کۆلێژی هونەرە جوانەکان 

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-08-12-23:42:00 - کۆدی بابەت: 6275
کۆلێژی هونەرە جوانەکان 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆلێژی هونەرە جوانەکان شوێنێکی تایبەت و گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی کە  بەهرەیەکی هونەرییان هەیە، لەم کۆلێژە بایەخ بە خوێندنی هونەر دەدرێت بە شێوازیکی ئەکادیمی و زانستی، شێوازی خوێندنی چێژ بەخشە، بوارێکی زۆر فراوانە بۆ داهێنانی هونەری.

خوێندکارانی دەرچوانی بەشی وێژەیی و زانستی وەردەگرن و هەروەها خوێندکارانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانیش وەردەگرن. 

پسپۆڕی و بەشە سەرەکییەکانی کۆلێژی هونەرە جوانەکان

بەشی میوزیك

بەشێکی سەرەکییە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان، وانەکانی بە پێی ستانداردی جیهانییە، پەیوەستە بە خوێندن و فێربوونی ئامێرە میوزیکییە هەمەجۆرەکان و دەنگ و تۆنی میوزیك، بەگشتی وانەکانی پەیوەستە بە پسپۆڕی میوزیك، گرنگترین وانەکانی بریتییە لە هارمۆنی (تەرانە و زمانی مۆسیقا)، تیۆرییەکانی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی میوزیك، بنەماکانی ڕابەری میوزیک، شارەزا بوون لە میوزیکی گەلان، ستاتیکای هونەر بە واتای فەلسەفەی جوانی هونەر دەخوێنرێت.

گرنگی بە فێربوونی ئامێرە سەرەکییەکانی میوزیک دەدرێت وەکوو پیانۆ و کەمانچە و ساز و تشێللۆ و عود و ئامێرە فوودارەکان و چەندان ئامێری تر.

بەشی شێوەکاری

بەشێکی سەرەکییە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان ڕۆڵێکی گرنگی هەیەلە بوارە هونەرییەکاندا، وانەکانی ئەم بەشە بەگشتی سیرامیك و دیزاین و وێنەکێشان و پەیکەرتاشی و هێڵکاری و ڕەنگە، و زیاتر وانەکان کردارەکیین.

بەشی سینەما و شانۆ (فیلمسازی)

بەشێکی هونەرییە، لەسەر بنەمایەکی ئەکادیمی هونەری و زانستی قوتابیان فێری هونەری دراما و شانۆ و سینەما دەکات، وانە و بابەتە سەرەکییەکانی بە گشتی بریتیین لە نوسینی شانۆیی و سیناریۆی سینەمایی، دەرهێنانی سینەمایی و شانۆیی، کاری وێنەگرتن و مۆنتاژ، تەکنیکی هونەری وەکوو جل و بەرگ و ڕووناکی و دیکۆر و ئارایشت و میوزیك و کارە تەکنیکییەکان، بابەتەکانی دۆبلاژ و درامای تەلەفزیۆنی و دەرهێنان، فەلسەفە و مێژوو و ئەدەبی سینەما و شانۆ، چەندان وانەی تر، وانەکانی بەشێوەی تیۆری و کردارەکی دەخوێندرێت.

قۆناغەکانی خوێندن

ماوەی خوێندن لەم بەشە بۆ ماوەی چوار ساڵە، خوێندن بە زمانی کوردی و ئینگلیزی و عەرەبییە بە پێی بەشەکان.
خوێندکار لە دوای تەواوکردنی ماوەی خوێندن دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، پاشان دەتوانێت خوێندنی پلەی باڵا (ماجستێر و دکتۆرا) بەدەستبهێنێت، 
کە دواتر وەکوو ئەکادیمی دادەمەزرێن لە کۆلێژ و زانکۆکان.

مەرج و تایبەتمەندی خوێندکارانی ئەم بەشە

- بوونی بەهرە و توانایی لە بوارە هونەرییە جیاوازەکانی وەکوو وێنەکێشان و دەنگخۆشی و زانینی ئامێرەکانی میوزیك.
- بوونی حەز و خولیا بۆ ئەم کۆلێژە ڕۆڵی گرنگی هەیە لە سەرکەوتنی خوێندکار.
- بوێری و جورئەت.
- خوێندنەوە و بەردەوامی لە گرنگیدان بە زانستە هونەرییەکانی سەردەم.

بوارەکانی کارکردن

بواری کارکردن هەمەچەشنە، دەرچووی ئەم کۆلێژە دەتوانێت بە لێهاتوویی و کارامەیی خۆی لە چەندان بواردا کاربکات، ئەمانە چەند نموونەیەکی بوارەکانی کارکردنن:

- دەرچووی ئەم کۆلێژە دەتوانێت وەکوو مامۆستای هونەر و میوزیک لە خوێندنگەکان دەستبەکار بێت.
- دەرچووی ئەم بەشە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕاگەیاندنەکاندا، بەتایبەتی لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکاندا، دەتوانێت وەکوو تەکنیک کار و دەرهێنەری بەرنامە هونەرییەکان و مونتێر دەستبەکار بێت.
- دەکرێت دەرچوانی ئەم بەشە لە بواری سینەما و شانۆ و دراما وەکوو ئەکتەر و دەرهێنەر و نوسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی کاربکەن. 
- دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت لە کۆمپانیاکانی ڕیکلام و دروستکردنی ڕیکلام دەستبەکار بێت.

گرنگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت


سەرچاوەکان



3238 بینین