بەشی زیندەزانی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-08-02-15:01:00 - کۆدی بابەت: 6146
بەشی زیندەزانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زیندەزانی یان بایۆلۆجی (بە عەرەبی: علم الأحياء، بە ئینگلیزی: Biology) بەشێکە لە کۆلێژی زانست، یەکێک لە گرنگترین زانستەکانی سەردەم، ئەم بەشە پەیوەستە بە خوێندنی تایبەتمەندی و سیفاتی زیندەوەران چەشنی مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەك و ڤایرۆس و بەکتریا و هەموو زیندەوەرە میکرۆسکۆپییەکان (Microorganisms: ئەو زیندەوەرانەی کە بە چاو نابینرێت) بە وردی و درووستی. ئامانجی خوێندن لەم بەشە ئاشناکردنی خوێندکارە بە سروشتی زیندەوەران و شێوازی ژیانکردن و چۆنیەتی گەشەکردن و نەخۆشییەکانیان و شێوازی چارەسەرکردنیان. 

جیاوازی نێوان بەشی زانستی بایۆلۆجی و شیکاری نەخۆشییەکان

زانستی بایۆلۆجی بەشێکی فراوان و گشتییە بەشێکە لە کۆلێژی زانست هەموو سیفات و تایبەتمەندی زیندەوەران (مرۆڤ و ڕووەك و ئاژەڵ) بە وردی دەخوێنرێت بواری کارکردنی فراوانترە و سنوردار نییە.

بەشی شیکاری یەکێکە لە بەشەکانی زانکۆ پۆلەتەکنیکییەکان و خوێندن تێیدا تایبەتە بە تەندروستی مرۆڤ، بواری کارکردنی تەنها لە تاقیگەکانە. 

قۆناغەکانی خوێندنی ئەم بەشە

خوێندنی ئەم بەشە بۆ ماوەی چوار ساڵە، بە زمانی ئینگلیزییە، خوێندکار لە دوای تەواوکردنی ماوەی خوێندن بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەست دەهێنێت، هەروەها دەتوانیت لە ڕێگەی خوێندنی پلەی باڵاوە (بەکالۆریۆس و دکتۆرا) تایبەتمەندیی زیاتر لەم بوارەدا بەدەستبهێنیت.

پسپۆڕیی و لقەکانی ئەم بەشە

کیمیای زیندەزانی Biochemistry: کیمیای زیندەزانی بریتییە لە خوێندنی هەموو کردارە کیمیاوییەکانی پەیوەست بە زیندەوەران.

زانستی ڕووەکی Botany: لەم پسپۆرییەدا زانستی ڕووەك و کشتوکاڵی بە وردی دەخوێنرێت.

زانستی زیندەزانی گەردیلەیی Molecular Biology: پەیوەستە بە خوێندنی کارلێکە ئاڵۆزەکانی نێوان گەردیلە زیندووەکان نێو زیندەوەران.

زانستی ژینگەیی Ecology: بریتییە لەو زانستەی کە پەیوەستە بە خوێندنی چۆنێتی کارلێکی زیندەوەران لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریان، هەروەها بایەخ بە خوێندنی تایبەتمەندی و سیفاتی ژینگەی زیندەوەران دەدات.

زانستی زیندەزانی خانەیی Cellular Biology: ئەم زانستە بایەخ و گرنگی دەدات بە خانە کە یەکەی بنچینەی سەرەکییە لە زیندەوەران.

زانستی فەرمانەکانی ئەندامەکانی لەش Physiology: ئەم زانستە پەیوەستە بە خوێندنی ئەندامەکان لە لەشی زیندەوەران، و دیاریکردن و خوێندنی فەرمان و ئەرکی هەر ئەندامێکی جەستە.

زانستی ئاژەڵناسی Zoology: پەیوەستە بە خوێندنی تایبەتمەندیەکانی ئاژەڵان. 

زانستی بۆماوەیی Genetics: ئەم زانستە پەیوەستە بە خوێندن و لێکۆڵینەوە لە جینات و بۆماوەییەوە.

گرنگترین مەرج و سیفاتی خوێندکاری بەشی زیندەزانی

- بەتوانایی لە وانە زانستییەکانی وەکوو زیندەزانی و کیمیا و فیزیا.
- لێهاتوویی لە زمانی ئینگلیزیدا چونکە خوێندنی ئەم بەشە بە زمانی ئینگلیزییە و زاراوەی ئینگلیزی زۆرە.
- توانای مامەڵەکردنی هەبێت لەگەڵ چەند ئامێرێکی ورد و ئاڵۆز وەکوو مایکرۆسکۆپ و ئامێرە گرنگەکانی تر کە پێویستن بۆ ئەم بەشە و بەکاردەهێنرێت لە تاقیگەکان لە کاتی تاقیکردنەوە و توێژینەوەکاندا.
- بوونی جورئەت و نەترسان لە کاری توێکاری لەسەر ئاژەڵان.
- وردکار و گرنگیدان بە وردەکارییەکان.
- توانای تێگەیشتن و شیکارکردنی باشبێت. 

بوارەکانی کارکردن

بواری کارکردن لەم بەشە زۆر و هەمەجۆرن، داواکاری زۆری لەسەرە، داهات و مووچەی تا ڕادەیەك پەسەند و باشە، لە کەرتی تایبەت و حکومی دەتوانیت کاری بکەیت:

- دەتوانن لە کەرتی تەندروستی لە بەشەکانی وەکوو شیکاریی، پزیشکی داد و توێکاری کاربکەن.
- دەتوانن وەکوو توێژەری بایۆلۆجی لە تاقیگەی توێژینەوە زانستییەکان دەستبەکار بن.
- لە کەرتی پەروەردە دەتوانن وەکوو مامۆستای زیندەزانی لە خوێندنگەکان دەستبەکار بن.
- لە کەرتی کشتوکاڵی و ژینگەییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە و دەتوانن بە لێهاتوویی و دانایی خۆیان بەپێی پسپۆڕییەکەیان لەو بەشانەیش دەستبەکار بن.

گرنگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت


سەرچاوەکان



5527 بینین