واتای ناوی شاری کەلار

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-24-14:38:00 - کۆدی بابەت: 6018
واتای ناوی شاری کەلار

ناوه‌ڕۆك

وشەی کەلار

کەلار یەکێکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و پێگەیەکی ئابووری و کشتوکاڵی بەهێزە و بە گەرما زۆرەکەی ناسراوە، دەربارەی ناوی ئەم شارە چەندین بۆچوونی جیاواز هەیە کە لە کتێب و ڕۆژنامەکانەوە وەرگیراون.

واتاکان

بنەچەى كەلار لە ( كەلا – ڕێ )ـەوە هاتووە كە واتای گوندێكى دابڕاو و دوور لە ڕێگەى سەرەكييەوە دەدات، ئەم ڕێگايەى كە ئێستا هەيە كاتى خۆى نەبووە، چونكە پێشتر ئەم گوندە ڕێگەى سەرەكى تيادا نەبووە و هەموو پەيوەنديەكى لە ڕێگەى خۆڵەوە بووە كە دەيبەستێت بە جەلەولا و ناوەندى قەزاى كفریيەوە.

یان دەڵێن كەلار لە ( كەڵ – يار )ـەوە هاتووە، واتە نيشتيمانى ئاسك، چونكە تاكو ئێستا ئاسك لە ناوچەكەدا دەژى، و ناوچەكەش شانازى پێوە دەكات، ئەم ڕايەش نزيكە لە ڕاستيەوە چونكە بەناوبانگ بووە بە لانەى ئاسك و بزنە كێوى و کەڵەکێوی.

هەندێکیش دەڵێن بنەچەى ناوەكە دەگەڕێتەوە بۆ (كەڵات) كە ماناكەى قەڵا و قوولەيە، و دەگەڕێتەوە بۆ قەڵاى شێروانە كە نزيكە لێيەوە.

بە عەرەبی: واتای وشەى كەلار لە زمانى عەرەبيدا دەچێتە سەر ووشەى (الخربة) بە واتاى كەلاوە یان وێرانە دێت كە ئەمەش ئاماژەيە بۆ كاول بوون و وێرانە بوونى ئەم ناوچەيە لە چەند سەردەمێكدا، كەواتە دەردەكەوێت كە پێشتر ئەم دێيە هەبووە و ڕووخاوە و دواتر لەسەر دەستى عەشيرەتى جاف نۆژەن كراوەتەوە و لە عێراق شيمالدا هەمان دەستەواژە پشت ڕاست كراوەتەوە.

ڕايەكى تر كە دەڵێ ئەو بنەماڵەيەى كە كەلاريان ئاوەدان كردۆتەوە، لە عەشيرەتى (گێژ)ـن و لە كوردستانى ئێرانەوە كۆچيان كردووە بۆ گەرميان، بە تايبەت لە ناوچەكانى دەوروبەرى كرماشان و تاوەكوو ئێستا بە شێوەزارى كەلهوڕى ئاخاوتن دەكەن و سەدان ساڵە تێكەڵى خێڵەكانى گەرميان بوون، ئەم بنەماڵەيە لە زێدى ڕەسەنياندا نيشتەجێى گوندى (كەلار دەشت) بوون يان لێوەى نزيك بوون بۆيە ئەم ناوەيان بەسەردا بڕیووە، وەك شانازيەك يان خۆشەويستيیەك بۆ زێدى پێشوويان.


سەرچاوەکان



1860 بینین