شاسوار عەبدولواحید

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-09-22:47:00 - کۆدی بابەت: 5816
شاسوار عەبدولواحید

ناوه‌ڕۆك

شاسوار کێیە؟

شاسوار عەبدولواحید قادر ئیبراهیم لە بەرواری ٢/١٢/١٩٧٩ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، دامەزرێنەر و خاوەنی کۆمپانیای نالیا و دیجیتاڵ میدیای نالیایە، لە ١١/٥/٢٠١٧ وەک سەرۆکی فەخری یانەی سلێمانی و سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەکە دیاریکرا.

لەدایکبوون ٢/١٢/١٩٧٩
پیشە سیاسەتمەدار - بازرگان
بڕوانامە بەکالریۆس لە ئەندازیاری
حیزب جوڵانەوەی نەوەی نوێ
کارەکان گوندی ئەڵمانی - چاڤی لاند - دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی - دامەزراندنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ
هاوسەر شۆخان
منداڵەکان ٣ منداڵ

ژیان

شاسوار عەبدولواحید لە ساڵی ١٩٧٩ لەگەڕەکی تووی مەلیکی شاری سلێمانی لەدایکبووە، ھەر بەمنداڵی باوکی هەموو بەیانییەک کاتژمێر ٧ لەگەڵ خۆی بردوویەتی بۆ کەبابخانەکەی، تاوەکو تەمەنی گەیشتە ١٠–١١ ساڵی لە بەرەبەیانەوە کاری دەکرد.

لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا، لە دوکانەکەی باوکی دێتە دەرەوە و دوکانێکی یاری ئەلیکترۆنی دادەنێت، ھەرچەندە باوکی حەزی کردووە لەگەڵیدا بەردەوام بێت، بەڵام شاسوار حەزی کردووە کارێکی دیکە بکات.

لە ساڵی ١٩٩٥ کاتێک لە پۆلی پێنجەمی زانستی بووە، بڕیاریداوە واز لە خوێندن بھێنێت و خۆی تەرخان بکات بۆ کارکردن و خەریکی کاری بازرگانی بووە لە نێوان بەغدا و سلێمانی، لە سەردەمی قات و قڕی و جەنگی ناوخۆ لە دەیەی نەوەدەکان لە هەرێمی کوردستان.

دوای ئەوەی بڕیار دەدات ھەموو سەرمایەکەی بخاتە بازرگانییەکەوە، دەست بەسەر شتومەکەکەیدا دەگیرێت و و مایەپووچ دەبێت، دواتر دەست بە کارکردن دەکاتەوە.

پاش چوار ساڵ دابڕان لە خوێندن، لە ساڵی ١٩٩٨ دەگەڕێتەوە بۆ خوێندن و کاریشی کردووە لەگەڵیدا، بە کۆنمرەی ٦٤٣ لە پۆلی شەشی ئامادەیی بڕیووە و لە ساڵی خوێندنی ٢٠٠٠ - ٢٠٠١ لە بەشی ئەندازیاری بیناسازی زانکۆی سلێمانی وەردەگیرێت، بەڵام بڕیاردەدات کۆچ بکات بۆ ئەڵمانیا و لەدوای ٤٠ ڕۆژ مانەوە لەو وڵاتە مۆڵەتی نیشتەجێبوونی پێدەدرێت.

لە مانگی هەشتەمی ساڵی ٢٠٠١ دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

لەدوای هاتنەوەی

لە ساڵی ٢٠٠١ - ٢٠٠٢ دەست دەکاتەوە بە خوێندن لە زانکۆی سلێمانی و یەکێک دەبێت لە خوێندکارە پلەبەرزەکان و لە کۆتا ساڵدا بە پلەی پێنجەم کۆتایی بە قۆناغی زانکۆ دەهێنێت و بڕوانامەی بەکالریۆس وەردەگرێت.

لە ساڵی ٢٠٠٢ دەبێتە خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی خوێندنی لیبراڵ کە لەلایەن کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆوە دەردەچێت، و یەکەمین کاری وەک ئەندازیارێک کارکردنیەتی بۆ کۆمپانیای بەرزی بۆ بەڵێندەرایەتی گشتی-سنووردار و بۆ ماوەی ساڵێک لەوێ دەبێت، دواتر دەڕواتە هەولێر کاری بەڵێندەرایەتی بچووک دەکات بۆ کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون و لەوێوە بیرۆکەی درووستکردنی گوندی ئەڵمانی بۆ دێت لە شاری سلێمانی.

درووستکردنی ئێن ئاڕ تی

لە ساڵی ٢٠١٠ شاسوار عەبدولواحید لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆژنامەوانی کوردستان بیرۆکەی درووستکردنی یەکەمین کەناڵی کوردی سەربەخۆی پێشکەش دەکرێت و ئەویش پەسەندی دەکات و تێچووەکەی لە ئەستۆ دەگرێت.

لە ژێر درووشمی (ڕاستگۆیی، هاوسەنگی، بوێری) کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە ١٧/٢/٢٠١١ دەست دەکات بە پەخش و بە ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شووبات یەکەمین گەشتی هەواڵەکانی دەست پێدەکات، بەڵام لە دوای دوو ڕۆژ لە کارکردنی هەڕەشەی وەستاندنی لێدەکرێت، لە ١٩/٢/٢٠١١ کۆمەڵێک چەکدار کە ژمارەیان نزیکەی ٥٠ کەس دەبێت هێرش دەکەنە سەر بارەگای کەناڵی ئێن ئاڕ تی و دەیسووتێنن و سەرجەم ئامێرەکانی دەشکێنن، بەمەش پەخشی کەناڵەکە دەوەستێت هەتاوەکو ٢٢/٤/٢٠١١ و دوای نۆژەنکردنەوەی کەناڵەکە.

پڕۆژەی چاڤی لاند

یەکێکە لە پڕۆژەکانی شاسوار عەبدولواحید، چاڤی لاند لەسەر ڕووبەری (380 دۆنم) زەوی لە بناری شاخی گۆیژە دروستكراوە، ئەم پڕۆژەیە لە بەرواری (2010/8/1) دەستكرا بە كاركردن تیایدا و لە بەرواری (2013/5/1) کۆتایی هات، بووە یەكێك لە ناوازەترین و گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری لە ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەوەی ئەم پڕۆژەیە لە زۆربەی پڕۆژەكانی تر جیادەكاتەوە كە تا ئێستا لە ناوچەكەدا هەیە، كۆمەڵێك تایبەتمەندیە كە پێكەوە ناوازەیی پڕۆژەكە دەردەخەن، وەک: گەورەی ڕووبەری پڕۆژەكە و شوێنی جوگرافی و جوانی دیزاین و جۆراوجۆریی بەشەكانی پڕۆژەكە، كە زۆربەی ئەو مەیدان و بوارە گەشتیارییانە دەگرێتە خۆی كە لە دونیای گەشتیاری هاوچەرخدا باوە و تا ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی دراوسێ نەكراوە.

پڕۆژەی چاڤی لاند بایەخێكی گەشتیاری بەهێزی لە پاڵ بایەخە كلتوری و مرۆییەكەی بۆ شاری سلێمانی دروستكردووە و گرنگی ئابووری بەهێزی هەیە بۆ شاری سلێمانی هەم لەسەر ئاستی كوردستان هەم لەسەر ئاستی عێراقیشدا، هەروەك هۆكارێكیشە بۆ ڕاكێشانی گەشتیارێكی زۆر لە سەرجەم ناوچەكانی كوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچەكە بۆ شاری سلێمانی و دواتریش بۆ كوردستان لە ڕێگەی دروستكردنی گروپی گەشتیاری.

هەوڵی تیرۆری شاسوار

دوای دوو ساڵ لە سووتاندنی کەناڵەکەی، لە بەرواری ٢٦/١٠/٢٠١٣ هەوڵی کوشتنی شاسوار عەبدولواحید دەدرێت بەڵام سەرکەوتوو نابێت و فیشەک بەر قاچی دەکەوێت و بریندار دەبێت و هێشتاش تاوانبارەکان نەدراونەتە دادگا.

کاری سیاسی

لە سەرووبەندی هەڵمەتی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن مەسعوود بارزانییەوە، شاسوار عەبدولواحید وەک یەکەمین کەس و تاکە کەس دەنگی نەخێری بەرزکردەوە و وتی با دوابخرێت بۆ دوو ساڵی دیکە و لەبەرئەوەش کەمپەینی (نەخێر لە ئێستادا)ـی ڕاگەیاند، بەڵام دەنگێکی کەمی هێنا.

دواتر لە ٢٥/١/٢٠١٨ جوڵانەوەی نەوەی نوێی ڕاگەیاند وەک حیزبێکی سیاسی کوردی و لە ٢٩/١/٢٠١٨ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هاوپەیمانێتی لەگەڵ تەڤگەری ئازادی و بەرەی دیموکراسیدا ڕاگەیاند بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و کوردستان و لە هەڵبژاردنی عێراق توانی ببێتە خاوەن ٤ کورسی و لە پەرلەمانی کوردستان بوو بە خاوەنی ٨ کورسی.

کارەکانی شاسوار

لەو ساتەوەی وەک ئۆپۆزسیۆن خۆی ناساندووە لە چەند شوێنێک کە حکوومەت نەیتوانیوە خزمەتگوزاری پێشکەش بکات ئەو دەستپێشخەری کردووە و کارەکەی ئەنجامداوە، وەک دانانی بەنزینخانەی تایبەت بە نرخێکی ئاسایی لە کاتێک نرخی بەنزین بەرزبووبوویەوە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢١، هەروەها گەیاندنی ئاو بۆ ماڵەکانی شاری هەولێر لە هەمان لە کاتێک بەهۆی کێشەی بێ ئاوییەوە دەیانناڵاند، هەروەها پاککردنەوەی خاشاکەکانی شاری کەرکووک لە ڕێی تیمێکی پاکژکەرەوەوە.


سەرچاوەکان



938 بینین