ڕوبەڕووبوونەوەی نەخۆشیدا. 
  • یارمەتی ملی منداڵدان دەدات کاتی منداڵبوون. 
  • یارمەتی گەشەی گورچیلەکانی منداڵەکە دەدات و منداڵ میز دەکاتە ناو شلەکەوە.
  • یارمەتی گەشەی ماسولکەکانی منداڵەکە دەدات.

ڕۆڵی شلەی ناو پەردەی سەراو چییە؟

پەردەی سەراو خێرا دوای پیتاندن پڕ دەبێت لە شلە، هەندێک کات لە دوو هەفتەی سەرەتای دووگیانیدا بڕی شلەکە بەهەمان ئەندازەی گەشەی منداڵەکە زیاد دەکات، و دواتر لە نزیکی ٣٨ هەفتەی دووگیانیدا کەم دەبێتەوە، پێش یاخود کاتی منداڵبوون پەردەکە دەتەقێت و شلەکەی ناوی دێتە دەرەوە.

زیانەکان و کاریگەری لاوەکی تەقینی پەردەی سەراو چییە؟ 

کەمی ڕێژەی شلەی سەراو کە بە کەمبوونەوەی شلەی سەراو (oligohydramnios) ناسراوە، لەوانەیە نیشانەیەک بێت بۆ تەقینی پەردەکە، کە بە هۆی بوونی کێشە لە  وێڵاشدا یاخود ناتەواوی منداڵەکە دروست دەبێت.

بڕی زۆری شلەی سەراو دەرخەری یەکێک لەم دوو حاڵەتەیە، شەکرەی کاتی دووگیانی یاخود کێشە زگماکیەکانی منداڵ.

نیشانەکانی تەقینی پەردەی سەراو

نیشانەکانی هاتنە دەرەوەی شلەیەکە لە زێدا، بۆ ئەوەی جیایی بکەیتەوە کە ئایا ئەمە شلەی پەردەی سەراوە یاخود میز ئەوا بۆنی بکە، ئەگەر بۆنی وەک بۆنی ئەمۆنیا (ماددەیەکی کیمیایی)ـیە بێت کەواتە میزە، بەڵام ئەگەر تا ڕادەیەک بۆنەکەی شیرین بێت ئەوا شلەی پەردەی سەراوە و دەبێت زوو سەدانی پزیشک بکەیت و بخرێیتە ژێر چاودێرییەوە.

ئەو هۆکارانە چین کە دەبنە هۆی تەقینی پەردەی سەراو

هۆکاری تەقینی پێش وەختەی پەردەی سەراو

  • هەوکردنەکانی منداڵدان و ملی منداڵدان و زێ
  • کێشی زیاد لە پێویستی پەردەی سەراو
  • جگەرەکێشان
  • پێشینەی نەشتەرگەری یاخود نموونە وەرگرتن (Biopsy)ـی ملی منداڵدان 
  • پێشینەی تەقینی پێش وەختەی پەردەی سەراو لە دووگیانی پێشوویدا

ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە کەمبوونەوەی شلەی ناو پەردەی سەراو

ئەگەر کێشەی بچوکی زگماکی بوونی هەبێت، لەوانەیە پزیشک بۆ بەدواداچوونی شلەی سەراو و بۆ کێشەکانی کرۆمۆسۆم یاخود کێشەکانی زگماکی بەشێک لە شلەی سەراو دەربهێنێت و پشکنینی بۆ بکات، کە تێیدا لە ڕێگەی دەرزییەکی درێژەوە کە دەکرێت بە سکی خانمەکەدا کە پەردەی سەراو دەدڕێت و دەچێتە ناوەوە و بە ئەندازەی دوو کەوچکی سوپ شلە دەربهێنێت.

تێبینی: ئەوەی کە دەڵێن مەلە کردن و یاخود خۆشۆردنی زۆر لە ماوەی دووگیانیدا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاو بچێتە ناو منداڵدان و بەکتریا بچێتە ناو شلەی پەردەی سەراوەوە، تەواو هەڵەیە و هیچ بنەمایەکی زانستی نییە، ئاو ناچێتە ناو زێوە لە کاتی مەلکردن و خۆشۆردندا.


سەرچاوەکان

3971 بینین