هەوکردنی سییەکان

له‌لایه‌ن: - ڕآبەر محەمەد - به‌روار: 2021-08-26-12:15:00 - کۆدی بابەت: 6409
هەوکردنی سییەکان

ناوه‌ڕۆك

هەوکردنی سییەکان چییە؟

بریتییە لە هەوکردنی سییەکان لە ئاستی ناوەند بۆ قورس کە وادەکات چوون بۆ نەخۆشخانە بکات بە کارێکی پێویست لە کاتی توشبووندا، نەخۆشیەکە کاتێک کە ڕوودەدات ژوورە بچووکەکانی سییەکان هەودەکەن و دەئاوسێن و پڕدەبن لە ماددەی شل و کێم "چڵک"، ئەم نەخۆشیە دەتوانێت هەموو کەسێک تووشبکات، بەڵام منداڵانی تازە لەدایکبووی خوار تەمەنی ٢ ساڵی و ئەو کەسانەی سەروو ٦٥ ساڵن  ئەگەری توشبوونیان بەم جۆرە نەخۆشیە زیاترە.

لەوانەیە هەوکردنەکە تووشی یەکێک لە سییەکان یاخود هەردوو سییەکە ببێت و ڕەنگە کەسی تووشبوو هەست بە تووشبوونەکە نەکات، پزیشکان بەم جۆرەی نەخۆشییەکە دەڵێن "ڕێکردنە هەوکردنی سییەکان"، هۆکارەکانی تووشبوون بەکتریا و ڤایرۆس و کەڕوو دەگرێتەخۆ، نەخۆشیەکە توانای گواستنەوەی هەیە ئەگەر هۆکارەکە بەکتریا یان ڤایرۆس بوو، وەکو جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحول هۆکارن بۆ تووشبوون بە هەوکردنی سییەکان.

نیشانەکانی هەوکردنی سییەکان

نیشانەکان دەگۆڕێن بەپێی هۆکاری تووشبوونەکە و تەمەن و تەندروستی کەسی تووشبوو، دیارترین نیشانەکانی نەخۆشیەکە:  

- ئازاری سنگ لە کاتی هەناسەدان و کۆکە.
- کۆکەی بەڵغەماوی.
- ماندوێتی و نەبوونی ئارەزووی خواردن.
- لەرز و تا و ئارەقکردنەوە.
- سکچوون و ڕشانەوە و دڵتێکچوون.
- هەناسەکورتی.

هاوتا لەگەڵ ئەم نیشانانە کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی بەرگری لەشیان لاوازە لەوانەیە ئاگایی دەروونیان بگۆڕێت و پلەی گەرمی لەشیان لە کەسانی ئاسایی کەمتر بێت، منداڵانی تازە لەدایکبووی تووشبوو بەم نەخۆشییە بە زۆری نیشانەی هەوکردنیان تێدا دەرناکەوێت بەڵام لەوانەیە ڕشانەوە و تا و کۆکەیان هەبێت و ماندوو دەربکەون.

لێکەوتەکانی نەخۆشیەکە

- بڵاوبوونەوەی بەکتریا لە خوێندا کە دەبێتە هۆی  لەکارکەوتنی ئەندامەکان.
- کێشەی هەناسەدان کە وادەکات نەخۆشەکە پێویستی بە ئامێری هەناسەدان بێت .
- کۆبوونەوەی شلە لەنێوان ئەو دوو چینە شانەیەی کە ناوپۆشی سییەکان و قەفەسەی سنگی کردووە، بەهەمان شێوە ئەم شلەیەش هەندێک جار هەودەکات.
- دروستبوونی دوومەڵ لەناو یان دەوروبەری سییەکان.

چارەسەر

ئەگەر هۆکاری تووشبوونەکە بەکتریا بوو ئەوا دژەبەکتریا چارەسەرە، دەبێت تەواوی ڕێنماییەکانی پزیشک جێبەجێ بکرێت و دەرمانی پێویست وەربگیرێت تەنانەت لەحاڵەتی هەستکردن بە باشبوونیشدا بەڵام ئەگەر هۆکارەکە ڤایرۆس بوو ئەوا دژەبەکتریا سوودی نیە و پێویست دەکات پشوو بدرێت و بڕێکی باش شلەمەنی بخورێتەوە و دەرمانی پێویست بۆ "تا"ـکە وەربگیرێت، باشبوونەوەی تەواوەتی لە هەوکردنی سییەکان کاتێکی باشی دەوێت و لەوانەیە کاتی پشووەکان تێکبدات و هەستکردن بە ماندوێتی بهێڵێتەوە بەنزیکەیی بۆماوەی مانگێک.


سەرچاوەکان



3481 بینین