قورئان خوێندن لە ڕەمەزان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-24-16:57:00 - کۆدی بابەت: 12293
قورئان خوێندن لە ڕەمەزان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قورئان خوێندن لە ڕەمەزان، خوێندنی قورئان لە ڕەمەزان یان خەتمکردنی قورئان لە ڕەمەزان (بە عەرەبی: قراءة القران في رمضان، بە ئینگلیزی: Read the Qoran in Ramadan) مانگی ڕەمەزان مانگی دابەزینی قورئانە و لە شەوی قەدر لە ڕەمەزان کە پیرۆزترین شەوە قورئان دابەزیوە. زۆرێک لە موسڵمانان لەم مانگەدا گرنگی بە خوێندنی قورئان دەدەن، خوێندنی قورئان بە شێوەیەکی دروست و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە تەفسیرەکەی چاکە و پاداشتی زۆری لەسەرە.

لە ڕۆژی دواییدا ڕۆژوو و قورئان شەفاعەتکارن بۆ بەندەکانی خوا. پێویستە ئامانجی سەرەکی خوێندنی قورئان تەنها ژماردنی خەتمەکان و خوێندنەوەیەکی خێرای ئاسایی نەبێت، بەڵکو تێگەشتن و گرنگیدان بە واتاکەی زۆرگرنگە.

پاداشت و فەزڵی قورئانخوێندن لە ڕەمەزاندا

ڕۆژوو و قورئان خوێندن لە ڕۆژی دوایی شەفاعەتکاری بەندەکانی خوان، پێغەمبەر فەرموویەتی: (الصيام والقرآن يشفعان للعبد يوم القيامة، يقول الصيام: أي رب، منعته الطعام والشهوات بالنهار فشفعني فيه، ويقول القرآن: منعته النوم بالليل فشفعني فيه قال: فيشفعان)، لە واتای ئەم فەرموودەیە ڕوون دەبێتەوە کە ڕۆژوو و قورئان لە ڕۆژی دواییدا شەفاعەت بۆ بەندەکان دەکەن.

قورئان خویندن لە ڕەمەزان دەتپاریزیت لە غەیبەتکردن و بەفیڕۆدانی کات.

لە شەوی بیستی ڕەمەزانەوە شەوانی قەدر دەست پیدەکات کە دەرفەتیکی زۆر باشە بۆ ئەوەی قورئان بخوێنیت. پێغەمبەر فەرموویەتی (خَيْرُكُمْ مَنْ تَعَلَّمَ القُرآنَ وَعَلَّمَهُ)، واتا باشترینتان ئەوانەن کە فێری قورئان بووە و ئەوانی تریش فێری قورئان دەکات، بۆیە قۆرئان خوێندن و فێرکردنی کەسانی تریش پاداشتی زۆری هەیە.

خەتمکردنی قورئان چۆنە و واتای دابەشکردنەکانی قورئان چییە؟

قورئانی پیرۆز ٣٠ جوزئە و هەر جوزئێک نزیکەی ٢٠ لاپەڕەیە و کۆی تەواوی لاپەڕەکانی قورئان ٦۰٤ لاپەڕەیە، بە خوێندنی هەر سی جوزئەکە و خوێندنەوەی هەموو قورئان واتا خەتمەیەکت کردووە، سەرەتای هەر خەتمەیەک لە سوورەتی (الفاتحة) دەست پێدەکات تاکوو دەگاتە کۆتا سوورەت کە سوورەتی (الناس)ـە. هەر جوزئێکی قورئان لە دوو حیزب پێکهاتووە و هەر حیزبێکیش لە چوار چارەگ پێکدێت و کۆی گشتی حیزبەکان ٦۰ حیزبە.

شێوەکانی قورئان خوێندن لە ڕەمەزان

خوێندن بۆ دەسکەوتنی پاداشت و خەتمەکردن

زۆرێک لە موسڵمانان ئەم جۆرە خوێندنەوەی قورئان دەخوێنن لە ڕەمەزاندا و لە مانگەگە هەوڵدەدەن چەند خەتمەیەک بکەن، واتا بەبێ گرنگیدانی زۆر بە خوێندنەوەی تەفسیر یان واتاکەی قورئان دەخوێننەوە، بە پشتبەستن بەم فەرموودەیەی پێغەمبەر (من قرأ حرفاً من كتاب الله فله به حسنة، والحسنة بعشر أمثالها، لا أقول ألم حرف ولكن ألف حرف ولام حرف وميم حرف.) لە واتای ئەم فەرموودەیە ڕوون دەبێتەوە کە بە ئەندازەی خوێندنەوەی هەر پیتێک لە قورئانی پیرۆز چاکە و پاداشتت بۆ دەنووسرێت.

خوێندنەوە و ڕامان لە قورئان

واتا گرنگیدان بە واتای ئایەتەکان و خوێندنەوەی تەفسیری قورئان و ڕامان لە واتا و ئایەتەکان، لەم جۆرە خوێندنەوەیە زۆر گرنگی نادرێت بە خەتمەکردن.

لەبەرکردن و پێداچوونەوەی قورئان

هەندێک کەس گرنگی بە لەبەرکردنی قورئان دەدەن و هەوڵدەدەن لە ڕەمەزان چەند بەشێکی دیاریکراوی قورئان لەبەر بکەن. بەم جۆرە گرنگی بە لەبەرکردنی قورئان و پێداچوونەوەیان دەدەن و چەند سوورەتێک لەبەردەکەن.

چۆن خەتمی قورئان لە ڕەمەزان دەکرێت؟

لە سەرەتای ڕەمەزان ئامانجێک دیاری بکە کە مەبەستت لە خوێندنەوەی قورئان لە ڕەمەزان چییە، یان دەتەوێت چەند خەتمەی قورئان بکەیت، کاتەکانت دابەش بکە و تا دەتوانیت لە کاتە پیرۆزەکان قورئان بخوێنە وەک کاتی دوای نوێژی بەیانی و پێش خۆرهەڵاتن، کاتی پیش بانگی مەغریب و پێش بەربانگ، شەوان دوای نوێژی تەراویح یان پێش پارشێوان و پێش نوێژی بەیانی. هەروەها خۆئامادەکردن بۆ پێش ڕەمەزان بە خوێندنی چەند لاپەڕەیەکی ڕۆژانە هاوکارت دەبێت کە لە ڕەمەزان بە ئاسانی لە قورئان خوێندن ڕابێیت و دوای ڕەمەزانیش بەردەوام بیت.

لە ڕەمەزاندا چۆن چەند خەتمەیەک دەکرێت؟

ئەنجامدانی یەک خەتمەی قورئان

  • ئەگەر دەتەویت یەک خەتمەیەک بکەیت لە ڕەمەزاندا ڕۆژی جوزئێک قورئان بخوێنە. 
  • هەر جوزئێکی قورئان ٢٠ لاپەڕەیە، ئەم ٢٠ لاپەڕەیە دابەش بکە سەر پێنج بەش و لە پێنج کاتی جیاواز لە ڕۆژەکەت چوار لاپەڕەی قورئان بخوێنە.
  • دەتوانیت دوای هەر نوێژێک چوار لاپەڕە قورئان بخوێنیت بەم شێوەیە لە ڕۆژەکەت ٢٠ لاپەڕە قورئان واتا جوزئێک دەخوێنیت و تاکوو سییەم ڕۆژی ڕەمەزان خەتمەیەک دەکەیت.

ئەنجامدانی دوو خەتمەی قورئان

  • ئەگەر دەتەوێت لە مانگی ڕەمەزاندا دوو خەتمەی قورئان بکەیت ئەوە هەموو ڕۆژێک دوو جوزئی قورئان بخوێنە.
  • دوو جوزئی قورئان ٤۰ لاپەڕەیە، ئەم ٤۰ لاپەڕەیە دابەش بکە سەر چوار بەش و لە چوار کاتی جیاواز لە ڕۆژەکەت هەر جارێک دە لاپەڕە قورئان بخوێنە.
  • دەتوانیت ٤۰ لاپەڕەکە دابەش بکەیتە سەر پێنج بەش و لە دوای هەر نوێژێک هەشت لاپەڕە قورئان بخوێنیت، گرنگ ئەوەیە لە ڕۆژەکەتدا چل لاپەڕە قورئان بخوێنیت و بەم جۆرە تا کۆتایی مانگەکە دووجار قورئان خەتم دەکرێت.

ئەنجامدانی سێ خەتمەی قورئان

  • ئەگەر دەتەویت سێ خەتمەی قورئان بکەیت ئەوە لە ڕەمەزاندا ڕۆژی سێ جوزئی قورئان بخوێنە. 
  • بە تەرخانکردنی یەک کاتژمێر و نیوی ڕۆژانە دەتوانیت سێ جار قورئان خەتم بکەیت، هەر جوزئێک ٢٠ لاپەڕەیە و لە نیو کاتژمێری یەکەمی ڕۆژەکەت ٢٠ لاپەڕە بخوێنە، لە نیو کاتژمێری نیوەڕۆ ٢٠ لاپەڕەی تر و پاشان لە نیو کاتژمێری شەو ٢٠ لاپەڕەی کۆتایی بخوێنە بەم جۆرە سێ جار قورئان خەتم دەکرێت.

ئەنجامدانی چوار خەتمەی قورئان

موسڵمان دەتوانێت چوار جار لە ڕەمەزان قورئان خەتم بکات ئەویش هەر حەوت ڕۆژ جارێک خەتمێک تەواو بکات، پیاوچاکان ئەم ڕێگەیەیان بەکارهێناوە و لە ڕۆژی یەکەم سێ سوورەتی سەرەتای قورئان دەخوێندرێت، پاشان لە ڕۆژی دووەم پێنج سوورەتی دواتر دەخوێندرێت، پاشان لە ڕۆژی سێیەم حەوت سوورەتی دواتر دەخوێندرێت، لە ڕۆژی چوارەم نۆ سوورەتی دواتر دەخوێندرێت، لە ڕۆژی پێنجەم ١١ سوورەتی دواتر دەخوێندرێت، لە ڕۆژی شەشەم ١٣ سوورەتی دواتر دەخوێندرێت، لە ڕۆژی حەوتەم لە سوورەتی (ق) تاکوو کۆتایی سوورەتی (الناس) دەخوێندرێت و کۆتایی بە خەتمەی قورئان دەهێنن. ئەم پرۆسەیە چوار جار دووبارە دەکرێتەوە و بەپشت بەستن بە ژمارەی سوورەتەکانی قورئان خەتمەکان دەکرێت.

ئەنجامدانی دە خەتمەی قورئان

بۆ ئەنجامدانی دە خەتمە موسڵمان دەتوانێت هەر سێ ڕۆژ جارێک خەتمێکی قورئان بکات، بەو مەرجەی پێنج کاتی جیاواز لە ڕۆژەکەی بۆ خوێندنی قورئان تەرخان بکات. واتا هەر ڕۆژێک نۆ جوزئی قورئان بخوێنێت و بەو جۆرە هەر سێ ڕۆژ جارێک خەتمەیەک دەکات.


سەرچاوەکان



140 بینین