شێوازەکان و چۆنیەتی پێداچوونەوەی قورئانی پیرۆز

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-29-04:18:00 - کۆدی بابەت: 6085
شێوازەکان و چۆنیەتی پێداچوونەوەی قورئانی پیرۆز

ناوه‌ڕۆك

پێداچوونەوەی قورئانی پیرۆز

زۆر شێواز و ڕێگا هەیە بۆ پێداچوونەوەی قورئانی پیرۆز, لێرەدا باس لە چەند شێوازێک دەکەین لە پێداچوونەوەی قورئانی پیرۆز, ئەگەر تۆ سەرقاڵی قورئان لەبەرکردنیت و هێشتای تەواو نەبووی لە لەبەرکردنی هەموو قورئان, ئەوا پێویستە پێداچوونەوەکەت بەم شێوەیە بێت:-

  • ئەگەر (1 بۆ 10) جوزئت لەبەرە ئەوا پێویستە بەلایەنی کەمەوە لە ماوەی هەفتەیەکدا پێداچوونەوەی بکەیت, واتە هەموو هەفتەیەک جارێک خەتمێکی ئەوە دەکەیت کە لەبەرتە.
  • ئەگەر (10 بۆ 15)  جوزئت لەبەرە ئەوا پێویستە بەلایەنی کەمەوە لە ماوەی دوو هەفتەدا پێداچوونەوەی بکەیت, واتە هەموو دوو هەفتەیەک جارێک خەتمێکی ئەوە دەکەیت کە لەبەرتە.
  • ئەگەر(15 بۆ 20) جوزئت لەبەرە ئەوا پێویستە بەلایەنی کەمەوە لە ماوەی سێ هەفتەدا پێداچوونەوەی بکەیت, واتە هەموو سێ هەفتەیەک جارێک خەتمێکی ئەوە دەکەیت کە لەبەرتە.
  • ئەگەر(20 بۆ 30) جوزئت لەبەرە ئەوا پێویستە بەلایەنی کەمەوە لە ماوەی چوار هەفتەدا پێداچوونەوەی بکەیت, واتە هەموو چوار هەفتەیەک جارێک خەتمێکی ئەوە دەکەیت کە لەبەرتە.

جۆرەکانی پێداچوونەوەی قورئانی پیرۆز

دەتوانین بڵێین بە گشتی دوو جۆر پێداچووەنەوەمان هەیە, پێداچوونەوەی تاکی, پێداچوونەوەی بە کۆمەڵ. هەردوو جۆری پێداچوونەوەکە بەکاردێت بۆ هەموو کەسێک, واتە هەرچەندت لەبەر بێت ئەوا دەتوانی سوود لەم دوو جۆرە پێداچوونەوەیە وەربگریت.

پێداچوونەوەی تاکی

ئەویش ئەوەیە کە بۆ خۆت پێداچوونەوەی قورئان دەکەیتەوە و تێیدا دەنگێکی مامناوەند بەکار دەهێنیت بۆ ئەوەی قوڕگت زۆر ماندوو نەبێت و بتوانیت کاتێکی زۆر لە خزمەت قورئاندا بیت, لە پێداچوونەوەدا شێوازی خوێندنی (حدر) بەکاردەهێنین, باشە ئایا ئەو کەسەی کە پێداچوونەوەی قورئان دەکات پێویستە بە چەند ڕۆژ تەواوی بکات, زۆر ڕێگە هەیە, لەوانە:

- پێداچوونەوەی 3 جوزء ڕۆژانە, کە ئەمەش پێی دەڵێن (ختمة ترکیزیة), واتە خەتمێکی بە تەرکیزەوە. کە بە ماوەی 10 ڕۆژ خەتمێکی قورئان دەکەیت.

- پێداچوونەوەی 5 جوزء ڕۆژانە بۆ ئەوەی بە 6 ڕۆژ تەواوی بکەیت.

- پێداچوونەوەی 6 جوزء ڕۆژانە بۆ ئەوەی بە ماوەی 5 ڕۆژ خەتمێکی قورئان بکەیت.

- دەتوانیت ڕێگەی تسبیع القرآن بەکار بهێنێت کە ئەویش ئەوەیە بە ماوەی هەفتەیەک پێداچوونەوە بۆ هەموو قورئان بکەیت، ئەم ڕێگەیە بەم دێڕە هۆنراوەیەدا کۆکراوەتەوە: بكرٌ عقودٌ يونسُ سبحانا، الشعرا يقطينُ ق بانا، پێشی دەوترێت ڕێگەی (فمی بشوق), بەم ڕێگەیە لەبەرکاری قورئان بە ماوەی حەوت ڕۆژ پێداچوونەوە بۆ هەموو قورئان دەکات, وەک لە هۆنراوەکە ئاماژەی پێدرا ڕۆژی یەکەم لە (بِکر) ـەوە بۆ (عقود), واتە لە فاتیحەوە بۆ سورەتی عوقود کە سورەتی مائیدەیە, ڕۆژی دواتر لە (عقود) ـەوە بۆ (یونس), لە سورەتی مائیدەوە بۆ سورەتی یونس, ڕۆژی دواتر لە (یونس) ـەوە بۆ (سبحانا), لە سورەتی یونسەوە بۆ سورەتی الإسراء, پاشان ڕۆژی دوای ئەوە لە (سبحان)ـەوە بۆ (الشعراء), لە سورەتی الإسراء ـەوە بۆ سورەتی الشعراء, پاشان لە (الشعراء)ـەوە بۆ (یقطین) واتە لە سورەتی الشعراء ـەوە بۆ سورەتی الصافات کە وشەی (یقطین) ـی تێدا هاتووە, پاشان لە (یقطین) ـەوە بۆ (ق), یانی لە سورەتی الصافاتەوە بۆ سورەتی قاف, پاشان لە سورەتی قافەوە بۆ کۆتایی قورئان, ئەمەش وەک ڕاڤەکردنێک بوو بۆ هۆنراوەکە, بەم شێوە لەبەرکاری قورئان لە ماوەی حەوت ڕۆژدا پێداچوونەوەی هەموو قورئانی بەجێهێنا.

- پێداچوونەوەی 1 جوزء ڕۆژانە بۆ ئەوەی کە بە ماوەی 30 ڕۆژ خەتمێکی قورئان بکەیت, ئەم ڕێگەیە لای زانایان بە (مذهب الكسالى) ناسراوە. واتە ڕێگە و شێوازی تەممەڵەکان, هەتا بۆت دەکرێت ڕێگەکانی تر بەکار بهێنە.

پێداچوونەوەی دووانی یا بە کۆمەڵ

ئەم شێوازەش چەند جۆرێکی هەیە, لەوانە:

- وتنی پێداچوونەوەکە بۆ مامۆستاکەت ڕۆژانە: ئەم ڕێگەیە زۆر باشە, بەڵام لەوە دەچێت کاتێکی زۆر لە مامۆستاکەت بگرێت, هەروەها بۆ ئەوەی کە خۆت بتوانیت لەسەر پێی خۆت بوەستیت و خۆت پێداچوونەوە ئەنجام بدەیت وا باشترە کەمتر ئەم ڕێگەیە بەکار بهێنیت, بەڵام هەرکاتێک بەشێکی نوێ لە قورئانت لەبەرکرد ئەوا ئەوکات هەمووی بە جوانی بۆ مامۆستاکەت بڵێ.

- پێداچوونەوەی دووانی: ئەویش ئەوەیە کە دوو کەس پێکەوە ڕێک دەکەون لەسەر ئەوەی فڵان ڕۆژ یەکتر دەبینن و پێکەوە سورەتێک یا جوزئێک یا هەر چەندێکی تر کە خۆیان لەسەری ڕێک دەکەون پێداچوونەوە دەکەنەوە ئەو ڕۆژە, شێوازەکەش بەو جۆرەیە کە یەکێکیان سەرەتا دەست پێدەکات و لاپەڕەی یەکەمی سورەتەکە یا جوزئەکە بۆ ئەوی تریان دەڵێت, وە پێویستە هیچ هەڵەیەک لەو لاپەڕەیە نەکات, گەر هەڵەی تێدا کرد ئەوە ناچێتە سەر لاپەڕەی داهاتوو تا ئەو لاپەڕە بەبێ هەڵە بۆ بەرامبەرەکەی دەڵێت, پاشان کەسی دووەم لاپەڕەی دووەم بۆ کەسی یەکەم دەڵێت بەهەمان شێوەی لاپەڕەی یەکەم.

- پێداچوونەوەی سێ سورەت لە یەک کاتدا: کە ئەم ڕێگەیەش لە هەندێک شوێن پەیڕەو دەکرێت ئەویش ئەوەیە کە کەسێک لەیەک کاتدا سێ سورەت لە قورئان پێداچوونەوە دەکات, بۆ نموونە سورەتی النبأ و النازعات و عبس, یەکەم ئایەت لە سورەتی النبأ دەڵێت پاشان یەکەم ئایەت لە سورەتی النازعات پاشان یەکەم ئایەت لە سورەتی عبس ـە, پاشان دەگەڕێتەوە و دووەم ئایەت لە سورەتی النبأ دەڵێت و پاشان دەچێت بۆ دووەم ئایەتی سورەتی النازعات و عبس, وە بەو شێوەیە، دکتۆر یەحیا الغوثانی دەفەرموێت: "هەرچەندە تەرکیزی ئەو کەسە بەهێز دەکات, بەڵام وا باشترە کە بەکار نەهێنرێت, تەنها وەکو زانست بزانرێت و باس بکرێت".

- شێوازی پێداچوونەوەی بازنەیی: کە ئەمەش بە پێداچوونەوەی (سۆمالی) بەناوبانگە, ئەویش لەبەر ئەوەی کە سۆماڵیەکان ئەم ڕێگەیان دۆزیوەتەوە و بەکاریانن هێناوە, ئەویش ئەوەیە کە دوو دوو یا سێ سێ یا چوار چوار یا زیاتر بازنەیەک دروست دەکەن و پێکەوە پێداچوونەوەی بەشێکی دیاریکراو لە قورئان دەکەنەوە، شێوازەکەش ئایەت ئایەتە, واتە هەر یەکەیان و ئایەتێک دەڵێت, بۆ نموونە چوار کەسن, کەسی یەکەمیان ئایەتی یەکەم دەڵێت, کەسی دووەم ئایەتی دووەم, کەسی سێیەم ئایەتی دوای ئەوە, وە بەو شێوە بازنەکە دەخولێتەوە, وە هەر یەکێکیان کە هەڵەی لە ئایەتێکدا کرد ئەوا یەکێکی تریان بۆی ڕاست دەکاتەوە.


سەرچاوەکان



1414 بینین