مەترسییەکانی نەشتەرگەری بەرزکردنی باڵا

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-24-20:47:00 - کۆدی بابەت: 6395
مەترسییەکانی نەشتەرگەری بەرزکردنی باڵا

ناوه‌ڕۆك

درێژی باڵای سروشتی

ئێستا و لەم سەردەمی تەکنەلۆجیا و پێشکەوتنە زانستیانەدا ئاسان تێبینی ئەوە دەکرێت کە کەسانێکی زۆر لە درێژییان ڕازی نین و ئاوات دەخوازن کە کەمێک درێژی باڵایان زیاتر بوایە، هیوایان لەسەر نەشتەرگەرییەکانی بەرزکردنی باڵا هەڵچنیوە بێ گوێدان و سڵکردنەوە لە مەترسییەکانی بەرزکردنی باڵا بە نەشتەرگەری، بەڵام لە بەدبەختی زۆربەی ئەوانەی گەیشتوونە بە تەمەنی پێگەیشتن هەڵبژاردەکانی بەردەست زۆر نین بۆ زیادکردنی باڵا، چونکە لە پاش تەمەنی ١٨ ساڵی زۆربەی هەوڵەکانی بەرزکردنی باڵا شکست چارەنوسییانە و سەرکەوتوو نابن، تەنانەت لەگەڵ ئەنجامدانی راهینانە وەرزشییەکانیش، چونکە دریژی باڵا فرەفاکتەرە و چەندین کارتێکەر هاوبەشی دەکەن تێیدا، لەوانەش: خۆراکپێدان و ئەنجامدانی وەرزش و هەندێک بارودۆخ و حاڵەتی تایبەت بە کەسەکە و ڕەگەزەکەی، بەڵام بە شێوەیەکی بنەڕەتی کارتێکەرە بۆماوەییەکان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە کۆنترۆڵکردنی بابەتی درێژی تاکەکانی خێزانەکە، چونکە گەورەترین کارتێکەری دیاریکەری شێوەی جەستەی مرۆڤ بۆماوەکەیەتی.

مەترسییەکانی نەشتەرگەری بەرزکردنی باڵا

لە میانەی ئەنجامدانی ئەو هەموو نەشتەرگەرییەی ئێستا ئەنجام دەدرێن بۆ درێژکردنی باڵا پێویستە خەڵکی ئاگاداری مەترسییەکانی ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە بن، دریژکردنی ئێسک یان باڵا کردارێکی نەشتەرگەرییە کە پێویستی بە وردبینی زۆرە، هەروەها پێویستی بە گرنگیپێدان و هاوکاری بەردەوامی نەخۆش هەیە لەگەڵ پزیشکەکەدا، هەروەها دەکرێت بوترێت نەبوونی پێوەری هاوبەش بۆ دیاریکردنی مەترسییەکانی نەشتەرگەری بەرزکردنی باڵا بۆیە پۆلێنکردن و دیاریکردنی مەترسییەکان و ئەو لێکەوتانەی دەکرێت ڕووبدەن قورس دەبێت، بەڵام لەم کۆتاییانەدا دەرکەوتووە کە زۆربەی تێکچوون و کێشەکان لەو شانانەدا ڕوویان داوە کە نەشتەرگەری درێژکردنەکەی تێدا ئەنجام دراوە، هەروەها چەند تێکچوون و کێشەیەکی تر لە جومگەکاندا ڕوویداوە، بەڵام ئەوانی تر لە ئێسک و شانە ڕەقەکاندا ڕوویانداوە، بەڵام بڵاوترین کێشەکان کە تێبینییان کراوە بریتین لە ڕەقبوونی جومگەکان و لەجێچوونی پەلەکان، وێڕای ئەوەی هەندێکی تر لە نەخۆشەکان بەدەست لێبوونەوە و شکانی جومگەوە دەناڵێنن.

هۆکارەکانی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەرزکردنی باڵا

هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە یان دەگەڕێنەوە بۆ حەزی کەسەکە خۆی بۆ زیادبوونی باڵای، یان بەهۆی نەخۆشییەک یان کێشەیەک دەبێت کە بووەتە هۆی نزمی باڵاکە بە شێوەیەکی ناسروشتی و لەم حاڵەتەشدا کەسەکە بێ حسێبکردن بۆ مەترسییەکان پەنا دەباتە بەر ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەرزکردنی باڵا، وەکوو ئەو کەسانەی توشبووی نەخۆشییەکن کە پێی دەوترێت کورتەباڵایی، کە ئەویش حاڵەتێکە بەوە دەناسرێت کە کەسێکی توشبوو لە تەمەنی پێگەیشتندا دریژییەکەی چوار پێ (١,٢٢م)ـیان کەمترە، ئەویش بەهۆی حاڵەتێکی تەندروستی یان بۆماوەیی، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک پیناسەی تر هەن کە وەسفی کورتەباڵایی دەکەن بەوەی کەسەکە لە ٥ پێ کەمترە، بەڵام ناوەندی کەسی توشبوو بە کورتەباڵایی چوار پێ(١,٢٢م)ـە، هۆکارەکانی کورتەباڵاییش ڕەنگە پەیوەندی بە ٢٠٠ کارتێکەرەوە هەبێت، کە خۆی دەبینێتەوە لە تێکچوونەکانی زیندەچالاکی و هۆڕمۆنی وەکوو کەمی هۆڕمۆنی گەشە کە هۆڕمۆنی بەرپرسە لە گەشە.

کورتەباڵایی پۆلین دەکرێت بۆ دوو جۆری سەرەکی: کە ئەوانیش کورتەباڵایی نەگونجاو و گونجاون، کە لە کورتەباڵایی نەگونجاودا قەد قەبارەیی مامناوەندە و پەلەکان کورتن، یان قەد کورتە و پەلەکان درێژن، لە کورتەباڵایی گونجاویشدا بەشەکانی جەستە گونجاو دەبن بەڵام کورتن.


سەرچاوەکان



1678 بینین