سەعید نوورسی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-08-14-14:08:00 - کۆدی بابەت: 6299
سەعید نوورسی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتای گەورەبوونی و ژیانی زانستی سەعیدی نوورسی

سەعیدی نوورسی ناسراو بە بديع الزمان "زانای سەردەم"، زانای ئیسلامی ناوداری کورد لە دایکبووی ساڵی 1876، لە گوندی نوورسی سەر بە شارۆچکەی ئیسپارتە لە شاری بەدلیسی باکووری کوردستان، لە وڵاتی تورکیا چاوی بەدونیا هەڵهێناوە، چوارەمین منداڵی خانەوادەکەی بووە، هەر لە منداڵییەوە خولیای زانست و زانیین بووە لە سەرەتادا لە لای برا گەورەکەی دەستی بە خوێندن کردووە، زیرەکی و توانای لەبەرکردنی لە ڕادەبەدەر بووە، ڕۆژانە چەندان کاتژمێر کتێبی خوێندووەتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا بە باشی لەبەریکردووە، جگە لە زانستی ئاینی لە زانستەکانی سەردەمیش چەشنی کیمیا و فیزیا و بیرکاری و زیندەزانی و جوگرافی و گەردووناسی و چەندان زانستی تر شارەزایی هەبووە.

بەهۆی لێهاتوویی و زانایی لە ئاینی ئیسلام و تێگەیشتنی لە بابەتە قورس و ئاڵۆزەکان و شیکردنەوەی بە ئاسانی و کارامەیی لە لەبەرکردن و خوێندنەوەی کتێب نازناوی (بەدیعوزەمان)ـیان لێناوە.

قۆناغەکانی ژیانی نوورسی 

ژیانی سەعیدی نوورسی بەپێی وتەکانی خۆی بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە ژیانی بە سێ پلە دیاریکردووە، سەعیدی کۆن، سەعیدی نوێ، سەعیدی سێیەم، بەشی هەرەزۆری پەیامەکانی نووری لە سەردەمی سەعیدی نوێدا نووسیوە، سەعید نوورسی بە کورتی سەبارەت بە جیاوازی نێوان سەعیدی کۆن و سەعیدی نوێ دەڵێت سەعیدی کۆن زیاتر بە پێی مێشك مامەڵەی دەکرد، بەڵام سەعیدی نوێ بایەخ بە مێشک و دڵیش دەدات.

هەروەها لە سەردەمی سەعیدی کۆندا زیاتر لە ڕێگەی سیاسەتەوە بانگەوازی بۆ ئیسلام دەکرد و داکۆکی لێدەکرد، بەڵام لە سەردەمی دواتر وازی لە سیاسەت هێناوە، خۆی تەرخان کردووە بۆ کاری نووسین و خواپەرستی، شایانی باسە لە ژیانیدا بە هۆی ڕێبازەکەی و داکۆکیکردن لە ئیسلام چەندان جار ڕووبەڕووی دەربەدەری و زیندانی و  بووەتەوە، بە چەندان شێوە بەرهەڵستی کراوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەت.

ساڵی ١٩٦٠ لە شاری ئورفا کۆچی دوایی کردووە لە گۆڕستانی خلیل الرحمن نێژراوە، بەڵام دواتر لەلایەن حکومەتەوە گۆڕەکەی تێکدراو برا بۆ شوێنێکی نادیار تا ئێستا شوێنی گۆڕەکەی نادیارە و ونە. 

بەرهەمەکانی سەعیدی نوورسی

بەرهەمەکانی بە زمانی تورکی دەنوسی بە بەکارهێنانی پیتی عەرەبی، پەیامەکانی نوور لە بەربڵاوترین بەرهەمەکانین و تا ئێستا هەزاران چاپی لێکراوە و بۆ چەندان زمان وەرگێڕانی بۆ کراوە، پەیامەکانی نوور ڕاڤەکردن و تەفسیری قورئانه، لە ناوازەترین و بەهێزترین کتێبەکانی دوونیان ڕێک لەگەڵ دڵ و ژیریدا دەدوێت و ئیمانی تەحقیقی دەچەسپێنێت لەدڵدا.

سەرجەم پەیامەکانی نوور لە لایەن (دکتۆر ئیحسان قاسم ساڵحی) وەرگێڕانی زمانی عەرەبی بۆ کراوە، هەروەها لە لایەن فارووق ڕەسووڵ یەحیا وەرگێڕانی زمانی کوردی بۆ کراوە.

  • پەیامەکانی نوور
  • وتەکان
  • مەکتووبات 
  • پاشەبەندەکان
  • تیشکەکان
  • تەلیسمەکان
  • عەسای موسا
  • زولفەقار
  • سراجی نوور
  • موحاکەمات
  • مونازەرات
  • موعجیزاتی ئەحمەدی 
  • نموونەیەك لە پەیامەکانی نوور
  • وتەکان
  • نوێژ: لە ناوەڕۆکیدا بریتییه لە تەسبیحات و بە گەورە ڕاگرتن و ستایش نواندن بەرامبەر بە خودای گەورە واتە: پیرۆز ڕاگرتنی خوای گەورە بە کردار و گوفتار بەرامبەر گەورەیی و شکۆمەندی (جلال) ی ئەو بە وتنی "سبحان الله " هەروەها ڕێز لێ گرتنی بە ڕەفتار و کردار بەرامبەر کەماڵ (کمال) ی ئەو بە وتنی: "الله اکبر "، هەروەها ستایش کردنی بە کردەوە و دڵ و زمان و لەش بەرامبەر جوانی( جمال ) ی ئەو بە وتنی "الحمدلله". 
  • بریسکەکان لاپەڕە 472: ستوون و پشتیوانی بەرەکەتی هەر ماڵێك تەنها ئەو پیرانەن کە تیایدا دەژین. هەر ئەو پیرە نوێژ پاکانەن کە ماڵیان ئاوەدان کردووەتەوە، دەبن بەهۆی پاراستنی ماڵەکانیان لە هەموو بەڵا و گیر و گرفتێك. 
  • پاشبەندەکان لاپەڕە 80: ھەرگیز سێوێکی گەنیو زیان لە باخەکەی نادات و  دراوێکی ساختە و قەڵبیش لە ناو گەنجینەیەکدا نرخی گەنجینەکە ناشکێنێت، جا لەبەر ئەوەی خراپە بە یەك دانە و چاکەش بە دەھێندەی خۆی دادەنرێت، ئەوا ویژدان داخوازی ئەوەیە کە دەبێت سافی و خاوێنی دڵەکان ھەرگیز بەرامبەر کردەوە چاکەکان لێڵ نەکرێت و ڕەخنەیان لێ نەگیرێت، گەر گوناھێك یان ھەڵەیەك لە خاوەنی ئەو کردەوە چاکانەوە بینرا.


سەرچاوەکان



2681 بینین